Print
 په‌رله‌مانتارێک: پاره‌ی شیرینی کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان زۆر زیاتره‌، له‌وه‌ی حکومه‌ت ئاشکرایکردوه‌
Tuesday, September 27, 2011

(سبه‌ی):
به‌پێی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڵاویکردوه‌ته‌وه‌، بڕی ملیار و نیوێک وه‌ک شیرینی و تواناسازی کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان وه‌رگیراوه،‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت پاره‌که‌ له‌ کوێیه‌ و بۆ چ مه‌به‌ستێک به‌کارهاتوه‌.
ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ هه‌مو شیرینیه‌که‌ نیه‌ و شیرینی گرێبه‌سته‌کان نزیکه‌ی 7ملیار دۆلاره‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات، دوای ئاشکرابونی گرێبه‌سته‌کان، ئاسانتر ده‌توانین له‌ رێگه‌ی ئه‌و کۆمپامنیایانه‌ی ناویان له‌ گرێبه‌سته‌کاندا هه‌یه‌، بڕی شیرینی وه‌رگیراو بزانین.
ئیسماعیل گه‌ڵاڵه‌یی بۆ‌ (سبه‌ی) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد: به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ داوا له‌حکومه‌ت بکه‌ین، شیرینی گرێبه‌سته‌کانی نه‌وت وه‌ک خۆی ئاشکرا بکات، تابزانین ئه‌و بڕه‌ی وه‌رگیراوه‌ چه‌ند بوه‌و چۆن سه‌رفکراوه‌، چونکه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ روننه‌بوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لایه‌که‌وه‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان باس له‌ 5 ملیار دۆلار ده‌کات، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت نکوڵی لێده‌کات.
وتیشی: خۆشبه‌ختانه‌ پاش ساڵ و نیوێک فشارخستنه‌ سه‌ر حکومه‌ت بۆ ئاشکراکردنی گرێبه‌سته‌کانی نه‌وت، ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ هاتنه‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام کاری دوه‌می ئێمه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌مو گرێبه‌سته‌کان و ئه‌و شیرینیانه‌ی وه‌رگیراوه، تا بزانین ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ به‌ پێی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم ئیمزا کراوه‌، یاخود سه‌رپێچی یاساکه‌ی تێدایه‌.
ئه‌وه‌شی وت: پێمانوایه‌ بڕه‌که‌ زۆر زیاتره‌ له‌و شیرینیه‌ی حکومه‌ت به‌ ملیار و نیوێک باسی ده‌کات، چونکه‌ به‌ بۆچونی ئێمه‌ زیاد له‌ 7 ملیار دۆلار پاره‌ی شیرینی نه‌وت وه‌رگیراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌و ژماره‌ که‌مانه‌ فریونه‌خۆین و گوشاری زیاتر بخه‌ینه‌ سه‌ر حکومه‌ت بۆ ئاشکراکردنی.
ئیسماعیل گه‌ڵاڵه‌یی رونیکرده‌وه‌، ئێستا ئاسانتر ده‌توانین بڕی شیرینییه‌کان ئاشکرابکه‌ین، چونکه ئه‌و‌ گرێبه‌ستانه‌ی ‌دێنه‌ به‌رده‌ستمان ناوی کۆمپانیاکانی تێدایه، ده‌توانین راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکان په‌یوه‌ندی بکه‌ین بۆ زانینی ئه‌و بڕه‌ شیرینیه‌ی وه‌رگیراوه، ئه‌و کۆمپانیایانه‌ هه‌موی پشکه‌ و ده‌توانین زانیاریان لێوه‌رگرین.
ئه‌ندامه‌که‌ی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: چه‌ند جارێک داوامانکردوه‌، هه‌ر پاره‌یه‌ک خه‌رجده‌کرێت له‌ پاره‌ی شیرینی به‌ راپۆرتێک بمانده‌نێ، به‌ پێی یاسای نه‌وت و غازیش ده‌بێت ئه‌و ناوچانه‌ی نه‌وتی تێدا ده‌رده‌هێنرێت، ئیمتیازی زیاتری پێبدرێت له‌ داهاتی نه‌وت و شیرینی گرێبه‌سته‌کانی نه‌وت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ راپۆرتێکی نوسراومان بۆ نه‌هاتوه‌ باس له‌ سه‌رفکردنی پاره‌ی شیرینی گرێبه‌سته‌کان بکات، بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی نه‌وتی لێ ده‌رده‌هێنن.

Sbeiy.com © 2007