Print WWW.SBEIY.COM
 منداڵە یاخیبوەکان
چیا عه‌باس
15/03/2011

فڕکەفڕک و هاژەهاژ و وێڵیەتی شەپۆلە بریقەدارەکانی "ئەستێرە ناسراوەکان" مەودا و تینێکی وایان نەبو تا تاریکی لە ئاسمانی ئەم مەملەکەتە راماڵن. ئەوان سەرقاڵی چاوبازی و عیشقێکن لەگەڵ هەسارەیەکدا کە نەخشەی ئەم مەملەکەتەی ئێمەی تێدا نەکێشراوە. ئەوان مورادی فەزایەکی بێ تریشقە وگرمەگرمن و لەو بۆشاییە نامۆ و دورەی تێدا گیرساونەتەوە خۆیان لە قەڵایەکی دەسکردی خەیاڵ خزاندوە و جێی ناهێڵن، قیرسچمە و دەمارگیرانە قایڵ نین لەگەڵ چەپکە تریفەی بەخشندەی یەزدان و ئومێددا بەرەو ئەمناوە هەڵکوتن. ساڵانێکە ئەوان کە لەو مۆڵگە شکۆدارەی یەزداندا جێگیربون پەیتا پەیتا گوتار و نامە و فەرمان بە تەتەرە کوێرەکانیاندا بۆ منداڵانی دەڤەرەکانی ژێر فەزایان دەنێرن. خۆیان تەنیا بۆ جارێکیش بێت بەسەردان رویان لە کۆڵان و کەلاوە و چاڵە تاریکەکانی مەملەکەت نەکردوە. ئەوان لە دوریەکی ئێجگار دور تاج و عه‌رشی مه‌مله‌که‌تیان بۆ خۆیان زه‌وتکردوه‌ و به‌ سوننه‌تی کوێخایه‌تی له‌سه‌ری کڕیانکردوە.

منداڵانی گوندە چەپەک و داڕماو و بەجێهێڵراوەکان و کۆڵانە تاریک و قوڕاویەکانی شارە غەمباراکانی مەملەکەت ناتوانن چیتر لەچاوەروانی بێهودەییدا گوزەر بکەن وهێدی هێدی عەدەمێکی ستەمکار بۆ دۆزەخیان هەڵلوشێت. بۆیە دەستەجەمعی گەردەلولێکی توڕه‌بونیان هەڵکردوە، هەڵچون و ئومێد گڕی بەتینی ئەم گەردەلولەن و بەرەو حەوت تەبەقەی ئەو فەزایە باڵدەگرن کە میرەکان لێی دانابەزن.

منداڵە سەرگەرم و بزێوەکانی ئەم دەڤەرانە لەکۆشی خواپیاواندا چاویان نەکردۆتەوە، لە خانوی قوڕ وکەپری وشکەدار و چیلکە ولە کۆڵانی پر مەینەتی و زەلکاودا گڕوگاڵیان کردوە و لەپەنا تاشە بەرد وکێلی پیری پەککەوتوی گۆرستان و دەوەنێکی زەرد هەڵگەراوی بێناز و کەلاوەیەکی نێو گەڕەکدا خۆیان فێری گەمەکان کردوە. ئەمان لە کوچە و لە قوژبنە سارد و سڕەکانی شارەکانی پر خەرافیاتی جنۆکە و ئەژدیها و مسکێن و سەپان پاروە نانی رۆژانەی دایکی بێوەژن وخوشک و برا بێدەنگ و بێنازەکانیان پچڕاندوە. ئەم مناڵە شێتانە لە حوجرەی هیچ دەستە و کەسێکدا فێری وانەکانی ژیان و ئایندە نەکراون، لە دیوەخانی هیچ ئاغا وشێخێکدا چێژی شەوچەرە و حەڵوا وگەزۆیان نەکردوە.

شکۆترین و پیرۆزترین کۆشکی ئەم مناڵە هاروهاجانە خەونە جوانەکانیانە، بۆیە بەیەکەوە بە توڕەیی و هەڵچونیان وشە و رستەکانی پەیامێک لە ویژدانی نەتەوەیەکدا دەوروژێنن. پەیامێک زو یا درەنگ دەروازەکانی ئاسمان و قەڵای ئاغا و میرەکان بۆ خەونەکانیان واڵا دەکات.

با هەمو، گەنج و پیرەکان، فێڵباز و جامبازەکانی شار و حزب و یانە و گروپ و سیاسەت، مەلای حوجرەکانی ژێر زەمین وژنە دەستگرەوە وفاڵچیەکان یەخەی ئەو پۆلە پەپولانە نەگرن و با هەمو نەهێڵن باڵە رەنگین و ناسکەکانیان بە ئاگری ململانێ و زمانی زبر و رقوکینە هەڵوەرێن و بسوتێن. بالێگەڕێن تێرتێر رەشەبای غەزەب و هەڵچونیان خەزانی ئەم پیرە پایزەمان بۆ بڕەوینێتەوە. کەس خاوەنی ئەوان نیە تەنها خاک و نەتەوە نەبن، نە سەرۆک ونە رابەر و نە موفتی و نە ئیمام و نە ئەمیر و نە نوسەر و نە شاعیر و نە بیرهەڵگرەکان بۆیان نیە دەنگ و رەنگی خۆیان وەک شەستە بەسەریاندا ببارێنن و بسەپێنن، کارێکی لەو جۆرە جوانی و بەهای گەردەلولی منداڵە یاخیبوەکان تێکدەشکێنی و لەباری دەبات.

لە مێژەوە دەیانوت شۆرشی یاخیبوە بێ چەکەکان گەر بەپەلە وخێرا نەڕوات ئامانجەکانی ناپێکێت و شکست دەهێنێت. وێرای ئەوەی منداڵە هەژارەکانی ئەم مەملەکەتە یەکەم شاڵاوی یاخیبونیان لەیەخەی مێژو دەدەن، وەلێ دەیسەلمێنن کە سەبر و باوەڕ و زیندو راگرتنی گڕوتینی گەردەلولەکەیان لە خۆشەویستی و وەفایەکی بێئەندازەوە بۆ نیشتمان سەرچاوە دەکەن، ئەمان کەچی زیاتر چاوەڕوانی شۆڕبونەوەی یەزدانەکانی خەیاڵ ناکەن، تەنها وتەنها ئەم مەملەکەتە بە موڵکی و یەزدانی خۆیان دەزانن، بۆیە وا پەرۆشن بیخەنە ئامێزی خۆیان.

ئەمڕۆ شێخ و ئاغا و میرەکان زۆر قەڵسن، بریاریان داوە لێنەگەرێن ئەم منداڵە چەوگەشانە شەوێک بە ئاسودەیی سەربنێنەوە و وێلی خەونە جوانەکانیان بن. ئەوان لافاوی رق وکینەی پەنگخواردویان بە شەپۆلی ترساندن مۆتۆربەکردوە وبەنیازن ئەم تابلۆی یاخیبونە نوقمکەن وسەرجەم خەونەکان بخنکێنن.

ئەوان باش دەزانن چیان دەوێت، رۆژانە زورناژەن و بانگدەر و عەرزوحاڵچی و دەڵالەکانیان لە بازاڕی عەکازدا هەست ویستی یاخیبوەکانیان کردۆتە دراوی کڕین و فرۆشتن و مەزادکردن. ئەوان لێناگەرێن خەونی کۆڵانێکی پیر و شەتەک، حەزەکانی منداڵێکی دنیا نەدیدە و نەگبەت، گۆرانیەکی سیما و روخساری دڵێکی زویر و شکاو، خۆشەویستی کیژێکی حەشارگرتو لە قوژبنێکی شەرم و حەیادا... لیناگەڕێن ئەم هەمو ئاوات و هیوایە لەدەرەوەی باخچەی قەڵاکانیان چەکەرە بکەن.

منداڵە یاخیبوەکان ریزیان گرتوە و بەیەکەوە گۆرانیەک دەچڕنەوە کە سەداکەی گەیشتۆتە حەوت تەبەقەی ئاسمان و فەزای میر و ئاغاکانی تەنیوە بە دەنگێک و داوایان لێدەکەن بۆ ناو حەوشە و کۆڵانی منداڵیان بگەڕینەوە.

ئەستێرە گەرۆکەکانیش شایەتحاڵی ئەم یاخیبون و سەما و گۆرانی چڕینەن و دەڵێن زو یا درەنگ گوێمان لە دەنگتان دەبێت.