Print
 لیستی عێراقییه‌: پرۆسه‌ی سیاسی وڵات له‌ لێواری روخاندایه‌
Sunday, October 9, 2011
(سبه‌ی):
له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا که‌ ئه‌مڕۆ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، راوێژکاری لیستی عێراقییه‌ ئاماژه‌ به‌ هۆکاره‌کانی ده‌ستبه‌رداربونی ئه‌یاد عه‌لاوی له‌ ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌ته‌ باڵاکان ده‌کات، ته‌ئکید له‌وه‌ش ده‌کاته‌وه‌، پرۆسه‌ی سیاسی وڵات به‌ره‌و روخان هه‌نگاو ده‌نێت.
هانی عاشور، راوێژکاری لیستی عێراقییه‌ رایگه‌یاندوه‌: پرۆسه‌ی سیاسی له‌لێواری داڕوخاندایه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی مۆنۆپۆڵکردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن تاکه‌ لایه‌نێکه‌وه‌و هه‌وڵدان بۆ دورخستنه‌وه‌ی هاوپه‌یمان و لایه‌نه‌کانی دیکه‌، به‌ هۆکاری جۆراوجۆر.
ئه‌وه‌شی وت: له‌ئێستادا باشترین چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌، خستنه‌ڕوی پڕۆژه‌یه‌کی نیشتیمانییه‌ که‌ پشت به‌ لێهاتویی ببه‌ستێت و کار بۆ هاوبه‌شی نیشتیمانی بکات، له‌به‌رامبه‌ردا دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی بکات.
عاشور ئاماژه‌ی به‌ هۆکاره‌کانی ده‌ستبه‌رداربونی ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆکی ئیئتیلافی عێراقییه‌ش له‌وه‌رگرتنی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی سیاسه‌ته‌ باڵاکان، وتیشی: هۆکاری وازهێنانه‌که‌ی عه‌لاوی هه‌ستکردنی بو به‌ هه‌وڵدان بۆ ئه‌و په‌راوێزخستنه‌ی له‌پرۆسه‌ی سیاسیدا هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ کوده‌تا کردن به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ک ره‌خنه‌شی هه‌بو له‌ هاوبه‌شی نیشتیمانی له‌به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا.
راوێژکاره‌که‌ی عێراقییه‌ داواشیکرد، پڕۆژه‌یه‌کی نوێ دابڕێژرێته‌وه‌ بۆ رزگارکردنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌روخان، به‌ره‌و بنیاتنانی عێراقێك، دور له‌گه‌نده‌ڵی و پشکداری.
ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ له‌کاتێکدایه‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردو، ئه‌یاد عه‌لاوی، وێڕای هۆشداریدان به‌رامبه‌ر ‌خراپبونی دۆخی وڵات و گه‌یشتنی به‌ دۆخێکی نه‌خوازراو، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، که‌ به‌هۆی نه‌بونی شه‌راکه‌تی نیشتیمانی راسته‌قینه‌ و پابه‌ندنه‌بون به‌ رێکه‌وتننامه‌که‌ی هه‌ولێر، وازهێنانی خۆی له‌ پۆستی‌ ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌ته‌ باڵاکان راگه‌یاندوه‌.
 
Sbeiy.com © 2007