Print
 ژوری لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابوری گۆڕان: حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ ته‌ندروست له‌گه‌ڵ كه‌رتی‌ تایبه‌تدا بكات‌
Wednesday, October 5, 2011

(سبه‌ی):
له‌ ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌کیدا، ژوری لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابوری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌و رێژه‌ به‌رزه‌ی بێکاری که‌ ده‌گاته‌ 14%ی دانیشتوانی هه‌رێم، به‌رێژه‌یه‌کی به‌رز ناوده‌بات بۆ هه‌رێمێکی وه‌ک کوردستان، که‌ خاوه‌نی بوجه‌یه‌کی زه‌به‌لاحه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وت و ناوچه‌ی گه‌شتیاری، هاوکات ره‌خنه‌ له‌ حکومه‌تی هه‌رێمیش ده‌گرێت، به‌وه‌ی ته‌نها پشتی به‌ که‌رتی گشتی به‌ستوه‌ و فه‌رمانبه‌رانی له‌ به‌رهه‌مهێنه‌وه‌ کردوه‌ به‌ به‌کاربه‌ر.
له‌ ئاگادارکردنه‌وه‌که‌دا که‌ بۆ (سبه‌ی) نێردراوه‌، حکومه‌تی هه‌رێم هۆشیارکراوه‌ته‌وه‌، که‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتودا له‌چاو ئه‌و هه‌مو ده‌رچوه‌ی زانکۆ و په‌یمانگا، دامه‌زراندن ناتوانێت بێکاری چاره‌سه‌ر بکات، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ژوری لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابوری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌و کارگانه‌ی داخراون و کردنه‌وه‌ی کارگه‌ی گه‌وره‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی کار، به‌ چاره‌سه‌ر ده‌زانێت، داواش ده‌کات حکومه‌ت به‌ پلان پشتگیری وه‌به‌رهێنان بکات، بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی هاورده‌ی ده‌ره‌کی که‌مبێته‌وه‌.

ده‌قی ئاگادارکردنه‌وه‌که‌:
ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نزیكه‌ی‌ 5 ملیۆن كه‌سه‌و ئه‌وانه‌ش له‌ته‌مه‌نی‌ كاركردندان (15-63) ساڵ، ‌به‌ 58% دانیشتوانی‌ هه‌رێم ده‌خه‌مڵێندرێن‌و له‌م رێژه‌یه‌ش 14% بێكاره‌، ئه‌م رێژه‌یه‌ بۆ هه‌رێمێك كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كه‌مبێت‌و بودجه‌كه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2011دا، 11ملیار و‌ 616ملیۆن دۆلار بێت‌و بۆ ساڵی‌ ئاینده‌ بگاته‌ سه‌روی‌ 13 ملیار دۆلار، رێژه‌یه‌كی‌ زۆره‌، له‌هه‌مان کاتدا بۆ هه‌رێمێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌نه‌وت‌و زه‌وی‌ شیاوی‌ كشتوكاڵی‌‌و سامانی‌ كانزای‌‌و ناوچه‌ی‌ گه‌شتیاری‌، رێژه‌ی بێكاری‌ له‌ ئاستێكی‌ مه‌ترسیداردایه‌.
ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، هه‌ڵه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌بو، بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ بێكاری‌ له‌ رابردودا سودی‌ له‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ وه‌رگرتوه، ‌له‌نێو كه‌رتی‌ گشتیدا ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ زیاتر كه‌سانێكی‌ به‌كاربه‌ربون نه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ر‌، باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داهاتی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌نیا 2% بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێكدێنێت، ئه‌و داهاته‌ش زیاتر داهاتی‌ باجه‌ نه‌ك داهاتی‌ كاری ده‌ستی‌ ‌ كارمه‌ندانی‌ حكومه‌ت.
حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌ركی‌ سه‌رشانیه‌تی‌ ده‌رفه‌تی‌ كار بۆ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دابینكات، حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ ته‌ندروست له‌گه‌ڵ كه‌رتی‌ تایبه‌تدا بكات‌و له‌رێگای‌ كه‌رتی‌ گشتیشه‌وه‌ ناتوانێت ئه‌م بێكارییه‌ چاره‌سه‌ر بكات، چونكه‌ له‌ ساڵی‌ 2010دا به‌پێی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌و ساڵه‌ ده‌بو 9547 كه‌س دابمه‌زرێت، به‌ڵام 35 هه‌زار كه‌س دامه‌زرێندرا، له‌ ساڵی‌ 2011دا بڕیاردرا 25 هه‌زار كه‌س وه‌ك فه‌رمانبه‌ر دابمه‌زرێت، ئه‌م دامه‌زراندنه‌ نه‌یتوانی‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ گه‌وره‌ بكاته‌ سه‌ر چاره‌سه‌كردنی‌ بێكاری‌ ئاشكرا، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ دامه‌زرێندراون ئێستا وه‌ك بێكارێكی‌ داپۆشراو وان.
بڕیاره‌ له‌ ساڵی‌ 2012دا له‌سه‌رجه‌می‌ عێراق 110 هه‌زارو 912 كه‌س وه‌ك فه‌رمانبه‌ری‌ حكومه‌ت دابمه‌زرێن‌و له‌و ژماره‌یه‌ش 15 هه‌زارو 433 كه‌س له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داده‌مه‌زرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان كه‌ هێشتا ده‌رفه‌تی‌ كاریان نییه،‌ ساڵ به‌ساڵ زیاد ده‌كات‌، ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ده‌چنه‌ ته‌مه‌نی‌ كاركردنه‌وه‌و كاریان نییه‌ به‌به‌رده‌وامی‌ زۆر ده‌بن، به‌ڵام له‌لایه‌كه‌وه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌كه‌رتی‌ گشتیدا داده‌مه‌زرێن كه‌مده‌بێته‌وه‌، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ هیچ پلانێكی‌ حكومه‌ت به‌دیناكرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ ده‌رفه‌تی‌ كار بۆ هاوڵاتیانی کوردستان‌ له‌كه‌رتی‌ تایبه‌تدا، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئاینده‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار، بۆیه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه،‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌ك ئێستا ده‌سته‌وه‌ستان‌و بێ‌ پلان بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بێكاری‌ ئه‌وا بێكاری‌ به‌رێژه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار رو له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیاده‌كات.
پێویسته‌ حكومه‌ت هه‌نوكه‌:
1- ئه‌و كارگانه‌ی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ بخرێنه‌وه‌ كار، كه‌ ژماره‌یان 10 كارگه‌یه‌و له‌ ساڵێكدا خه‌رجییه‌كانیان 9 ملیارو154ملیۆن دیناره‌و داهاته‌كه‌یان 790 ملیۆن دیناره‌‌، پێداچونه‌وه‌ش به‌و كارگانانه‌ی‌ كه‌رتی‌ گشتیدا بكرێت، كه‌ ژماره‌یان 8 كارگه‌ی‌ گه‌وره‌یه‌و دراونه‌ته‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت.
2- سود له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ربگیرێت بۆ دروسكردنی‌ چه‌ندین كارگه‌ی‌ گه‌وره‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ ده‌رفتی‌ كار بۆ هه‌زاران كه‌س.
3- له‌رێگای‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ به‌پلان پشتیوانی‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان بكرێت، بۆ دروستكردنی‌ چه‌ندین كارگه‌ی‌ گه‌وره‌و پرۆژه‌ی‌ كشتوكاڵی‌‌و گه‌شتیاری‌‌و هه‌مو ئه‌و كه‌رتانه‌ی‌ دیكه،‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌رفته‌تی‌ كار دابین ده‌كرێت‌و به‌رهه‌می‌ ناوخۆی‌ زیاد ده‌كات‌و ئاستی‌ هاورده‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌و ئاسایشی‌ خۆراك پارێزراو ده‌بێت‌و هه‌ڵئاوسان له‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستان به‌شێوه‌ی‌ ئێستا نامێنێت.
له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی‌ گرفتی‌ بێكاری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌و نه‌خشه‌رێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبون له‌و‌ قه‌یرانه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان.

Sbeiy.com © 2007