Print
 سه‌رچاوه‌یه‌ک: رێککه‌وتنێکی نهێنی کراوه‌ بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق
Friday, October 7, 2011

(سبه‌ی):
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی عێراق رێککه‌وتن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی به‌شێکی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا وه‌ک راهێنه‌ر له‌عێراقدا، به‌ڵام باس له‌بونی رێککه‌وتنی نهێنی ده‌کرێت له‌نێوان مالیکی و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاژانسی (شط العرب) له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌، پاش رێککه‌وتنێکی نهێنی نێوان نوری مالیکی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و  جیمس جیفری، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق، مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق یه‌کلایی بوه‌ته‌وه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، مالیکی به‌ڵێنی به‌لایه‌نی ئه‌مه‌ریکی داوه‌، ئه‌گه‌ر بێتو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان رازی نه‌بون به‌ مانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی "زۆر"ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق، ئه‌وا خۆی تاکلایه‌نه‌ بڕیاری مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌کان ده‌دات، هه‌روه‌ک به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌که‌، مالیکی به‌ڵێنیشیداوه‌ یاداشتی لێتێگه‌یشتن له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا ئیمزا بکات.
سه‌رچاوه‌که‌ ئاشکرایکردوه‌، به‌پێی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ نهێنییه‌، له‌دوای ساڵی 2011ه‌وه‌، نزیکه‌ی (5)هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ وێڕای مانه‌وه‌ی زیاتر له‌ هه‌زار سه‌ربازی دیکه‌ له‌چوارچێوه‌ی سه‌ربازه‌ خانه‌نشینبوه‌کان و تیمی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکادا.
ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌ پێشتر چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌کردبو، که‌ هه‌ردو باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا له‌عێراق پلانیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری پشتگیرکردنی مالیکی ببن، له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر داواکه‌یان بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق ره‌تبکرێته‌وه‌.
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌که‌ش، رێککه‌وتنه‌ نهێنییه‌که‌ی مالیکی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق، له‌و زانیاریانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌.

Sbeiy.com © 2007