Print
 به‌پێی راپرسییه‌ك؛ عێراق‌و ئێران خراپترین ناوبانگیان هه‌یه‌ له‌ جیهاندا
Saturday, October 1, 2011

(سبه‌ی):
به‌پێی‌ راپرسییه‌كی‌ ده‌زگایه‌كی‌ ئه‌مه‌ریكیی‌، عێراق‌و ئێران له‌كۆی‌ 50 وڵاتی‌ جیهانیدا خراپترین ناوبانگییان هه‌یه‌‌و هه‌ریه‌كه‌ له‌كه‌نه‌دا‌، سوید و ئوسترالیاش، باشترین ناوبانگیان هه‌یه‌.
له‌و راپرسییه‌دا که‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای‌(ریپیوتیشن ئینستیتیوت)ی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌‌، 42 هه‌زار كه‌س به‌شداریكردوه‌، به‌م پێوه‌رانه ‌"متمانه‌ی‌ خه‌ڵكیی‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان‌و سه‌رسامییان" به‌رامبه‌ر هه‌ر وڵاتێك، به‌هه‌مان شێوه‌ دیدی‌ هه‌ر به‌شداربویه‌ك سه‌باره‌ت به‌ جۆری‌ ژیان‌و سه‌قامگیریی‌ ئاسایش‌و بایه‌خدان به‌ژینگه‌".
له‌میانی‌ وه‌ڵامه‌كانیشدا، كه‌نه‌دا له‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م هات‌و دوای‌ ئه‌ویش وڵاتی‌ سوید به‌ پله‌ی‌ دوه‌م‌و پاشان ئوسترالیا‌و سویسرا‌ و نیوزله‌ندا‌ هاتون، هه‌روه‌ها ژاپۆنیش پله‌ی‌ 12ه‌یه‌م‌و فه‌ڕه‌نسا پله‌ی‌ 18یه‌م، ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوه‌ڕاست‌و چینیش له‌ ریزبه‌ندی‌ سێیه‌كی‌ كۆتاییدا هاتوه‌.
به‌پێی‌ ئه‌و راپۆرته‌ی‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ناوبانگی‌ وڵاته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پێوه‌ره‌كانی‌ ژیان‌و پێشكه‌وتویی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ سیاسیی‌‌و هه‌ڵوێسته‌ بێلایه‌نه‌كانیان له‌ئاست گرژییه‌ سیاسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داڕێژراوه‌.
هاوکات له‌ دوای‌ عێراق‌و ئێران، پاكستانیش به‌یه‌كێك له‌ وڵاتانه‌ داده‌نرێت كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانیدا ناوبانگێكی‌ خراپی‌ هه‌یه‌.
فاكته‌رێكی‌ دیکه‌ی گرنگیش بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ دانرابو، که‌ بریتیبو له‌ پرسی‌ سه‌قامگیریی‌ ئه‌من‌و ئاسایش‌، كه‌ له‌مه‌دا عێراق به‌خراپترین وڵاتی‌ جیهان دانراوه‌.

Sbeiy.com © 2007