|
جەنگی ئاو |
نوسهر: مەحمود عەبدوڵا
|
Sunday, May 24, 2015 |
جەنگی ئاو باوکی جەنگەکان دەبێت، ئەو جەنگە جەنگێکی ئاینی، مەزهەبی، ئایدۆلۆژی، فراوانخوازی نابێت، بەڵکو جەنگێکە شەرعیەت لە تێنوێتی وەردەگرێت، ئەو جەنگە هێزەکەی سەد بەرامبەری هێزەکانی تر دەبێت بۆ رشتنی خوێنی ئەوانی تر. جەنگێک کە تیایدا مرۆڤەکان لەپێناو مانەوەدا شەڕدەکەن بە ویژدانێکی ئاسودەوە، وەک چۆن پڵنگێک ئاسکێک قوت دەدات و هیچ مەسەلەیەکی ئەخلاقیش لەگۆڕێنییە! چونکە ئەگەر بۆ جەنگەکانی رابردو بەدیلێک هەبوبێت، کە لەسەر بەدەستهێنانی خاک، نەوت بوبێتن، ئەوا شەڕی ئاو شەڕێکە رێگەی دوەمی نییە، بەنمونە ئەگەر نەوت تەواو ببێت، ئەوا ئەتوانرێ سود لەسەرچاوەیەکی تر وەربگیرێت، وەک وزەی خۆر، بەڵام کەمبونی ئاو سەرچاوەیەکە بەدیلی نییە.
ئەگەرچی ئاو زیاتر ٧٠ %ی گۆی زەوی داپۆشیوە، بەڵام٩٧ %ی ئاوی دەریاو زەریاکانە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت و ٣ %ی بۆ خواردنەوە دەشێ و سازگارە دیسان ئەم رێژە سازگارەش بەشێوەیەکی یەکسان دابەش نەبوە، بۆیە ئەو وڵاتانەی کە رێژەیەکی کەمئاوی سازگاریان هەیە، دەبێ پارەیەکی زۆر خەرج بکەن بۆ دەستخستنی ئاوی سازگار و پاککردنەوەی لە ئاوی سوێر.
لەئێستادا بەهۆی کەم ئاوی، یان نەبونی ئاوی خاوێن لەهەردەقیقەیەکدا -٧- کەس دەمرن، ئەمە بە پێی ئاماری (سندوقی گەشە پێدانی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان)، ١٨%ی دانیشتوانی جیهان ئاوی خاوێنیان دەستناکەوێت و پێشبینی دەکەن بۆ ساڵی ( ٢٠٢٥ ) رێژەکە بەرزببێتەوە بۆ لەسەدا سی و سێ، واتە یەک لەسەرسێی دانیشتوانی جیهان.
بۆیە شارەزایان دەڵێن "سەدەی بیست و یەک سەدەی ئاو دەبێت" و ئاو وەک بزوێنەری جەنگ بەخێرایی جێگای نەوت دەگرێتەوە. ئێستا جیهان لەلێواری جەنگی ئاودایە، وەلێ جەنگی ئاو جەنگێکی پەنهانە و زۆربەی کێشمەکێش و ئاڵۆزییەکان لەنێوان دەوڵەتان پەیوەندی بەدەست بەسەرداگرتی سەرچاوەکانی ئاوەوە هەیەو لەپەنجا ساڵی رابردو ٣٠٠ حاڵەتی گرژی لەنێوان دەوڵەتان رویداوە.
لەهەمانکاتدا سەدەی بیست و یەک سەدەی بەنداویشە، وڵاتان لە پێشبڕکێیەکی مەزندان بۆ دەستگرتن بەسەر ئاوی روبارەکاندا و ئەمەش دەبێتە هۆی رودانی جەنگی ئاو.
بۆچی دەڵێێن سەدەی دروستکردنی بەنداوەگەورەکان دەبێت؟ چونکە ئەو بەنداوانە کە بەرزییان لە ١٥م زیاترە تائێستا (٤٠٠٠٠) بەنداوی گەورە دروستکراوە لەجیهاندا، بەڵام لەئێستادا ٤٥٠٠٠هەزار سەد لەجیهاندا پڕۆژەی پێشنیارکراون و یاخود کاریان تێدادەکرێت و لەپەنجاساڵی رابردودا ٨٠ ملیۆن کەس بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکان گوندەکانیان چٶڵکردوە. لەگەڵ کەمتر بونی ئاو کێشمەکێشەکان زیاتر دەبن و دەمامکی شەڕی ئاو لادەدرێت .
لەئێستادا لەکیشوەری ئاسیادا هەریەکە لە وڵاتانی(چین، نیپاڵ، هیند، بەنگلادش) کێشەیان لەنێواندایە لەسەر دەستگرتن بەسەر ئاوی ئەوڕو بارانەی لە چیای (هیمالای)ە سەرچاوەدەگرن.
لەئەفریقا کێشەی دەستگرتن بە سەر سەچاوەکانی ئاودا لەنێوان (كینیا، سومال، نیجیریا، مالی، چاد)دا هەیە.
کێشەی کەمبونی ئاو، بەتایبەت ئاوی خاوێن کێشەیەکی جیهانییە، نەک تەنها پەیوەندی بە ئاسیاو ئەفریقاوە هەبێت، یاخود بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ئەوەی کێشەکەی قوڵترکردۆتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ئەوەیە، کە ١%ی ئاوی سازگار لەم ناوچانە هەیە لەکاتێکدا ٥%ی دانیشتوانی جیهانی هەیە. شەڕی دەست بەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی ئاو دەمێکە دەستی پێکردوەو رەنگە ئیسرائیل و تورکیا هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی ئاوبن لەداهاتودا، لەهەمانکاتدا براوەشبن. هەریەک لەم دو وڵاتە (ئیسرائیل و تورکیا) دەمێکە یاریەکەیان دەست پێکردوە و توانیویانە، لەم مەیدانەدا ئەسپی خۆیان تاوبدەن. ئیسرائیل – کە بە دەوڵەتی تینوی ئاو ناوی دەرکردوە، لەبەرئەوەی ٢/١ی ئاوی ئیسرائیل هی خۆی نییەو ناکەوێتە ناو سنوری دەوڵەتەکەی. بۆیە ئیسرائیل لەدوای شەڕی ساڵی (١٩٦٧) دەسەتی بەسەر سەرچاوەی ئاوی بەرزایەکانی جۆلان داگرتوە، کە سەرچاوەی روباری ئەردەنە. هەروەها تورکیاش بەدروستکردنی پڕۆژەی گاپ شەڕی ئاوی دەستپێکردوە کە پڕۆژەی ئەتاتورکە لەسیەکانی سەدەی رابردو. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا (سۆکسە) وڵاتی تورکیا لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە کار لەسەر پڕۆژەی خواروی ئەنادۆڵ دەکات کە بە (گاپ) ناسراوە. ئەم پڕۆژە گەورەیە پێکهاتوە لە ٢١ بەنداو، ١٧ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، ٣٠ی سیستەمی ئاودێری، لە ١٣ پڕۆژە پێکهاتوە، کە بۆتەهۆی ژێرئاوکەوتنی ١٥٥ گوند و کەمکردنەوەی سەوزایی و لەناوچونی ٥ ملیۆن سەر مەڕ و ٢ ملیۆن سەر بزن .
بێگومان ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورک، لەسەر حیسابی نەتەوەی کوردو دروستکردنی مەترسی ئاسایشی نەتەوەی بۆ گەلی کورد لە داهاتودا.
لەگەڵ ئەوەی خواست بۆ ئاوی خاوێن زیاد دەکات و رۆژ بەڕۆژ ژمارەی دانیشتوان لەزیاد بوندایە و بەشێکی خاکی وڵاتان مەترسی بەبیابان بونی لێدەکرێت و رێژەی ئاویش بەرەبەرە کەم دەکات؛ بۆیە تادێت لەمەترسی شەڕی ئاو نزیک دەبینەوە و رەنگە لەئایندەدا ببیتە هۆی پێکدادانی چەکداری و شەڕێکی خوێناوی و کارەساتی مرۆیی گەورەی لێبکەوێتەوە.
ئاخۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان زێڕی رەش و زێری سپیدا، مەبەستم لە نەوت و (ئاو)ە چی بەسەردێت. بێگومان کێشمەکێش و جەنگەکانی رابردو، ئەگەرچی کارەسات باربون، بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زێڕی رەش فاکتەری سەرەکی چاوتێبڕینی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا بوە، بەرامبەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام جەنگ و کێشمە کێشەکانی داهاتو لەنێوان وڵاتانی رۆژهەڵات دادەبێت، لەسەر زێڕی سپی و پێدەچێ جەنگی خوێناوی لێبکەوێتەوە، نەک لەبەرئەوەی ئەم وڵات یان ئەو وڵات ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ، بەهۆی سامانی (ئاو)ەوە؛ بەڵکو لەبەرئەوەی سەربەخۆیی لەدەست نەدەن و نەخنکێن. واتە کێشەکە لەوە گەورەترە کێشەی مان و نەمانە.
ئاخۆ کورد لەکوێی شەڕی ئاودایە؟ چیکردوە و چ ستراتیجێکی هەیە بۆ جەنگی ئاو؟ |
|
|