Print
 روسیا وه‌فدێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بانگهێشتی وڵاته‌که‌ی ده‌کات
Thursday, October 6, 2011


(سبه‌ی):
دوای رۆژێک له‌ به‌کارهێنانی ڤیتۆ له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئیدانه‌کردنی پێشێلکارییه‌کانی سوریا، روسیا دو که‌س له‌نوێنه‌رانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بانگهێشتی وڵاته‌که‌ی ده‌کات.
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌لێکسه‌نده‌ر لۆکاچیفیچ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا له‌لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، وڵاته‌که‌ی بانگهێشتی وه‌فدێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریای کردوه‌، که‌ له‌ دو نوێنه‌ری پێکدێن، بۆ گفتوگۆکردن له‌باره‌ی روداو و پێشهاته‌کانی تایبه‌ت به‌و وڵاته‌.
ناوبراو ئه‌وه‌شی ئاشکراکرد، ئه‌و دو نوێنه‌ره‌ی سه‌ردانی مۆسکۆ ده‌که‌ن، یه‌کێکیان نوێنه‌ری ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی سوریا له‌ دیمه‌شقه‌، ئه‌وی دیکه‌شیان نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی سوریایه‌ که‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان له‌ تورکیا پێکیانهێنا.
جێی ئاماژه‌یه‌ سێشه‌ممه‌ی رابردو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی شکستیهێنا بۆ گه‌یشتن به‌بڕیارێک به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌کردنی توندوتیژیی ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریا به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی وڵاته‌که‌ی، ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌کارهێنانی مافی ڤیتۆ له‌لایه‌ن هه‌ردو وڵاتی چین و روسیاوه‌.

 

Sbeiy.com © 2007