Print
 سلێمانی؛ ده‌رچوانی‌ زانكۆو په‌یمانگاكان که‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدن، نیگه‌رانن له‌شێوازی دامه‌زراندن
Thursday, October 13, 2011

(سبه‌ی):
ژماره‌یه‌ک له‌ ده‌رچوانی‌ زانكۆو په‌یمانگاكان له‌سلێمانی، که‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانی‌ كوردستانن، نیگه‌رانن له‌ به‌رامبه‌ر فه‌رامۆشكردنیان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌.
له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا که‌ کۆپییه‌کی بۆ (سبه‌ی) نێردراوه‌، تیایدا هاتوه‌: له‌ كاتی‌ پرۆسه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكاندا دیسان ئه‌و جیاوازییه‌ به‌ زه‌قی‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌، که‌ لیژنه‌ی‌ دامه‌زراندن له‌ هه‌ولێر پشكی‌ بۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان ئه‌ژمار كرد، به‌ڵام لیژنه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان هیچ حسابێكی‌ وه‌ك رێزلێنان بۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان نه‌كردو له‌و مافه‌ بێبه‌شیان كردین.
هاوکات داوایان له‌ هه‌ر سێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم کردوه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بێبه‌شكرد‌ن و حسابنه‌كردنه‌ بۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان رونكردنه‌وه‌ بده‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بێده‌نگ نابن‌و هه‌مو رێگه‌یه‌كی‌ یاسایی‌‌و شارستانی‌ ده‌گرنه‌ به‌ر.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌
ناڕه‌زایی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان له‌ لیژنه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ/ سه‌رجه‌م دام‌و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان
له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردودا كۆتایی‌ به‌ پرۆسه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان هات‌و ئێمه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانی‌ سه‌ربه‌رزی‌ كوردستان، به‌ر له‌ هه‌مو كه‌س چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ بوین، وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی‌ تری‌ ئه‌م وڵاته‌ هه‌لی‌ كارمان له‌م حكومه‌ته‌دا بۆ بڕه‌خسێ‌، كه‌ به‌ری‌ ره‌نجی‌ باوك‌و براكانی‌ ئێمه‌ بو، ئه‌وانه‌ی‌ گیانی‌ خۆیان به‌خشی‌ تا خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ ئازادی‌ بژی‌‌و سه‌ربه‌رزانه‌ وڵاتی‌ خۆی‌ ئاوه‌دانبكاته‌وه‌، دادگه‌ری‌ سه‌رجه‌م توێژه‌كان بگرێته‌وه‌و هه‌مو سودمه‌ندبین له‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ وڵاتمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ ئێمه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانه،‌ ئه‌و جیاوازییه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ یه‌خه‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌مانی‌ به‌ر نه‌داوه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ كاتی‌ پرۆسه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكاندا دیسان ئه‌و جیاوازییه‌ به‌ زه‌قی‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌و لیژنه‌ی‌ دامه‌زراندن له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر پشكی‌ "خاڵ"ی‌ بۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان ئه‌ژمار كرد، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لیژنه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان هیچ حسابێكی‌ وه‌ك رێزلێنان بۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان نه‌كردو له‌و مافه‌ بێبه‌شیان كردین.
ئێمه‌ ده‌ستخۆشی‌ له‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین‌و كاره‌كه‌یان به‌شیاو ده‌زانین كه‌ وه‌ك رێزێك بۆ خوێنی‌ سه‌ربه‌رزی‌ شه‌هیده‌كانمان ئه‌و كاره‌یان كردوه‌و پێمانوایه‌ ده‌بو لیژنه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ پارێزگای‌ سلێمانیش هه‌مان كاربكه‌ن‌، پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم جیاوازی‌ بكات له‌نێوان كوڕه‌ شه‌هیدێك‌و بكوژی‌ شه‌هیده‌كانماندا، ئێمه‌ لێره‌دا دژی‌ مافی‌ هیچ كه‌سێك نین‌و پێمانوایه‌ هه‌مو گه‌نجێك مافی‌ دامه‌زراندن‌و كار بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌مو هاوڵاتییه‌كی‌ ئه‌م وڵاته‌ پێویسته‌ له‌ ئه‌رك‌و مافدا یه‌كسان بێت، به‌ڵام له‌ ته‌واوی‌ دونیادا حكومه‌ته‌كان به‌ كۆمه‌ڵێك ئیمتیاز رێز له‌و كه‌سانه‌و كه‌سوكاره‌كانیان ده‌گرن، كه‌ له‌پێناو خاك‌و نیشتیمانه‌كه‌یاندا شیرینترین شتی‌ خۆیان كه‌ روحیانه‌ ده‌به‌خشن...
بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك‌و كۆمه‌ڵێك له‌ ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان كه‌ كوڕو كچ‌و خوشك‌و برای‌ شه‌هیدانی‌ كوردستانین، نیگه‌رانی‌و ناڕه‌زایی‌ خۆمان له‌م بێبه‌شكردنه‌ ده‌رده‌بڕین‌و داوا له‌ هه‌ر سێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌م بێبه‌شكرد‌ن و حسابنه‌كردنه‌ بۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان رونكردنه‌وه‌ بده‌ن، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ بێده‌نگ نابین‌و هه‌مو رێگه‌یه‌كی‌ یاسایی‌‌و شارستانی‌ ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و مافه‌مان وه‌رگرینه‌وه‌، هه‌روه‌ها بیری‌ سه‌رۆك‌و به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیشی‌ ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ‌تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ژیانێكی‌ ساده‌ له‌ خانو، موچه‌‌و پێداویستییه‌كانی‌ تری‌ ژیان بۆ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان دابین بكه‌ن، مافی‌ كارو دامه‌زراندنیشمان پێ ره‌وا نابینن له‌م هه‌رێمه‌دا كه‌ به‌ خوێنی‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌م قۆناغه‌؟ وێنه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێزان:
ـ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم
ـ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
ـ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان
ـ لیژنه‌كانی‌ دامه‌زراندن
به‌ڵێ‌ بۆ ئازادی‌‌و دادگه‌ری‌ كه‌ دروشمی‌ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان بو نه‌خێر بۆ گه‌نده‌ڵی‌‌و نا دادپه‌روه‌ری‌‌و فه‌رامۆشكردنی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان
 
گروپێك له‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان له‌ ده‌رچوانی‌ زانكۆو په‌یمانگاكان
12/10/2011 ـ سلێمانی‌

Sbeiy.com © 2007