|
به‌ناوی گۆڕانه‌وه ... یا به رۆحیه‌تی گۆڕان؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Wednesday, May 27, 2015 |
چه‌ندین نمونه‌ی زیندولهبهرچاون که سه‌رکرده و که‌سانێک خه‌باتکه‌ری به‌ئه‌مه‌ک و بێگه‌رد و سه‌رسه‌خت بون بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی حزب و ئه‌و بزافانهی کاریان بۆ کردون، که‌م نین ئه‌وانه‌ی له‌و رێبازه‌دا کوژراون یا دوچاری زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌دان بونه‌ته‌وه و تا دوا ساته‌کانی ژیان و له غیابیشیاندا سه‌ربه‌رز ماونه‌ته‌وه.
دوای روخاندنی دیواری به‌رلین و سه‌رهه‌ڵدانی پرۆسه‌ی به‌جیهانگیری به‌ها به‌رزه‌کانی سیاسه‌ت له‌زۆر شوێنی دنیادا ده‌ستیان بهدارماندن کرد. لاوازبونی رادع و سنوره ئایدیۆلۆژی و سیاسیه‌کان کاڵبونه‌وه‌ی بیروباوه‌ریان لێکه‌وته‌وه، دروستبونی ده‌وڵه‌ت و کیانه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌رفراوانبونی پانتایی ئابوری و بازرگانی کراوه و رشتنی پاره‌یان به‌دوای خۆیاندا هێنا، کۆی گشتی ئه‌م گۆرانکاریانه بونه زه‌مینه‌خۆشکه‌ری گرنگ بۆ تێکشکاندنی به‌ها به‌نرخه سیاسیه‌کان له زۆربه‌ی بزافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ره‌وته فیکریه جیاکاندا. به‌شێکی زۆری بزافه رزگاریخواز و پێشکهوتخوازهکان له نیعمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدا خۆبه‌خشانه و چاوچنۆکانه خۆیان له ده‌ریای گه‌نده‌ڵی و پیسبون هه‌ڵکێشا و روبه‌روی شکستی فیکری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی بونه‌وه. ئه‌م گۆرانکاریه مه‌ترسیدارانه به‌تایبه‌ت له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ئاسیا و ته‌نانه‌ت له ئه‌مریکای لاتینیدا یه‌خه‌ی ئه‌و بزاف و رهوتانهیان گرته‌وه.
له نمونه زه‌قه‌کانی ئه‌و لادان و تێكشکاندن و پیسبونه ئه‌زمونه‌کانی جەزائیر و فه‌له‌ستین و باشوری کوردستان و چه‌په‌کانی فه‌نزویلا و بزاف و سه‌رکرده نیشتمانپه‌روه‌رکانی چه‌ند وڵاتێکی عه‌ره‌بی و ئاسیا، ته‌نانه‌ت کۆنگره‌ی نیشتمانی ئه‌فریکا، تایبه‌ت دوای وازهێنانی ماندێلا، له گۆماوی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و تاواندا نوقمبو.
ئه‌زمونی تورکیا که له‌سه‌رده‌ستی دهسهڵاتداریندا تا سه‌ر ئێسک بۆگه‌نی کردبو و به‌هاتنی ئاکه‌په بۆ ده‌سه‌ڵات توانرا ئاهێک بهرۆحیدا بکرێته‌وه، جارێکی تر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ردۆگان و بانده‌که‌ی بۆته‌وه به زه‌لکاوێکی به‌پیتی گه‌نده‌ڵی و تاوان.
ئه‌زمونی یۆنان له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی پیسبوی سۆشیال دیموکرات‌دا یۆنان گه‌یشته مایه‌پوچی و بێ هاریکاری رۆژئاوا وڵاتی خاوه‌ن ده‌وڵه‌مه‌ندترین مێژوی شارستانیه‌ت و دیموکراسیه‌ت دادهرما.
سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتێکی چه‌پی نوێ له‌و وڵاته‌دا ئاراسته‌یه‌کی بۆ چاکسازی دارشتوه، هێشتا زوه چاوه‌روانیه‌کان لێی که‌ڵه‌که بکرێن.
سه‌رجه‌م ئه‌م نمونه شكستخوارد و پیسبوانه، بێگومان به‌وه‌ی باشوری کوردستانیشه‌وه، یه‌ک هاوکێشه زه‌مینه‌ی هاوبه‌شیانه، ئه‌ویش زاته پاک و خه‌باتکه‌رانی پێش‌و له ده‌سه‌ڵاتدا خه‌می سه‌ره‌کیان بازار بوه نه‌ک پرۆسه‌ی دیموکراسی و سه‌روه‌ری یاسا و رێزگرتن له ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ، بۆیه یاسا و رێساکانی جه‌نگه‌ڵی بازار ته‌حه‌کومی بهئهقڵیهتیان کردوه.
زه‌مینه‌یه‌کی بنه‌ره‌تی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ستانه‌وه بو دژ به گه‌نده‌ڵی و به‌رخۆری و قۆرخکاری له بواره‌کانی سیاسه‌ت و حوکمرانیدا. له‌و پرۆسه‌یه‌دا گۆڕان چه‌ندین هه‌ڵسوراو و کادیری پێگه‌یاند که هیوابه‌خش بون بۆ ئاینده.
یه‌کێک له هه‌ڵه‌کانی سه‌رکردایه‌تی گۆڕان ئه‌وه بو که تێرامانی سه‌ره‌کیان بۆ گۆڕان وه‌ک هێزێکی ده‌نگده‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگاند، پێده‌چێت پشتگوێی ئه‌و راستیه‌یان کردبێت که له کۆمه‌ڵگای خۆمان بزوتنه‌وه‌یه‌کی ریفۆرمخواز بێ قوڵایی سیاسی و ده‌سه‌ڵات ناتوانێت ته‌نها به‌زه‌بری ده‌نگ گه‌شه بکات و به‌هێز بێت. له سایه‌ی ئه‌م چه‌مکه‌دا ره‌ش و سپی تێکه‌ڵبون، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش له‌به‌ر به‌رفراوانی هزری گۆران زۆر ئاسان بو هه‌ر که‌سێک بانگه‌شه‌ی بۆ بکات و خۆی به‌خاوه‌نی بزانێت.
ئه‌گه‌رچی به‌های ده‌نگده‌ر له پرۆسه‌که‌دا گرنگه، به‌ڵام پێره‌وکردنی خه‌ستی ئه‌م پره‌نسیپه له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌روازه‌کانی به‌هه‌مان نه‌فه‌س بۆ شه‌پۆلی تێکه‌ڵاوی پاک و پیس واڵا کرد ده‌رفه‌تێکی گه‌وره‌ی له‌ده‌ستدا تا پێکهاته‌ی نوێنه‌ر و ئۆرگانه‌کانی بهفیڵتهرێکی زۆر تۆکمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و سیاسی‌دا ببات.
چه‌مکی "حزبی ده‌نگده‌ر" له‌مپه‌رێکی سه‌رسه‌خت بو تا ئه‌و نوخبه‌یه‌ی ئه‌هلی گۆرانکاری راسته‌قینه‌یه بتوانێت سه‌ره‌داوه‌کان به‌ده‌سته‌وه بگرێت، تاده‌هات ده‌رده‌که‌وت قوڵایی سیاسی به‌راده‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م چه‌مکه ئاراسته بکات وه‌ک له‌وه‌ی پرۆسه‌ی ریفۆرم و گۆرانکاری بنه‌ره‌تی.
هه‌رچۆنێک بێت گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان سودی له‌و چه‌مکه کرد و ئاکامه‌کی بوه هێزێکی سیاسی گه‌وره که له به‌رامبه‌ریدا چه‌ندین که‌ره‌سته‌ی ریفۆرمخوازی و گۆرانکاری له‌ده‌ستدا یا کاڵبونهوهیان پێوه ده‌رکه‌وت. تێکه‌ڵاوبونی هه‌ره‌مه‌کی چه‌مکی سیاسی و چاکسازی بزوتنه‌وه‌که‌ی ناچارکرد به‌ئاراسته‌ی به‌شداریکردن له حوکمرانیدا ببات. ئه‌گه‌رچی له روی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌چاوکردنی دۆخی باشور به‌شداریکردنه‌که ره‌وایه‌تی هه‌بو، به‌ڵام بۆ خودی بزوتنه‌وه‌که بوه بارێکی قورس که تا ئه‌م ساته‌ش رۆشنایی ئایندهی دیار نیه.
له پرۆسه‌ی به‌شداری له جومگه‌کانی حوکمرانی: پارله‌مان، وه‌زاره‌ته‌کان، فه‌رمانگه‌کان و حکومه‌ته لۆکاڵیه‌کان هه‌مان مه‌ترسی زاڵبونی هاوکێشه‌ی ئه‌قڵیه‌تی بازار و به‌رخۆری و خۆپه‌رستی به‌سه‌ر گۆرانکاری بنه‌ره‌تی و چاکسازیدا له ئارادا بو و هه‌یه. له‌م پرۆسه‌یه‌دا چه‌ندین هه‌ڵه کراوه، هه‌رچیه‌ک هۆکاری بن ئاکامه‌که‌ی هه‌مان شته، ئه‌ویش لهرزۆکبونی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری گۆڕانه به پرۆسه‌که و رۆڵی گۆڕان له حوکمرانیدا.
هه‌رچه‌نده ده‌ستنیشانکردنی کاندیده‌کان بۆ سه‌رجه‌م جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌پێوه‌ره ناوخۆییه‌کانی گۆڕان کراوه، به‌ڵام هه‌ڵه‌کردنه‌که ده‌ستی پێ‌کرد کاتێک به‌رپرسانی ئه‌و پرۆسه‌یه، وێرای ئه‌وه‌ی زۆر ماندوبون، به‌پێوه‌ری حزبایه‌تی کلاسیکی، که له‌سه‌ری راهاتون، به‌رێوه‌یان برد. زیاده بۆ ئه‌مه‌ش مه‌حسوبیه‌ت و گروپگهری و ئیعیباراتی تر کاریگه‌ری خۆیان کردوه. له ناوه‌رۆکدا شێوه‌یه‌کی نوێی گونجاو له گه‌ڵ رۆحی گۆڕان فه‌رامۆش کرا، بۆیه تێکهلوپێڵی و کێشه و گله‌یی و گازنده و مه‌حسوبیه‌ت و غه‌در و غوبنکردن بونه به‌شێک له خه‌سله‌ته‌کانی پرۆسه‌که، له دوای ئه‌م هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییانه‌دا سه‌رجه‌م پرۆسه‌که به‌شێوازێکی دروست به‌رێوه نه‌چو. پێده‌چێت به‌هه‌مان ئه‌قڵیه‌ت و شێوه‌ش دانوستانه‌کان بۆ به‌شداری گۆڕان له حوکمرانیه جیاکاندا کرابێت، تێیاندا دیدێکی ستراتیژی دروستی گونجاو له گه‌ڵ رۆحی گۆڕاندا نوقسانیه‌کی زه‌ق بوه، لێره‌دا زاڵبونی چه‌مکی سیاسی و ده‌سه‌ڵات چیرۆکه کۆنه‌کانی ئه‌و بزاف و هێزو رهوتانهمان به‌بیر ده‌هێننه‌وه که له سه‌ره‌تای ئه‌م نوسینه‌دا ئاماژه‌م پێکردون.
لێره‌دا زۆر بێ ویژدانیه چاومان داخه‌ین به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره باشانه‌ی گۆڕان له حوکمرانیدا کردونی. به‌رنامه نوێکه‌ی که‌ناڵی KNN بۆ روبه‌روکردنه‌وه‌ی نوێنه‌رانی گۆڕان له حوکمرانیدا له گه‌ڵ خه‌ڵک ههنگاوێکی بوێرانه‌یه، ناشبێت مه‌ترسی ئه‌وه له یاد بکه‌ین که ئه‌م جۆره هه‌نگاوانه نه‌بنه نمایشکردنێکی شانۆگه‌ریانه بۆ سپیکردنه‌وه‌ی سه‌رکه‌شانه‌ی لایه‌نه ره‌شه‌کانی گۆڕان له حوکمرانیدا. به‌ته‌نیشت ئه‌مه‌شه‌وه دروستکردنی ژوری" حکومه‌ت و پارله‌مان" له ناو گۆڕاندا به‌هه‌نگاوێکی دروست ده‌بینرێت ئه‌گه‌ر بتوانێت شه‌فافانه و به‌به‌ڵگه و دۆکیۆمێنت ئه‌دای گۆڕان له به‌غدا و هه‌ولێر و پاریزگاکان چاو‌دێر بکات و هه‌ڵیان سه‌نگێنێت و جڤاتی نیشتمانی و رێکخه‌ری گشتیش بریار و ئیجرائاتی پێویست بگرنه‌به‌ر.
له‌لایه‌کی تره‌وه چاوی هه‌ڵسوراوانی گۆڕان له ئه‌دا و هه‌ڵسوکه‌وتی نوێنه‌ره‌کان له ده‌سه‌ڵاتدا کراوه ده‌مێننه‌وه، بێگومان بێده‌نگی به‌رامبه‌ر چه‌وتی و ره‌فتاری نادروستیان هه‌ڵنابژێرن، چونکه گرنگه ئه‌و که‌سه‌ی به‌ناوی گۆڕانه‌وه به‌رپرسیاریه‌تی وه‌رده‌گرێت بتوانێت به‌رۆحیه‌تی گۆڕان ئه‌رکه‌کانی جێبه‌جێ بکات.
لێره‌دا لێکدانه‌وه‌ی جیا بۆ رۆحیه‌تی گۆڕان ده‌کرێت، هه‌رچۆنێک بێت له‌وپه‌ری سۆفیگه‌ریه‌وه تا ریفۆرمخوازی کلاسیکی و لیبرالیزمی سه‌رده‌مانه ده‌گرێته‌وه، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه پێکهاته بنه‌ره‌تیه‌کانی گۆڕانکاری ره‌سه‌ن بریتین له راستگۆیی، ده‌ست و داوێن و ویژدان پاکی، خۆنه‌په‌رستی و وه‌فاداری و خۆشه‌ویستی بۆ خاک و نه‌ته‌وه و بزوتنه‌وه‌که. لادان له‌م پره‌نسیپانه قبوڵ ناکرێت و بێده‌نگیشی لێ ناکرێت، چونکه رۆحی گۆڕان بۆته مهرسهدێک که به‌ویژدان و ئه‌مه‌که‌وه چاودێری ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌کرێت ئاینده‌مان به‌رده‌وام له سایه‌ی مه‌ترسی خۆبه‌ده‌ستدان به حوکمی قه‌ده‌ر و گهندهڵبون و پیسبون و له‌باربردنی ئومێدی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی گوزه‌ر ده‌کات. |
|
|