Print
 ئیسرایل و فه‌له‌ستین رێککه‌وتن بۆ ئازادکردنی (شالیت) به‌رامبه‌ر 1027 زیندانی فه‌له‌ستینی
Wednesday, October 12, 2011

(سبه‌ی):
دوای ماوه‌یه‌ک له‌گفتوگۆ و دانوستان، دوێنێ سێشه‌ممه‌ ئیسرایل و فه‌له‌ستین رێککه‌وتن بۆ ئازادکردنی (شالیت) به‌رامبه‌ر 1027 زیندانی فه‌له‌ستینی.
دره‌نگانی شه‌وی رابردو، خالید مه‌شعه‌ل، سه‌رۆکی مه‌کته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌مای فه‌له‌ستینی له‌لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ئیسرایل گه‌یشتوینه‌ته‌ رێککه‌وتنێک (گه‌لعات شالیت)ی سه‌ربازی ئیسرایلی، له‌ به‌رامبه‌ر ئازادکردنی 1027 دیلی فه‌له‌ستینیدا، ئازاد بکه‌ین.
ئاشکراشیکرد: ئه‌م رێککه‌وتنه‌ به‌ دو قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێت، له‌قۆناغی یه‌که‌مدا 450 زیندانی ئازاد ده‌کرێن و له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا کۆتایی دێت، قۆناغی دوه‌میش پاش تێپه‌ڕبونی 2مانگ به‌سه‌ر قۆناغی یه‌که‌مدا، جێبه‌جێ ده‌کرێت و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ش ئازاد ده‌کرێن
ئه‌وه‌شی وت: به‌مزوانه‌ ئه‌و رێککه‌وتنه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت و ئه‌و زیندانییه‌ فه‌له‌ستینییانه‌، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نێو که‌سوکاریان، که‌ له‌ناویاندا که‌سایه‌تی سیاسی تێدایه‌.
ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌ دوێنێ سێشه‌ممه‌ حکومه‌تی ئیسرایل له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کیدا، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، 26 وه‌زیر به‌ به‌ڵی ده‌نگیان بۆ داو 3 وه‌زیریش دژی بون.
له‌لای خۆشیه‌وه‌ بنیامین نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرایل ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، به‌مزوانه‌ (شالیت) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو که‌سوکاره‌که‌ی.
جێی ئاماژه‌یه‌ (گه‌لعات شالیت) له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 2006دا له‌هه‌ڵمه‌تێکدا له‌لایه‌ن چه‌کداره‌کانی فه‌له‌ستینه‌وه‌ ده‌ستگیر کرا.

Sbeiy.com © 2007