Print
 ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیار له‌باره‌ی سوریاوه‌ ده‌دات
Tuesday, October 4, 2011

(سبه‌ی):
چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیارێک ده‌ربکات بۆ ئیدانه‌کردنی مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریا له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌و وڵاته‌.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن وڵاتی فه‌ره‌نساوه‌ ئاماده‌کراوه‌، به‌هاوکاری هه‌ریه‌که‌ له‌ وڵاته‌کانی به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و پورتوگال، به‌پێی پڕۆژه‌که‌ش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی سوریا ده‌کرێت بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی توندتر، ئه‌گه‌ر بێتو ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رکوتکارییه‌کانی بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌ی نه‌وه‌ستێنێت.
هاوکات تائێستاش روسیا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ نوێیه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌رنه‌بڕیوه‌، له‌کاتێکدا پێشتر سوربونی خۆی دوپات ده‌کرده‌وه‌ له‌سه‌ر به‌کارهێنانی مافی ڤیتۆ دژی هه‌ر بڕیارێکی په‌یوه‌ست به‌ زیادکردنی فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ سه‌ر وڵاتی سوریا.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئاژانسی فرانس پرێس له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کردوه‌، مۆسکۆ ناڕازییه‌ له‌هه‌ندێک له‌و فشارانه‌ی ده‌خرێته‌ سه‌ر سوریا به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌کردنی پێشێلکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ له‌دژی خۆپیشانده‌ران، که‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 5 مانگه‌ به‌رده‌وامن له‌خۆپیشاندان.

Sbeiy.com © 2007