Print
 ئه‌ندامێکی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی: هه‌ندێ لایه‌ن ده‌یانه‌وێ حکومه‌ت لاواز بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وا پیشانی بده‌ن ئه‌وان باشترن
Thursday, October 13, 2011

(سبه‌ی):
په‌رله‌مانتارێکی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات، که‌ ده‌یانه‌وێ له‌ڕێی لاوازکردنی حکومه‌ته‌وه‌، وا پیشانی بده‌ن ئه‌وان باشترن و ده‌توانن وه‌ک گونجاوترین جێگره‌وه‌، ئیداره‌ی وڵات به‌ڕێوه‌ ببه‌ن.
عه‌بدولمه‌هدی خه‌فاجی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ئاژانسی (اخباریه‌)ی راگه‌یاند‌وه‌: ئامانج له‌ روداوه‌ توندوتیژییه‌کانی ئه‌مدواییه،‌ لاوازکردنی حکومه‌ته‌، هه‌روه‌ک مه‌به‌ست لێی ناردنی په‌یامێکی هه‌ڵه‌یه‌، که‌ گوایه‌ گه‌لی عێراق پێویستی به‌مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هه‌یه‌.
ئه‌وه‌شی وت: هه‌ندێ لایه‌نی به‌شدار له‌پرۆسه‌ی سیاسی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌کدارییه‌کان و پاشماوه‌کانی به‌عسدا هه‌یه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێگه‌ی رشتنی خوێنی هاوڵاتیانی عێراقییه‌وه‌، حکومه‌ت لاواز بکه‌ن، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆیاندا.
خه‌فاجی، که‌ ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاساشه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌و لایه‌نانه،‌ له‌ڕێگه‌ی لاوازکردنی حکومه‌ت و رێگریکردن و شکستپێهێنانی له‌به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی وڵات، ده‌یانه‌وێ وا پیشانی بده‌ن ئه‌وان ده‌توانن باشتر ئیداره‌ی وڵات بکه‌ن و خۆیان به‌ باشترین جێگره‌وه‌ ده‌زانن.
هاوکات ره‌تیکرده‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ ناوی ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ بکات، که‌ ده‌یانه‌وێ حکومه‌ت لاواز بکه‌ن.

Sbeiy.com © 2007