Print
 بریكاری‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌: ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ پێكهاتوه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تبارانی‌ 17ی‌ شوبات، ده‌ستبه‌كار نه‌بوه‌
Wednesday, October 12, 2011
(سبه‌ی):
45 رۆژ به‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی‌‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت كه‌ له‌ دۆسیه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17ی‌ شوبات و رۆژانی‌ دواتر له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراون و تا ئێستا كه‌س ده‌ستگیر نه‌كراوه‌، بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ش ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌،  كه‌ ئه‌وان هیچ به‌دواداچونێكیان بۆ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌كردوه‌.
به‌ بڕیاری‌ ژماره‌ 23 له‌ 27/8/2011 دا، سه‌رۆكی هه‌رێم داوایكرد سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراون وه‌ك تۆمه‌تبار له‌ روداوه‌كانی‌ 17ی‌ شوبات و رۆژانی‌ دواتر، راده‌ستی‌ دادگا بكرێن، له‌ 14/9 شدا به‌ فه‌رمانی‌ ژماره‌ 2236، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیش به‌هه‌مان شێوه‌ داوایكرد‌ له‌ ماوه‌ی‌ 24 سه‌عاتدا به‌سه‌ر ده‌رچونی فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌، ده‌ستگیربكرێن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و دو بڕیاره‌شدا، تا ئێستا هیچ تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.
ئه‌نوه‌ر حاجی‌ عوسمان، بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: به‌ فه‌رمانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاری‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌ك درا بۆ ده‌ستگیركردنی‌ تاوانبارانی‌ 17ی‌ شوبات، له‌و لیژنه‌دا وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ش ئه‌ندامه‌، به‌ڵام تاكو ئێستا ئه‌م لیژنه‌یه‌ هیچی‌ نه‌كردوه‌ و ده‌ستبه‌كار نه‌بوه‌.
ئه‌نوه‌ری‌ حاجی‌ عوسمان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، كه‌ تاكو ئێستا ناوی‌ هیچ تۆمه‌تبارێكیان بۆ نه‌هاتوه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌.
هاوكات سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری‌ ده‌ستگیر نه‌كردنی‌ تۆمه‌تباره‌كان، وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ "نازانم" وه‌ڵامی دایه‌وه‌.
له‌ لێدوانێكی پێشتردا بۆ (سبه‌ی‌)، كامه‌ران عه‌بدوڵا، پارێزه‌ری که‌یسی قوربانیانی‌ 17ی‌ شوبات و رۆژانی‌ دواتر، بێهیوایی خۆی له‌ به‌رامبه‌ر جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌كانی‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌ت ده‌ربڕی‌ و له‌سه‌ر لێدوانێكی فایه‌ق تۆقیق، بریكاری‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ كه‌ هه‌مان لێدوانی‌ ئه‌نوه‌ری‌ حاجی عوسمانی‌ دوباره‌ كردبوه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ هیچ كه‌سێكیان به‌ ده‌ست نه‌گه‌شتوه‌، ئه‌وه‌ی به‌ (سبه‌ی‌) وت كه‌‌: ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ هه‌موی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکه‌ و خۆڵکردنه‌ چاوی رای گشتیه‌، چونکه‌ بڕیاری ده‌ستگیرکردنی تۆمه‌تبار پێویستناکات بچێته‌ هیچ وه‌زاره‌تێک، به‌ڵکو بڕیاره‌که‌ راسته‌وخۆ له‌ بنکه‌ی پۆلیسه‌وه‌ ده‌گاته‌ تۆمه‌تباره‌که‌ ئه‌گه‌ر شوێنی تۆمه‌تبار دیار بێت، ئه‌وكاتیش پێویسته‌ بنکه‌ی پۆلیس ده‌ستگیری بکات، ئه‌گه‌ر شوێنی دانیشتنیشی نادیاربو، پێویسته‌ بڕیاری ده‌ستگیرکردنه‌که‌ به‌ سه‌ر هه‌مو بنکه‌ و بازگه‌ و خاڵه‌ سنوریه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کاندا بڵاوبکرێته‌وه‌.
ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ كه‌: پێویستناکات بڕیاری ده‌ستگیرکردن بڕواته‌ هیچ وه‌زاره‌تێک، چونکه‌ شتی وا له‌ یاسادا نیه‌، جگه‌ له‌ حاڵه‌تێک نه‌بێت که‌ پێویسته‌ ده‌ستگیرکردنی تۆمه‌تبار ره‌زامه‌ندی وه‌زیری دادی بۆ وه‌ربگیرێت، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر تۆمه‌تبار تاوانه‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری عێراق ئه‌نجامبدات، به‌ڵام ئه‌م تاوانانه‌‌ بینراون و به‌ به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه‌ له‌ سه‌ر شه‌قام ئه‌نجامدراون، بۆیه‌ ده‌ستگیرکردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ پێویستی به‌ بڕیاری دادوه‌ریش نه‌بو، به‌ڵکو ده‌بوایه‌ به‌رپرسی نزیکترین مه‌فره‌زه‌ی پۆلیس له‌ شوێنی روداوه‌که‌، ده‌ستبه‌جێ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ستگیر بکرانایه‌.

هه‌نگاو هاشم
Sbeiy.com © 2007