Print
 هیلاری‌ كلینتۆن: سیاسه‌تی‌ داهاتوی‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌ ئاسیا و زه‌ریای‌ هێمندا دیاری ده‌كرێت نه‌ك له‌ عێراق و ئه‌فغانستان
Wednesday, October 12, 2011
(سبه‌ی‌):
هیلاری‌ كلینتۆنی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندوه‌ كه‌ سیاسه‌تی‌ داهاتوی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ كیشوه‌ری‌ ئاسیا و زه‌ریای‌ هێمندا دیاری‌ ده‌كرێت نه‌ك له‌ عێراق و ئه‌فغانستان.
له‌ وتارێكیدا، كه‌ له‌ گۆڤاری‌ (فۆڕین پۆلیسی‌) ئه‌مه‌ریكیدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، له‌ژێر ناونیشانی‌ "سه‌رده‌می‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ زه‌ریای‌ هێمن"دا، كلینتۆن رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ كاتێكدا كه‌ جه‌نگی‌ عێراق كۆتاییهات و ئه‌مه‌ریكاش ده‌ستیكرد به‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ له‌ ئه‌فغانستان، ئه‌وكاته‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ خاڵێكی‌ میحوه‌ریدا ده‌وه‌ستێت.
راشیگه‌یاندوه‌: له‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵی‌ رابردودا بودجه‌ی‌ زه‌به‌لاحمان بۆ ئه‌و دو جه‌نگه‌ ته‌رخانكردوه‌، له‌ماوه‌ی‌ 10 ساڵی‌ داهاتوشدا ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ زیره‌ك و به‌ به‌رنامه‌ بین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستنیشانی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ چ شوێنێك كات و وزه‌ وه‌به‌ربهێنین و خۆمان بخه‌ینه‌ ئاستێكی‌ باشتر له‌پێناو پاراستنی‌ سه‌ركردایه‌تیكردنمان و گره‌نتی‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان.
كلینتۆن ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌ركه‌كانی‌ داهاتویان بریتی‌ ده‌بێت له‌ چونه‌ناو وه‌به‌رهێنان له‌بواری‌ دبلۆماسی‌ و ئابوری‌ و ستراتیژی‌ زیاتر له‌ ناوچه‌ی‌ ئاسیا و زه‌ریای‌ هێمن.
باسی له‌وه‌شكردوه‌، كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بوه‌ته‌ هانده‌رێكی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ سیاسه‌تی‌ جیهانی‌، له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ئێستادا هه‌وڵی‌ هێنانه‌كایه‌ی‌ پێكهاته‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ و ئابوری‌ شه‌فاف و بانگه‌شه‌ی‌ سه‌قامگیری‌ و پێشكه‌وتن ده‌كات، هه‌ربۆیه‌ پابه‌ندبونی‌ ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ی‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌بێت.
كلینتۆن له‌ وتاره‌كه‌یدا پاش ئه‌وه‌ی‌ باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌تانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كات، له‌نێوانیشیاندا هاوپه‌یمانی‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و یابانی‌ به‌ به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ ئاشتی‌ و سه‌قامگیربونی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ناوبردوه‌و ته‌ئكیدیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌: له‌ڕێگه‌ی‌ په‌ره‌پێدانی‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كانمان، ئێمه‌ شه‌راكه‌تی‌ نوێ‌ پێكده‌هێنین بۆ یارمه‌تیدانی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ هاوبه‌شه‌كان.
به‌ گوێره‌ی‌ وتاره‌كه‌ی‌ هیلاری‌، له‌ ماوه‌ی‌ 10 ساڵی‌ رابردودا سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا تایبه‌ت بوه‌ به‌گرنگیدان به‌ ئاشتی‌ له‌ دوای‌ قۆناغی‌ جه‌نگی‌ سارد تاوه‌كو پابه‌ندبون به‌ عێراق و ئه‌فغانستانه‌وه‌، كاتێكیش ئه‌و دو جه‌نگه‌ كۆتاییانهات ئه‌وا پێویسته‌ هه‌وڵكانمان خێراتر بكه‌ین بۆ گردبونه‌وه‌ له‌ ده‌وری‌ مه‌سه‌له‌ جیهانییه‌ نوێكان.
Sbeiy.com © 2007