Print WWW.SBEIY.COM
 كاریگه‌ری‌ تارمایی‌ عه‌قڵیه‌تی‌ فیفتی‌ به‌فیفتی‌ له‌سه‌ر كۆنگره‌ی‌ سه‌ندیكای‌ پزیشكانی‌ كوردستان
د.محه‌مه‌د ئه‌مین
25/05/2014

 

پێتان سه‌یرنه‌بێت سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ سیاسیه‌ ئه‌رێنیانه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ده‌ركه‌وتنی‌ سه‌نگ و قورسایی‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، تارمایی‌ عه‌قڵیه‌تی‌ فیفتی‌ به‌فیفتی‌ له‌لای‌ پزیشكانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان هه‌رماوه‌، ئه‌و حیزبه‌ی‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌حیزبێكی‌ پۆست مودێرن ناسراوه‌ و سه‌روبنی‌ زمانیان دیموكراسیه‌ته‌، وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن یه‌كێتی‌ له‌هه‌چ شوێنێك بێت دیموكراسی‌ له‌وێیه‌، گوایه‌ پێگه‌و سه‌نگ و قورسی‌ حیزبه‌كه‌یان به‌هه‌ڵبژاردن نییه‌، به‌ڵكو به‌هێزو خه‌باته‌، به‌ڵێ‌ به‌ته‌نها ئه‌وان فریشته‌ن و خه‌باتیان كردوه‌ و ئێمه‌ و به‌ده‌رله‌وان شه‌یتانین ومانای‌ خه‌بات نازانین.

 

ئه‌مه‌ بۆ سیهه‌مین جاره‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رێگره‌ له‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ لقه‌كان بۆ كۆنفراسی‌ سه‌ندیكای‌ پزیشكانی‌ كوردستان، ئه‌مجاره‌یان به‌پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ لیستی‌ ناوی‌ پزیشكانی‌ لقی‌ هه‌ولێر كێشه‌ی‌ تێدایه‌ و ناتوانن وه‌ك پێویست پوخته‌كاری‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و راستیه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ لقی‌ هه‌ولێری‌ سه‌ندیكای‌ پزیشكان خۆی‌ سه‌ر به‌یه‌كێتی‌ نیشتمانییه ‌و ئه‌كرا له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م مانگه‌دا پوخته‌كاری پێویستیان بكردایه‌، نه‌ك بڕیاری‌ دواخستنی‌ پرۆسه‌كه‌یان بدایه‌ پێش ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ماوه‌یه‌كی‌ زۆركه‌م و تێكدانی‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ئه‌گه‌ری‌ كردن و نه‌كردنی‌ تائه‌و ساته‌ی‌ رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بێئومید بو له‌هه‌وڵه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌چه‌ند كاتژمێرێك پێش هه‌ڵبژاردن، دواتر بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ له ‌هه‌ولێر و دهۆك وه‌نه‌كردنی‌ پرۆسه‌كه‌ له‌سلێمانی‌ و كه‌ركوك گوایه‌ سلێمانی‌ و كه‌ركوك زۆنی‌ سه‌وزن، بۆ راستی‌ ودروستی‌ بۆچونه‌كه‌م نه‌یانهێشت له‌كۆیه‌ش هه‌ڵبژاردن بكرێت له‌كه‌ڵ ئه‌و راستیه‌ی‌ كۆیه‌ سه‌ر به‌هه‌ولێره‌، هه‌رئه‌مه‌ خۆی‌ له‌خۆیدا كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌یه ‌و دژی‌ به‌دامه‌زراوه‌كردن وسیستیماتیككردنی‌ حكومه‌ته‌ .

 

ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ داخه‌، نازانم بۆ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌م جۆره‌ هاته‌سه‌رخه‌ت و خۆی‌ كرد به‌خاوه‌نی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌؟! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ شێوازی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ شێوازی‌ تاكه‌كه‌سی‌ بو بۆ وه‌لانانی‌ حیزب له‌كاری‌ رێكخراوه‌یی‌، دورو نزیك هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ و حیزبه‌كانی‌ تریشه‌وه‌ نه‌بو، ته‌نانه‌ت زروێك له‌پزیشكه‌ یه‌كێتیه‌كانی‌ سلێمانی‌ سه‌رسامبون به‌نه‌كردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌سات واده‌ی‌ خۆی.

 

ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌سه‌ره‌تاوه‌ گومانی‌ له‌پێگه‌و كاروچالاكی‌ و راستی‌ ودروستی‌ لیستی‌ ناوی‌ ئه‌ندامانی‌ لقی‌ هه‌ولێری‌ سه‌ندیكای‌ پزیشكان هه‌بو كه ‌خۆیان به‌ڕێوه‌یان ده‌برد، بۆ زوتر ئه‌م راستیانه‌یان بۆ پزیشكان و رای‌ گشتی‌ رون نه‌كرده‌وه‌، با زوتر رایان بگه‌یاندایه‌ ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان نه‌ماوه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ و پوخته‌كردنی‌ كێشه‌كان و پێشتر ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر كۆی‌ پرۆسه‌كه‌ نه‌دایه‌.

 

ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ منه‌وه‌ سه‌یره ‌و جێی‌ سه‌رنجه‌ كێشه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر بو، به‌ڵام له ‌سلێمانی‌ و كەركوك هه‌ڵبژاردن نه‌كرا! ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ تارمایی‌ (شبح) عه‌قڵیه‌تی‌ فیفتی‌ به‌فیفتی‌ نه‌بێت به‌چ لوجێكێك له‌ هه‌ولێر و دهۆك ده‌كرێت و له ‌سلێمانی‌ و كەركوك ناكرێت، ئه‌مه‌ زه‌نگێكی‌ ترسناكه‌ بۆ بره‌ودان به‌دو ئیداره‌یی‌ و فه‌لسه‌فه‌ی‌ ئه‌گه‌ر پێم نه‌كرێت پێم تێك ئه‌درێت، ئائه‌مه‌یه‌ عه‌قڵیه‌تی‌ حیزب له‌سه‌ده‌ی‌ بیست ویه‌ك.

 

ئێمه‌وه‌ك خۆمان ((زۆرینه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ كۆنگره‌)) سوربوین له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌كه‌ به‌بێ‌ كه‌موكوڕی‌ له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی‌ دیموكراسیدا سه‌ره‌ڕای‌ دروستكردنی‌ به‌ربه‌ست له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ نیشتمانی كوردستانه‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕوانگه‌ی‌ به‌رپرسیارێتیمان به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و برا پزیشكه‌كان بۆ رێگرین له‌شێواندنی‌ بارودۆخی‌ گشتی‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆمان راده‌گه‌یاند و داوای‌ لێبوردنمان له‌ برا پزیشكه‌كان كرد، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان نامه‌یه‌ك بو بۆئه‌وانه‌ی‌ به‌عه‌قڵیه‌تی‌ ئه‌گه‌ر پێمان نه‌كرێت پێمان تێك ئه‌درێت، ئێمه‌ له‌ئێوه‌ زیاتر خاك و نیشتمانه‌كه‌مان خۆشترده‌وێت بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌مان كرده‌ قوربانی‌ یه‌كڕیزی‌ نیشتمانی‌، ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی‌ ئیوه‌نا كه ‌هه‌رده‌م له‌سه‌ر زمانتانه ‌و ماناكه‌شی‌ نازانن، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت رۆژێك ده‌بێ‌ بكرێت، ئێمه‌ وه‌ك پزیشك و پیشه ‌پزیشكیه‌كه‌ به‌عه‌قڵیه‌تی‌ خۆمان بیرده‌كه‌ینه‌وه‌ نه‌ك به‌عه‌قڵیه‌تی‌ حیزب وحیزبیه‌كان.