|
په‌رله‌مانتارێک: له کۆبونه‌وه‌که‌ی سه‌ڵاحه‌دین، بارزانی دانی به‌وه‌دانا که‌مته‌رخه‌مبون له داواکردنی مافه‌کانی کورد |
Thursday, September 22, 2011 |
(سبه‌ی):
له‌باره‌ی کێشه چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غداوه، په‌رله‌مانتارێکی کورد ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کا، کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌هۆی یاسای نه‌وت و غازه‌وه ته‌قینه‌وه، هاوکات ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، سه‌رۆکی هه‌رێم له کۆبونه‌وه‌که‌ی سه‌ڵاحه‌دیندا، دانی به‌و راستیه‌دا ناوه که‌مته‌رخه‌م بون له‌داواکردنی مافه‌کانی کورد.
د. بایه‌زید حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به (سبه‌ی) راگه‌یاند: له پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراقدا لایه‌نی کوردیی 19 خاڵیان پێشکه‌شکرد، که بریتیبو له‌پێکهێنانی حکومه‌تێکی نیشتیمانی و جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140 و ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی پێشمه‌رگه، حکومه‌تی عێراقیش له‌سه‌ر ئه‌و رێکه‌وتنه‌ی هه‌رێم پێکهات، به‌ڵام تا ئێستا حکومه‌ت هیچی نه‌کردوه و که‌مته‌رخه‌مه له جێبه‌جێکردنی خاڵه‌کاندا.
باسیله‌وه‌شکرد، کوردیش که‌مته‌رخه‌مبوه له داواکردنی داواکارییه‌کان، سه‌رۆکی هه‌رێمیش له کۆبونه‌وه‌که‌ی سه‌ڵاحه‌دیندا دانی به‌وه‌دانا، که که‌مته‌رخه‌مبون له داواکردنی مافه‌کانی کوردا .
وتیشی: هه‌رچه‌نده کێشه‌کان به‌وهۆیه‌وه ته‌قینه‌وه، به‌ڵام کێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به ته‌نها نه‌وت و غاز نیه، چونکه حکومه‌تی عێراق چه‌ندین خاڵی گرنگی تری وه‌ک چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی پێشمه‌رگه و ماده‌ی 140 ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری جێبه‌جێ نه‌کردوه.
د. بایه‌زید حه‌سه‌ن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: یاسای نه‌وت و غاز یاسایه‌کی گرنگه، چونکه وا ده‌کات شه‌فافیه‌ت له که‌رتی نه‌وتی عێراقدا هه‌بێت، به‌و هۆیه‌وه شه‌فافیه‌ت کوردستانیش ده‌گرێته‌وه، چونکه ئێستا شه‌فافیه‌ت له که‌رتی نه‌وت و غازدا نیه له کوردستان.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: لێدوانه‌کانی هاوپه‌یمانی کوردستان بۆ ئه‌وه‌یه مالیکی پابه‌ند بکه‌ن به جێبه‌جێکردنی خاڵه‌کانه‌وه، چونکه ترسیان له دروستبونی حکومه‌تێکی تاکڕه‌وانه هه‌یه.
د. بایه‌زید حه‌سه‌ن هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی به ئه‌گه‌رێکی لاواز ناوبرد و رونیشیکردهوه: هه‌رچه‌نده به هۆی یاسای نه‌وت و غازه‌وه لایه‌نی هاوپه‌یمانی کوردستانی و لیستی عێراقیه، له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا لێک نزیکبونه‌وه، به‌ڵام لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی ئه‌گه‌رێکی به‌هێز نیه، چونکه لیستی عێراقیه له چه‌ند کوتله‌یه‌کی بچوک پێکهاتوه و ره‌نگه کوتله‌کانی تر له‌گه‌ڵ بڕیاری عێراقیه‌دا نه‌بن، گومانیش ده‌کرێت چه‌ند کوتله‌یه‌کی عێراقیه له ژێره‌وه له گه‌ڵ مالیکیدا رێکهوتبن. |
|
|