Print
 راوێژكارێكی‌ عه‌لی‌ خامه‌نه‌ئی: سه‌باره‌ت به‌ سوریا، توركیا شان به‌شانی‌ ئه‌مه‌ریكاو سعودیه‌و ئیسرائیل وه‌ستاوه‌
Saturday, October 8, 2011

(سبه‌ی‌):
لیوا ره‌حیم سه‌فه‌وی‌، راوێژكاری‌ عه‌لی‌ خامه‌نه‌ئی، رێبه‌ری‌ شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ كاروباری‌ سه‌ربازی، ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ رێگه‌دانی‌ توركیا به‌ دانانی‌ سیسته‌می به‌رگری‌ قه‌ڵغانی‌ موشه‌كی ناتۆ له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی‌، هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژیه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات كه‌ سه‌باره‌ت به‌ سوریا، توركیا شان به‌شانی‌ ئه‌مه‌ریكاو سعودیه‌و ئیسرائیل وه‌ستاوه.
‌له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی‌ میهر، سه‌فه‌وی‌ رایگه‌یاندوه‌: توركیا به‌ ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌ هه‌نگاو ده‌نێت سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ روداوه‌كانی ناوچه‌كه‌و پێده‌چێت ئه‌مه‌ریكاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ توركیا بوێت.
ئه‌وه‌شی وتوه‌ كه‌: هه‌ڵه‌ی‌ دوه‌می توركیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێگه‌ی‌ داوه‌ سیسته‌می‌ قه‌ڵغانی‌ موشه‌كی‌ ناتۆ له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی‌ دابنرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك په‌یامێكی رون و ئاشكرا وابو بۆ ئێمه‌و روسیا.
هاوكات سه‌فه‌وی‌ داوای‌ كردوه‌ توركیا چاوبخشێنێته‌وه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانیداو هاوكار بێت له‌ دابینكردنی‌ ئاسایش ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئێران وسوریا تێكنه‌چێت.
راوێژكاری‌ رێبه‌ری‌ شۆڕشی ئیسلامی ئێران باسی له‌وه‌شكردوه‌، كه‌ سه‌باره‌ت به‌ روداوه‌كانی‌ سوریا، توركیا شان به‌شانی‌ ئه‌مه‌ریكاو سعودیه‌و ئیسرائیل وه‌ستاوه‌.

Sbeiy.com © 2007