Print
 عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان: حكومه‌تی‌ توركیا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ كورد وه‌ستاندوه‌
Thursday, October 13, 2011
(سبه‌ی):
به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵێكی ئاژانسی هه‌واڵی (فورات)، دوای زیاتر له‌و 7 مانگ له‌ دابڕاندنی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌ خێزانه‌كه‌ی‌ و رێگرتن له‌ دیداری‌ نێوانیان، ناوبراو چاوی كه‌وتوه‌ به‌ محه‌مه‌دی برای و له‌و دیداره‌دا ئه‌وه‌ی‌ پێ راگه‌یاندوه‌ كه‌ "ئاماده‌یه‌ رۆڵی خۆی بگیڕێت بۆ وه‌ستاندنی خوێن رشتن".
هه‌ر له‌و دیداره‌دا ئۆجه‌لان سه‌باره‌ت به‌ دانوستانی‌ كوردو حكومه‌تی توركیا وتویه‌تی: "به‌هۆی هه‌ڵوێستی حكومه‌ته‌وه‌، نه‌ك ئێمه‌؛ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ راگیراوه‌، به‌ ره‌تكردوه‌نه‌ی دانیشتن له‌گه‌ڵمان، ئه‌وان ده‌می ئێمه‌یان داخستوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌سه‌ر قسه‌ی خۆمان سورین".
به‌پێی قسه‌ی محه‌مه‌د، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ئاماده‌یی خۆی‌ ده‌ربڕیوه‌ بۆ رۆڵگێڕان به‌ مه‌به‌ستی‌ رێگرتن له‌ خوێن رشتن و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌ كه‌: "پێویسته‌ هه‌ردولا (حكومه‌تی توركیاو كورد) هه‌وڵبده‌ن بۆ رێگرتن له‌ رشتنی فرمێسكی دایكانی گه‌ریلا و سه‌ربازه‌كان".
ماوه‌ی 7 مانگه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیا رێگه‌یان نه‌داوه‌ خێزانه‌كه‌ی‌ چاویان به‌ ئۆجه‌لان بكه‌وێت و زیاد له‌ 80 رۆژیشه‌ پارێزه‌ره‌كانی‌ نه‌یانبینیوه‌، له‌و دیداره‌شدا له‌گه‌ڵ براكه‌ی‌، ئۆجه‌لان ئه‌وه‌ی خستوه‌ته‌ڕو كه‌ نازانێت كه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كانی‌ و خێزانه‌كه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007