|
چی له‌كۆنگره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری چاوه‌ڕێ ده‌كرێ؟ |
نوسه‌ر: سیروان ره‌شید
|
Friday, May 29, 2015 |
بڕیاره ئه‌مڕۆ و سبه‌ی یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێم به‌ڕێوه‌بچێت، كه تێیدا گفتوگۆ ده‌كرێت له‌سه‌ر پێداچونه‌وه به ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و پێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا.
ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان كه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی (په‌رله‌مان) و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (حكومه‌ت)، كه‌مترین گفتوگۆی جدیی و ره‌خنه‌گرانه‌ی له‌باره‌وه كراوه، له‌كاتێكدا ئه‌م دامه‌زراوه‌یه په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتییان و كایه‌ی سیاسی و ئابورییه‌وه هه‌یه‌و به راده‌یه‌كی زۆریش په‌یوه‌سته به سیستمی حوكمڕانییه‌وه، چونكه به‌رقه‌راربونی سیستمێكی قه‌زایی سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز، كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگ و سه‌ره‌كی ژیانی دیموكراسییه.
ئه‌م كۆنگره‌یه له‌كاتێكدا ده‌كرێت كه له‌رابردودا به‌مه‌به‌ست بێ یان بێ مه‌به‌ست، زۆربه‌كه‌می قسه له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌وه كراوه، له‌كاتێكدا سیستمی قه‌زا له كوردستان، پێویستی به گۆڕینی ریشه‌یی هه‌یه.
له‌هه‌رێم به‌پێی یاسای ژماره (23)ی ساڵی 2007ی په‌رله‌مانی كوردستان، یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له‌هه‌رێم دهركردو له ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزیی جیاكرده‌وه، كه به‌پێی یاساكه، ئامانجی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، پاراستنی شكۆمه‌ندی دادوه‌ریی و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌رییه له‌هه‌رێم، جگه له‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق و ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمیش له‌سه‌ر مه‌بده‌ئی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان (فصل السلطات) جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌مڕۆ له كوردستان، سیستمی قه‌زایی وه‌كو پێویست حزوری نییه و لهئیفلیجبون نزیكبوه‌ته‌وه.
به‌كورتی، ره‌خنه‌و كه‌موكورتییه‌كان له بواری ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی له هه‌رێم، له‌م لایه‌نانه‌وه‌یه:
یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی، حزور و هه‌یبه‌تی زۆر لاوازه، زۆربه‌ی هاوڵاتییان نازانن كه له كوردستان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆیه!. ته‌نانه‌ت كه‌م كه‌س هه‌یه بزانێت كه سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی چه‌ند كه‌سن و كێن‌و ناویان چییه! كه ده‌بوایه سه‌رۆكی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته وه‌كو به‌ڕێزان سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌كایه‌ی حكومڕانی و ئیدارییدا حزوری هه‌بوایه.
دوه‌م: هه‌رچه‌نده به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆیه، به‌ڵام له‌واقیعدا وانییه و كه‌موكورتی زۆره، بۆ نمونه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی، پله‌ی وه‌زیری هه‌یه، كه ده‌بوایه پۆسته‌كه‌ی له‌ئاستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆك وه‌زیراندا بوایه، ئه‌مه‌ش وایكردوه كه ته‌واوی ئه‌نجومه‌نه‌كه وه‌ك وه‌زاره‌تێك سه‌یربكرێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، نه‌ك وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی جیا‌و سه‌ربه‌خۆ. جگه له‌وه‌ی كه باس له‌وه‌ده‌كرێت كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سه‌ربه‌خۆیه، ده‌بێت له‌ڕوی كارگێڕی و داراییه‌وه به‌ته‌واوه‌تی سه‌ربه‌خۆ بێت و بۆهیچ شتێك نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌ت، به‌ڵام له‌باری واقیعدا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی بودجه‌یه‌ك بۆئه‌م ده‌سه‌ڵاته ته‌رخانده‌كرێت، به‌ڵام لهخهرجییهكانیدا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی جیا‌و سه‌ربه‌خۆ ده‌سه‌ڵاتی نه‌دراوه‌تێ و پێویسته بۆ خه‌رجییه گرنگه‌كان بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و بۆ هه‌ندێك بواری تر بگه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی.
سێیه‌م: یه‌كێك له‌كێشه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، هه‌ژمون و ده‌ستێوه‌ردانی حیزبه كه پێویسته ده‌سه‌ڵاتی حیزب به‌ته‌واوه‌تی دور بخرێته‌وه‌و رێنه‌ده‌ن داموده‌زگا حیزبییه‌كان ده‌ستبخه‌نه كاروباری دادگاوه‌و حیزب ده‌وری نه‌بێت له‌دامه‌زراندنی دادوه‌رو كارمه‌ندی ده‌زگای قه‌زایی و به‌هیچ جۆرێك رێنهدرێت راسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌ست وه‌ربداته ره‌وتی كاره‌كانی دادگا‌و بڕیاره‌كانییه‌وه.
چواره‌م: ده‌زگای داواكاری گشتی (ئدعای عام) له‌كوردستان ئیفلیجكراوه، له‌كاتێكدا ئه‌م ده‌زگایه ئه‌ندامه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی و له‌هه‌مانكاتیشدا سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه (حكومه‌ت) و ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی داد دا ئیفلیجكراوه.. هه‌ڵبه‌ت هه‌مولایه‌ك باش ده‌زانین كه بایهخو گرنگی ده‌زگای داواكاری گشتیی له‌ڕوی په‌یوه‌ندیی به سامانی گشتی و لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌نده‌ڵی و ته‌تانه‌ت له‌چاودێریكردنی قانون و چۆنێتیی جێبه‌جێكردنی، ده‌ورێكی زۆر گرنگی هه‌یه.
پێنجه‌م: زۆر زۆر گرنگه ئه‌م كۆنگره‌یه بڕیاربدات به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ناو ده‌ستوری هه‌رێمدا كه‌متر نه‌بێت لهوپێگهیهی قه‌زا هه‌یه‌تی له‌ناو ده‌ستوری عێراقیدا.
رۆحی هه‌مو سیستمێكی حوكمڕانیی ته‌ندروست و عادیلانه، بریتییه له به‌رقه‌راربونی سیستمێكی قه‌زایی سه‌ربه‌خۆ و تۆكمه‌و به‌هێز، كه به‌داخه‌وه له‌كوردستان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌ندێكجار وه‌ك پاشكۆ و ئاله‌تێكی لێهاتوه به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزییه‌وه، هه‌ربۆیه هه‌تا نه‌بین به‌خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ریی سهربهخۆو ئازا‌و ئه‌كتیڤ، ناتوانین هه‌رێمێكی یاسایی و دامه‌زراوه‌یی دروستبكه‌ین. |
|
|