Print
 دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی (ته‌عجیل)ی هه‌ولێر خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییان بۆ به‌رده‌م پارێزگا ئه‌نجام دا
Thursday, October 13, 2011

(سبه‌ی):
پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه،‌ دانیشتوانی‌ گه‌ڕه‌كی ته‌عجیلی شاری هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی‌ داواكردنی‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یان، خۆپێشاندانێكی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداو بۆ ماوه‌یه‌ک شه‌قامی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێریان داخست.
شیرین خدر، یه‌كێك له خۆپیشانده‌ران و ‌دانیشتوی‌ گه‌ڕه‌كی‌ ته‌عجیل بۆ (سبه‌ی‌) وتی: گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان كۆنترین گه‌ڕه‌كی‌ هه‌ولێره‌و خانوه‌كانیشمان زۆر كۆنه‌و خراپ بوه‌، به‌ڵام رێگامان پێناده‌ن خانوه‌كانمان چاكبكه‌ینه‌وه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، چه‌ند جارێك داوای‌ قه‌ره‌بومانكردوه‌، که‌چی هیچیان بۆ نه‌کردوین، ته‌نیا چه‌ند خاوه‌ن خێزانێک نه‌بێت، که‌ زه‌وییان وه‌رگرتوه‌.
دانیشویه‌کی دیکه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ به‌ناوی كاروان فه‌یسه‌ڵ رایگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان گه‌ڕه‌كێكی كۆنی كولتورییه،‌ رێگه‌ به‌ هیچ خانویه‌ك نادرێت ده‌ستكاری شێوه‌ و شێوازی خانوه‌كان بكه‌ن یاخود نۆژه‌نی بكه‌نه‌وه‌، وێڕای ئه‌مانه‌ش خانوه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك كۆن بون‌، که‌ پڕیه‌تی‌ له‌دوپشك و مار و مشك، ئه‌مه‌ش بۆته‌ مه‌ترسی‌ بۆسه‌ر ژیانمان.
له‌لای خۆیه‌وه‌ هه‌مزه‌ حامد، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر بۆ‌ (سبه‌ی)‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: ئه‌م گه‌ڕه‌كانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی‌ قه‌ڵای هه‌ولێره‌‌ له‌لایه‌ن یونسكۆوه‌و‌ ئه‌وانیش كۆمه‌ڵێک مه‌رجیان هه‌یه‌.
له‌باره‌ی‌ مه‌رجه‌كان هه‌مزه‌ حامد وتی: یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كان ئه‌وه‌یه‌ یونسکۆ به‌شێك له‌گه‌ڕه‌که‌‌كانی وه‌ك شوێنی بازرگانی ده‌ستنیشان كردوه‌، به‌شێكیش وه‌ك شوێنی نیشته‌جێ بون، هه‌روه‌ها گه‌ڕه‌كی ته‌عجیلیشی وه‌ك گه‌ڕه‌كێكی نیشته‌جێبون دیاری كردوه‌، به‌وهۆیه‌وه كرێچییه‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ داوای‌ قه‌ره‌بو ده‌كه‌ن به‌ پێدانی پارچه‌یه‌ک زه‌وی پێیان.
رونیشیکرده‌وه‌، ئێمه‌ ناتوانین قه‌ره‌بویان بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌توانن خاوه‌ن خانوه‌كانیان ئاگا‌داربكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خانوه‌كانیان بۆ نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه‌، هه‌ر خاوه‌ن خانویه‌كیش به‌ هۆی كۆنی خانوه‌كه‌ و كه‌می كرێی خانوه‌كه‌ ده‌توانێ داوای‌ ئه‌وه‌ بكات، كه‌ حكومه‌ت خانوه‌كه‌ی لێ بكڕێته‌وه‌ به‌ پێی یاسا.

هه‌ژار ئه‌نوه‌ر

Sbeiy.com © 2007