Print WWW.SBEIY.COM
 رەنگ و بۆن و پلەی گەرمی وەزارەتی تەندروستی
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
09/08/2011

لەم رۆژانەی دواییدا بۆ کارێکی تایبەت رێم کەوتە وەزارەتی تەندروستی. لەو سەردانەدا سێ وێنە سەرنجیان راکێشام، کە پێموایە زۆربەی کێشەکانی سیستم و سیاسەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا کورتدەکەنەوە.
 
وێنەی یەکەم یا راستتر بڵێین دیاردەی یەکەم ئەوە بو کە پلەکانی گەرمای ناوەوەی باڵاخانەی وەزارەتی تەندروستی زۆرتر بون لە پلەی گەرما لە سێبەرێکی دەرەوەی باڵاخانەکە. کێشەکە ئەوە بو کە بەتەنها پلەی گەرما تەنگی بە موراجیعەکان هەڵنەچنیبو، بەڵکە رادەی شێش بەهەمان شێوە تەنگەنەفەسی و بێتاقەتی لای ئەوانە دروستکردبو کە لە "مه‌مه‌ر"ەکاندا چاوەڕوانی مامەڵەکانیان دەکرد. کە دەچویتە یەکێک لە ژورەکانی فەرمانبەرە بەڕێزەکانی ئەو وەزارەتەوە، وەکو ئەوە وابو لە چرکەیەکدا لە هەولێرەوە بچیت بۆ لەندەن. جیاوازی پلەی گەرما لە ناو ژورەکان بە بەراورد لەگەڵ "مه‌مه‌ر"ەکاندا، بەڕادەیەک بو ئەو پرسیارەی لا دروستکردم کە ئاخۆ هۆکاری ئەو دیاردە سەرسوڕهێنەرە چیە. زۆری نەبرد بۆم دەرکەوت کە "ساحیبە"ی ئامێرەکانی سپلیتی زۆربەی ژورەکانی وەزارەتەکە لە ناو "مه‌مه‌ر"ەکاندا دانرابو لە باتی ئەوەی ئەو ئامێرانە، کە بەردەوام هەوای گەرمییان لێدێتەدەرێ، لە دەرەوەی باڵاخانەکە دابنرێ. واتە لە باتی ئەوەی ئەو هەوا گەرم و شێدارە ناخۆشەی کە لە "ساحیبە"ی سیپلیتەکانەوە دروست دەبێت بچێتە دەرەوە، دەهاتە ناو بیناکە و وەزعی هاوڵاتیانی تێکدابو. دەبێت ددان بەوەدا بنێم کە ئەمە بۆ یەکەم جارە دیاردەیەکی لەو جۆرە ببینم. ئەو وێنەیە، رەنگە لای هەندێکتان ئاسایی بێت و شایانی خوێندنەوەیەکی جیددی نەبێت، بەڵام بەلای بەندەوە، نیشانەیەکی گەورەی ئەو باری لاموبالاتەیە کە وەزارەتی تەندروستی تێیدا دەژی. وەزارەتی تەندروستی لە خودی باڵاخانەکەی خۆیەوە بیگرە تا دەگاتە بچوکترین بنکەی تەندروستی نەیتوانیوە بۆ هاوڵاتی بیت، نەیتوانیوە هاوڵاتی بکاتە سەنتەری گرنگیی خۆی و نەیتوانیوە کەشێک بۆ هاوڵاتی ئامادەبکات کە ئەمەی دوایی تێیدا بحەسێتەوە و ئۆخەی بکات. بە داخەوە، وەزارەتی تەندروستی نەک هەر ئەوەی نەکردوە بەڵکو وەکو لەو وێنەیەی سەرەوەدا دەردەکەوێت و لە زۆر شتی تریش، بوە بە مەترسی و هۆکاری نەخۆشکەوتن و ئیزعاج و نائارامی بۆ هاوڵاتیان.

وێنەی دوەمم لەو کاتەدا بینی کە بە پلیکانە چڵکن و ناشرینەکانی باڵاخانەی وەزارەتدا بۆ قاتی دوەم سەردەکەوتم، تارمایی پیاوێکم بۆ دەردەکەوت کە بەدو دارشەقەوە سەرقاڵی سەرکەوتن بو. کە بەتەنیشتیەوە تێپەڕیم، ئەو ئیتر گەیشتبوە قاتی دوەم و بزەی سەرکەوتن لەسەر لێوەکانی سەوز ببو. لەو کاتەدا پرسیاری کاک "..."یی، لە یەکێک لە رێبوارەکان کرد. هەر کە لە وەڵامەکەدا وشەی "لە قاتی سێیەمە"ی بیست ئیتر "خۆش وەزارەتی تەندروستی" وەکو هاواری نەخۆشێکی پشتگوێخراوی لێهاتە دەرێ و بزەکە گۆڕا بە مۆنیی و خۆی ئامادەکرد بۆ ئەوەی بەو بارە ناهەموارەوە قاتێکی تریش ببڕێت. یەکسەر وێنەی ئەو نەخۆشانەی فەقەراتم هاتەوە یاد کە گلەیی لە نەبونی 'مصعد" لە نورینگەی پزیشکاندا دەکەن...

بەخۆمم وت، رەنگە ناحەقی بێت ئەگەر رەخنە لەو پزیشکانە بگرین لە کاتێکدا ئەمە حاڵی وەزارەتەکەمانە.

وێنەی سێیەم یا راستتر، بۆنی سێیەم، بۆنی "ئاودەستەکانی" وەزارەت بو، کە لە بۆنی ئاودەستەکانی چێشتخانەکانی سەر رێگای سلێمانی-هەولێر ناخۆشتر بو. ئەو بۆنە، لەم رەمەزانە پیرۆزەدا، لەگەڵ بۆنی جگەرەی یەکێک لە نهۆمەکانی وەزارەتەکەدا ئاوێتە ببو و تێکەڵەیەکی سەیری دروستکردبو. لەو نهۆمەی باسی دەکەم، وات دەزانی دە کەس بەیەکەوە دانیشتون و بەیەکەوە و لە یەک کاتدا جگەرە دەکێشن. ئەم بۆنەی دوایی، "کەمپینەکەی" وەزارەتی خستەوە یادم کە لەم دواییاندا دژی جگەرە و نێرگەلەی راگەیاندبو و ئەنجا زانیم بۆچی وەکو زۆربەی پرۆژەکانی تری وەزارەت (بەرزکردنەوەی نرخی عیادەکانی لێدەرچێت) ئەویشیان شکستی هێنا.

ئەوانەی سەرەوە، رەنگ و بۆن و پلەی گەرمیی و وێنەی نەخۆشێکی نزیکە مردن بون. هەمو پزیشکێک دەزانێت ئەگەر ئەو نیشانانە لە نەخۆشێکدا هەبن ئەوە زەنگی مەترسی لێدەدرێت و دەبێت ئامادەکاری بۆ فاتیحە خوێندن بکرێت، بەڵام وەزارەتی تەندروستی بەو هەمو پزیشکە پسپۆرەی کاری تێدا دەکەن، نە زەنگ لێدەدا و نەش خوێندەواریی فاتیحە خوێندنی هەیە.

باڵاخانە و بینای وەزارەتی تەندروستی دەبێت ئەو شوێنە بێت کە پێناسەکانی شوێنێکی تەندروستی تێدا بەرجەستە بوبێت. شوێنێک بێت کە هەوای فێنک و موسیقای ئارامکەرەوە و وێنە و تابلۆی سەرەنجڕاکێش و پۆستەری تەندروستی کاریگەری تیا پەیداببێت نەک هەوای خنکێنەر و دیواری شەقارشەقاری چڵکن و پۆستەری دڕاو و بۆنی جگەرە و پیسیی. دەبێت وەزارەت لە بیناکەی خۆیەوە پێمان بڵێت دەیەوێت چۆن سیستمێکی تەندروستی دابینبکات. سیستمێک کە جێگای چاکبونەوە و تەندروستیە، یا جێگای نەخۆشکەوتن و نەخۆشیە؟ سیستمێک هاوڵاتی تیایدا هەستدەکات لە ماڵی خۆی خۆشتر رادەبوێرێت یا شوێنێکە کە هاوڵاتی پشتگوێدەخرێت و وەکو میوانێکی رەزا قورس مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەگەر ئەم وەزارەتەی ئێستا توانی لە باڵاخانەکەی خۆیدا شوێنێکی شیاو بۆ ئەو چەند کاتژمێرە دابین بکات کە هاوڵاتی بۆ تەواوکردنی مامەڵەیەکی پەنای بۆ دەبات، ئەوا دەکرێت بڵێن ئەو وەزارەتە دەتوانێت سیستمێکی تەندروستی شیاو بۆ ملیۆنان هاوڵاتی و بۆ نەوەکانی داهاتو دابین بکات، بەڵام بەداخەوە ئەم وەزارەتە نە ئەوەی یەکەمی کردوە و نەش دەتوانێت ئەوەی دوەم بکات، بۆیەشە هەر بۆ رۆیشتن باشە.