Print WWW.SBEIY.COM
 بەڕێز مام جەلال ناڕەزایە لە سیاسەتی پارتی و یەكێتی لە كەركوك!
مه‌لا فه‌رمان
10/12/2007


پێشەكییەكی كورت
كەركوك شارێكی پڕ كێشە و هەستیارە، هەموو كوردێك دركی پێ كردووە و بە بایەخەوە تێی دەڕوانێت، ئەم هەستیارییە هێند ناسكە بەو رادەیەیەی هەندێ جار كەسانی بڕیار بەدەستیش سڵدەكەنەوە لە باسكردن و دەست بۆ بردنی، بەڵام سەد مه‌خابن هەستیاری، دڵتەنگی، دڵەڕاوكێیی، دەرمانی دەردەكان، ئاوارەیی لە ناو ماڵی خۆتدا، بەستەزمانی، بێبەشكردن، گەرمی بەر ئاگردان، ژێر چەپۆكەیی، گوێڕایەڵی، ئازایەتی و جوامێری، خۆنەویستی، خوێن بەخشین..... ی دانشتوانی ئەم شارە كەس بە قەد كەركوكییەكان هەستی پێ ناكەن و پێوەی ناتلێنەوە.

 هونەرمەندان و شاعیرانیش وەك خۆم و عودەكەی مامە گیان پەی بە تاموچێژی سۆز و شین و گریان نابەن. ئازایەتی و خوێن بەخشینیش دەبێت لە رێشە و مەلا ئاراس و مەلا محێ الدین بپرسین، هێمنی، لەسەرخۆیی و هەستیاری لە كاك ئازاد هەورامی و مامۆستا قادر فێربین، بۆ هەڵوێست و بەرزی عیزەت نەفس لە مەلا عبدالرحمانی ئاوبارە.

 بۆ گێڕانەوەی چیرۆكی رۆژانی ژێر زەمینیش روو لە كۆمیتەی ئاگر، ئەحمەد كرێكار، حەمیدە سوور، دایكی شەهید زۆراب، مامۆستا یاسین و هەڤاڵانیان بكەین. بەساڵچووەكانی شاریش مامۆستای هونەری پێكەوە ژیان و برایەتین، هەموو ئەوانەی دەیانەوێت لە ئاهوناڵەی كەركوكیان بگەن بابفەرموون بۆ ئێوارەخوانی كەركوك، بۆ ئەو ژێرزەمینە تاریك و شێدارەی ساڵانی خەباتی نهێنی، لێرەوە رەخنەكان بگرین و یەكەم هەنگاوی چارەسەریش لێرەوە دەست پێ بكەین.

رەخنەیەكی واقیعیانە و دروستكەر

ناڕازیبوونی بەڕێز مام جەلال ئەگەرچی لە كاتدا درەنگە، بەڵام نیشانەی پێزانینیەتی لە گرفتەكانی كەركوك و ئازاری دانیشتوانەكەی، بەڕێزی دوو ساڵ لەمەوبەر لە كۆبوونەوەیەكدا رەخنەی لە ئیدارەی كەركوك گرت، فەرمووی " گەر كاركردن بەم شێوەیە بڕوات دەبێت 2 دوو ساڵی تر فاتیحا بخوێنین".
 لە كۆبوونەوەیەكی كەدا خۆم ئامادەبووم، فەرمووی " لەم قۆناغە كەركوك زیاتر پێویستی بە گرنگیدان بە نیشتەجێكردن هەیە نەك بە كاری جوانكاری"، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری سەرفكردنی 20 بیست ملیۆن دۆلاری دا. 

بە داخەوە نازانم بەڕیزی ئاگادارە یان نا ئەم پلانە نەكەوتە باری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش بە دەردی قیرتاوكردنی جادەی نێوان شوان- تەقتەق چوو: ئەو شاڕێگا گرنگەی كەركوك بە شاری كۆیه‌ و شیواشۆكەوە دەبەستێتەوە!.

ئەم ناڕەزایی دەربڕینە دەقاودەق لێكچووە لە گەڵ یەكێ لە رەخنەكانی خەڵكی كەركوك، بۆیە دانیشتوانی ئەم شارە بەگەرمی پێشوازی لێ دەكەن و پێی شادن، بەڵام زۆر شادتر دەبن گەر بەڕێزی هیمەت بكات بە پراكتیزەكردنی ئەم ناڕەزاییە، چونكە باش پێكەوە كارنەكردن و لەیەك نەگەیشتن یەكێكە لە هۆی بوونی ئاڵۆزیی لەم شارە و فاكتەرێكیشە لە دواخستنی هەنگاوەكانی ماددەی 140.

خراپی ئەم سیاسەتە چۆنە و لە چیدا رەنگی داوەتەوە!

هەموو پارتێكی سیاسی مافی خۆیەتی برەو بە حیزبەكەی خۆی بدات، بانگهێشە بۆ بەرنامەكەی بكات و كاری جددی بۆ بكات، بەڵام ئەم مافە پێویستە لە چوارچێوەیەك دەرنەچێت، نەگاتە ئەو رادەیەیەی زیان بە مەسەلە نیشتمانییەكان بگەیەنێت، كە خۆی لە بەزاندنی تاكە هیڵی سووری نیشتیمان پەروەری دەبینێتەوە. هەندێ لەو ئەدائانە بریتین لە:

1- بوونی 2 دوو پەروەردە و دانانی مامۆستا لە 2 دوو قۆڵەوەوە؛
2- چارەسەر نەكردنی كێشەی ئیداری ناحیەی سەرگەڕان؛
3- بوونی دوو سیاسەتی جیاواز لە هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ كەمە نەتەوەكانی كەركوك،
بەڕەوانەبینینی بەشداریكردنیان لە دەسەڵات؛
4 – دیاربوونی مۆركی حیزبی بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە، بەو پرۆژانەشەوە لە سەر     بودجەی حكومەتی كوردستان دەكرێت؛ 

5 – هەڵڕشتنی پارە بە شێوەی ناشەرعی وەك: بڕینەوەی مووچەی 20000 تا 60000 بۆ خەڵك بە مەبەستی كاری حیزب و بە حیزبیكردنی دانیشتوانی ئەم شارە؛
6 – بوونی كەسانی بێتوانا و رابردوو خراپ لە دامودەزگا حكومی و حیزبییەكان؛
7- خراپی باری خزمەتگوزاری و خراپ جێبەجێكردنی پرۆژەكان؛
................................ تاد.
رەنگدانەوەی ئەم شێوە كاركردنەش لە بێزاری و زەرەرمەندی خەڵك بەدی دەكرێت.

كێ بەرپرسیارە لەم خراپ كاركردنە؟
پەیامەكەی بەڕێز سەرۆك كۆمار گەیشتە هەموو لایەك. هەموو كادر و ئەندامانی حیزب باس لە خراپی سیاسەتی یەكێتی و پارتی دەكەن لە كەركوك، رەنگە زۆربەشیان بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ بكەن، چونكە زۆردەمێكە هەمان رەخنەیان هەیە، ماوەیەكی زۆرە پێوەی دەتلێنەوە و بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن. لێرەوەش گەڕان دەست پێدەكات بۆ ئەوەی بزاندرێ كێ بەرپرسیارە لە خراپ كاركردنی چەند ساڵی رابردوو.
كەسی یەكەمی حیزبەكان؟ سەركردایەتی كورد بە گشتی؟ حیزبە بچووكەكان و رێكخراوە ناحكومییەكان؟ مەڵبەند و لق؟ كۆمیتە و ناوچە؟ بەرپرسانی شار یان خەڵك خۆی؟
من لای خۆمەوەوە بەم شێوەیە دابەشی دەكەم:

1- بێدەنگی دانیشتوانی ئەم ناوچانە لە راست پیادەكردنی ئەو سیاسەتە هەڵەیە. ئەم بێدەنگییەش لە بڕوابوون و متمانەی تەواویان بە سەركردایەتی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەو هیوایەیەی  ئەوان بەدەنگیانەوە بێن و گوێان لێ بگرن و چارەسەری كێشەكان بكەن؛ 
2- بێدەنگی هەموو ئەو رێكخراوانەی خۆیان بە سەربەخۆ و نا حكومی دەزانن، هەموو ئەو حیزبانەی   لە پەناو پەسێر رەخنە دەگرن؛ 

3- بەڕێز مام جەلال وەك سەركۆمارێك رەنگە تەنها ئەوەندە بەرپرسیارێتی بكەوێتە ئەستۆ دەبوایا   هەوڵی بدایا لەم شارە بەپێی یاسا دەسەڵاتی حیزب و حكومەتی لێك جیا بكردایاتەوە؛  

4- بەڕێز مام جەلال وەك سكرتێری ی.ن.ك پشكی هەرە زۆری ئەم بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆدایە.   بەپێی دەسەڵاتی سكرتێر دەتوانێت هەموو كادرەكان بانگ بكات و لێیان بپرسێتەوە، یان ئەمربكات  لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت، جگە لەوەی مام وا سەیر دەكرێت كە دەوای دەردەكانی لە گیرفان   دابێت و پێویست بە دكتۆرێكی باش بكات؛  

5- جەنابی سەرۆكی كوردستان بەڕێز كاك مەسعود لە دوو لاوە بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ: - لەڕووە حیزبێكەوە وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان – لەڕووی یاساییەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان. لەم كاتە ناسكەدا وا چاوەڕوانمان دەكرد، پێویست بوو بەڕێزی بانگهێشی هەموو سەركردایەتی كوردی بكاردایا بۆ دانانی رێگا چارەیەك لە م بارەوە، بۆیە هەقمانە بپرسین سەرۆك بۆ دەست پێ ناكات؟؛
 5 – كۆمیتەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی هەردوو حیزب بەرپرسیاری چاودێری نەكردنی       مەیدانی بەردەوامی كارەكانیان لە ئەستۆدایە، یاخود وەك پێویست لەنزیكەوە هەوڵی چارەسەركردنیان نەداوە؛ 

6- بەرپرسانی كەركوك هەر بوونیان لە مەیدان خۆی لەخۆیدا جۆرێكە لە ئازایەتی و هەستكردن بە   خۆ بە خاوەن زانینی ئەم شارە، ئەمەو كارە باشەكانیان جێی دەستخۆشی و پێزانینە، بەڵام لە ئەدائە خراپەكان لەم روانەوە پشكیان بەر دەكەوێت:  

- نەبوونی بەرنامە و ریزبەندی لە كارەكاندا؛
- ناتەبایی و پێكەوە كارنەكردن؛
- خۆ خەریككردنی زیاتر بە هەندێ كاری شەخسی و سانەوییەوە؛
- نەگەیاندنی راستییەكان وەك خۆیی و پێویست بە دەزگاكانی سەروو؛
- باش هەڵسوكەوت نەكردن و هەڵوێستی جیا جیا لە پێكهاتەكانی كەركوك؛
- دەستنیشان نەكردنی بەرپرسیارێتی لە كەمووكوڕیەكان. بۆ نموونە كام دەزگا بەرپرسیارە لە خراپی باری ئەمنی كەركوك و تەقینەوەكان؟ پۆلیس، ئاسایش ( كام ئاسایش)،  پارێزگار، ئەنجومەن، رێكخستن، بەغدا ... تاد. 

- كێ بەرپرسیارە؟ لە چارەسە نەكردنی كێشەی ناحیەی سەرگەڕان- دووبز. پارتی یان یەكێتی!.  
بە كورتی بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی هەموو تاكێك، هەر كەسە بە گوێرەی ئاستی دەسەڵات و دەسترۆیی.

چارەسەر چییە؟
بۆ ئەم قۆناغە هەندێ لە داواكانی خەڵكی كەركوك باس دەكەم، ئەو داوایانەی لە ئەنجامی سیاسەتی یەكێتی و پارتی و بەدەنگەوە نەهاتنی وەك پێویستی حكومەتی هەرێمەوە پەیدا بوونە:

1- تەرخانكردنی 1/5 بودجەی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوچەی كەركوك؛
2- گۆڕینی پێكهاتەی دامودەزگا ئیدارییەكانی كەركوك، بە جەنابی پارێزگارەرە....
3- بایەخدانی تەواو بە نیشتەجێكردن، لە شار و گوندەكان؛
4 – پێداچوونەوەیەك بە شێوەی كاری حیزبی؛
5 – گێڕانەوەی ئەو سجل نفوسانەی تائێستا لە هەولێر حیجز كراون. ( ماوەیەك لەمەوپێش لە رێگای بەڕێز كاك بەرهەم ساڵح ەوە بە نامە ناردوومە بۆ بەڕێز مام جەلال)؛
6- لیژنەی ماددەی 140 با كاری خۆیان بكەن، بەڵام حكومەتی كوردستانیش با دەست بكات بە هاوكاری كەركوكییەكان؛ 
7- گەڕانەوەی سجل نفوسی شوان و هەموو شوێنەكانی تر بۆ شوێنی خۆیان؛
8- دانانی لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە لە كاری چەند ساڵی رابردوو؛
9 – فشارخستنە سەر بەغدا بۆ زیاتر هاوكاریكردنی دەزگا ئیدارییەكانی كەركوك.

 ماددەی 140
لە 21 رۆژی داهاتوودا لە توانای هیچ حكومەت و پارلەمان و لیژنەیەكدا نییە بتوانێت بڕگەكانی ئەم ماددەیە جێبەجێ بكات بۆیە باشتر وایە:

1- لیژنەی ماددەی 140 كاراتر بكرێت و هەنگاوی بەرچاو بنێت؛
2- پارلەمانی عێراق بەپێی رێوشوێنێكی گونجا و كاتی جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە درێژبكاتەوە بۆ مانگی 6 -2008
3- ماوە دیاریبكرێت بۆ جێبەجێكردنی هەر سێ قۆناغە دەستورییەكەی ئەم ماددەیە؛
4- سەرپێچیكەر یان هەركەسێ كۆسپی خستە بەردەم كاری جێبەجێكردنەوە، دادگا لێپرسینەوەی لە گەڵ بكات.

چارەسەری ئەمانەی سەرەوە بەشێكی زۆر لە ئازار و گلەییەكانی كەركوك كەم دەكات، چونكە دەزانین هەموو شتێك 100% بەویستی ئێمە و سەركردایەتییەكەمان نابێت و رەنگە لە تواناشدا نەبێت.
ناڕەزاییەكەی بەڕێز مام جەلال ناڕەزایی هەموانە، راست و دروست و لە جێی خۆیەتی، هەموو خوازیاری پراكتیزەكردنی ئەو رەخنە و ناڕەزاییەین.
ئەم هەنگاونانەش هەر لەتوانای خۆیەتی، بۆیە با بە چەپكە گوڵێكەوە بفەرموێت بۆ ئێوارەخوانێ لە شارەكەی خۆی، كەركوكییەكانیش دەست بە سنگەوە دەنێن و پێی گەورەتر دەبن.