Print
 وه‌حده‌ جومه‌یلی: عێراقییه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌ته‌ باڵاکان نابێت
Saturday, October 8, 2011

(سبه‌ی):
وێڕای ده‌ستبه‌رداربونی ئه‌یاد عه‌لاوی له‌ پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌ته‌ باڵاکان، په‌رله‌مانتارێکی عێراقییه‌ ته‌ئکید له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، ئیئتیلافه‌که‌ی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆسته‌ نابێت.
وه‌حده‌ جومه‌یلی، ئه‌ندامی ئیئتیلافی عێراقییه‌ به‌ رۆژنامه‌ی (المدی)ی راگه‌یاندوه‌: ئه‌یاد عه‌لاوی ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌ته‌ باڵاکان بوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئیئتیلافی عێراقییه‌ش ده‌ستبه‌رداری بوه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، ئه‌و پۆسته‌ ده‌درێته‌ که‌سێکی دیکه‌ی عێراقییه‌ له‌هێڵی دوه‌م که‌ ئیئتیلافه‌که‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌کان دو هێڵی ده‌ستنیشان کردبو، سه‌رجه‌م سه‌رکرده‌کانی عێراقییه‌ش له‌هێڵی یه‌که‌مدا، له‌ئێستادا خاوه‌ن پۆستی حکومین.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراقییه‌ ته‌ئکیدی له‌وه‌شکرده‌وه‌، بڕیاره‌که‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆکی ئیئتیلافی عێراقییه‌ بۆ وازهێنانی له‌و پۆسته‌، بڕیاری کۆتاییه‌و پاشگه‌زنابێته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007