Print WWW.SBEIY.COM
 دوای سەردانەكەی مام جەلال، توركیا ئامادەیە چ هەنگاوێ بنێ؟
مه‌لا فه‌رمان
29/03/2008

سەردانەكەی ئەم دواییەی مام جەلال بۆ توركیا لێكدانەوەی جیا جیای بۆ دەكرێ. هەر كەس و لایەن و گروپێك لەدیدی بەرژەوەندی و تێڕوانینی خۆیەیەوە ئەم سەردانە باس دەكات: عەسكەری تورك هەر لەسەرەتاوە و پێشوەخت دژێ وەستا و نەك پێشوازییان لێ نەكرد بەڵكە نەیان هێشت یەك عەسكەریش لە مەراسیمی پێشوازیكردن بەشداری بكات، بۆیە حكومەتی توركیا ناچار بوو پەنا بەرێتە بەر پۆلیس بۆ دابینكردنی ئەركی مەراسیمی پێشوازیكردن. 

ئەمریكییەكان و دەوڵەتانی دونیا بە سەردانیكی بوێرانە و باشیان لیك دایەوە، بە سەرەتایەك و هەنگاوێكی باشیان زانی لە دروستكردنی پەیوەندی عێراق و توركیا. پێشیان وایە بە شێوەیەكی ناراستەوخۆش كاریگەری باشی دەبێت بۆ سەر پەیوەندی كوردی توركی. 

زۆرینەی وڵاتانی عەرەب ئەگەرچی ناڕازی بوون لە شێوازی پێشوازیلێكرنەكە بەڵام دژی سەردانەكە نەبوون و پێشیان وایە دەسپێكی دروستكردنی پەوەندنی فەرمی نێوان هەر دوو دەوڵەتی عێراق و توركیایە.

كورد بە گشتی و سیاسەتمەداران بە تایبەتی ناڕازیبوون لە كاتی سەردانەكە و شێوەی پێشوازی لێكردنەكە. 

هەندێ كەسیش تەنانەت لە ناو حیزبەكانیش تا چەند سەعاتیك بەر لە بەڕێكەوتنی مام جەلال بۆ توركیا سەردانەكەیان پی باش نەبوو. 

هەرچۆنی بوو سەردانەكە كرا، وڵاتان و میدیاكانی دونیا بە بایەخەوە باسیان لێوە كرد. ئەگەر بمانەوێ لە سەر تا چەند سەركەوتنی ئەم دیدارە باس بكەین دەكرێت لە دوو ئاست و دوو مەبەستی گشتییەوە دەست پێ بكەین:
1- وەك سەرەك كۆماری عێراق و لە دیدی بەرژەوەندی وڵاتەوە پێم وایە ئەم هەنگاوە لە جێی خۆی بوو و كاتەكەشی لە بار بوو. چونكە سەرەتایەكی باشی دانا بۆ دەستپێكی پەیوەندی دوو قۆڵی نیوان ئەو دوو دەوڵەتە؛
2- لە دید و بەرژەوەندی كوردەوە: كشانەوەی لەشكری تورك لە ژێر فشاری ئەمریكا، هەندێ وڵاتی ئەوروپی و نەتوانینی لەشكری تورك بۆ پێكانی ئامانجەكانی لە ماوەیەكی كورتدا بە هۆی بەرگریكردنی چاوەڕوان نەكراوی گەریلاكانی پكك رێگا خۆشكەربوون بۆ ئەنجامدانی ئەم سەردانە. بە دەر لە چۆنیەتی پێشوازیكردنەكە و ناونانی ئەم سەردانە بە سەردانی كار " زیارە عمل "، كە لە راستیدا ئەم جۆرە سەردانە باشتر وایە سەرۆكی وەزیران بیكات نەك سەرۆك كۆمار، سەردانەكە بۆ كردنەوەی رێگای گفتوگۆ لە نێوان لایەنی كوردی- عێراقی  و توركی سەرەتایەكی باشە. بۆ كێشەی كوردیش ئەبێ چاوەڕوانی هەنگاونانی توركیا بكرێت و لە وێوە باشی و خراپی سەردانەكە هەڵ بسەنگێندرێ. گەر توركیا ئەم دوو هەنگاوەی خوارەوە بنێ، ئەوا بۆ هەر دوو لا بە خێر دەگەڕێتەوە، ئەگەرنا وەك ئەوەی هیچ نەكرابێت.

1- توركیا تا چەند ئامادەیە دان بە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بنێت و بۆ چارەسەری كێشەكان ئامادەی دانشتن بێت. چونكە تا ئێستا لای كورد جێی سەرسوڕمانە توركیا ئامادەیە لە گەڵ حزبی كوردیدا دابنیشێت و نوێنەریان لە ئەنقەرە هەبێت، بە ڵام ئامادە نییە لە گەڵ حكومەتەكەیان دانوستاندن بكات و نوێنەری لە توركیا ببینێت؛
2- حكومەتی توركیا تا چەند ئامادەیە دان بە بوونی كێشەی كوردا بنێت لە توركا، چەندیش ئامادەیە هەوڵی چارەسەری بدات. ئەمە دەكات، پەند لە ئەزمونی كوردستانی عێراق وەردەگرێت ، یان بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتە ملهوڕانەكەی ساڵانی سییەكانی سەدەی رابردوو.

لە لایەكی ترەوە رازی نەبوونی عەسكەر لەو سەردانە و هەڵوێست و سیاسەتی حیزبەكەی ئۆردۆگان بەرامبەر مەسەلەی كورد دوور نییە ببێە هۆێ قولبونەوەی زیاتری ناكۆكییەكانی نێوان ئیسلامییەكان و خۆ بە عیلمانی زانەكان، وەك ئێستا سەرەتاكەی بەدەر كەوتووە. زۆرجار روداوی لەم بابەتە دووبارە دەبێتەوە بەڵام بە قەوارە و شێوەیەكی تر. كاتی خۆی تورگۆت ئۆزال هەر خۆی بوو، عەسكەریش بە هێزتر، بە ڵام ئەم جارە حیزبێك، سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار پێكەوەن.

 ئەم بارودۆخە تازەیەی توركیا خوێندنەوەی باش و پێشوەختی دەوێ. تۆ بڵێی دەنگدانی كوردی توركیا بە حیزبەكەی ئۆردوگان و هاندانیان بۆ ئەو دەنگدانە خۆی لەو خوێندنەوە پێشوەختە ببینێتەوە!. یان باشتر وایە بڵێین ئەم دەنگدانە وا لە توركیا بكات هەنگاوی باش بنێت. ئەمەو هەڵسەنگاندنی ئەم سەردانە پێویست بە چاوەڕوانی و دان بەخۆداگرتن دەكات.