Print WWW.SBEIY.COM
 سەقامگیری و ئارامی و مەترسیەکان
چیا عه‌باس
10/10/2011

دوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەزەبری چەک وهێز وپاشان دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، هێمنیەکی تەمدار وتەنراو بە توڕەیی وگرژی ومەترسی دۆخی سیاسی ناوخۆی کوردستانی داپۆشیوە. هاوکات لە گەڵ ئەم دۆخەدا مەترسی وهەڕەشە دەرەکیەکان رۆژانە بەرچاون. پێدەچێت سەرکردایەتی سیاسی کورد، دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن، راگرتنی دۆخی ناوخۆیان بەو شێوازە پێ باشتر بێت، بێئەوەی بیرێکی جدی لە چارەی کێشەکانی ناو ماڵی کورد بکەنەوە. هەڕەشە ومەترسیە دەرەکیەکان پاساوێکی ئاڵتونین بەدەست دەسەڵاتەوە تا پابەندبونیان بە ئیلتزامات وجێبەجێکردنی بڕیار وبەڵێنەکان لە نزمترین ئاستدا بهێڵنەوە، بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش بەچەند دەسەکەوتێکی کاتی دەمیان شیرین کراوە ولە گەڵ لایەنەکانی دەسەڵات لە گەردەلولی هزری کلاسیکی نەتەوەییدا خۆیان حەشارداوە: یەکریزی کوێرانە ویەک هەڵوێستی روکەشانە وبرامان برایی وکیسەمان جیایی.

مەترسیە دەرەکیەکان
بەشێکی زۆری مەترسیە دەرەکیەکان زادەی ئەم ئان وسات ودۆخە نین، لە مێژەوە رژێمەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان وفاشیەتی نەتەوەیی ومەزهەبی دوژمنی سەرسەختی کوردن. هەنوکە مەبەستیانە رەوشی ئەمڕۆی باشوری کوردستان بەرێگەی سیاسەتی ئیحتواکردن وبازرگانی ورازیکردن ونزیکبونەوە کونتڕۆڵ بکەن وبەتەنیشت ئەمەشەوە بەردەوام هێز وتوانا سەربازیەکانی خۆیان له‌ دڵی حوکمڕانی خۆماڵیمان چه‌قاندوه‌. ئەوەی ئەم مەترسیانەی زیاتر خەستتر وگردارتر کردوە زەمینەی لاوازی دەسەڵاتدارانی کوردە کە بەدرێژایی دەیان ساڵە پاشکۆیەکی لەرزۆکی هێزەکانی ئەو سەرچاوە دەرەکیانەن، ئەوەی تەنها لەو روەوە پێیان بکرێت قسە وهەڵمەتی بەناو "دیبلۆماسیانە" بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ئەو مەترسیانەدا، هەڵمەتێک زۆر لاسەنگ وبێ زامنە وبنەمای یاسایی وعرفی نێودەوڵەتیشی نیە وتەنها لە سەر بنەما حیزبی وپەیوەندیە تایبەت وژێربەژێرەکانەوە بەڕێوەدەچێت. رێگاکانی تاران وئەنکەرە وبەغدا بۆ سەردانە بێ ژمارەکانی شاند وکەسەیاتیەکانی هەرێم وەک رێگای کانییان لێهاتوە وهەر جارێک بەتەرکردنی لێویان وبێئەوەی تینویەتی نەتەوەییمان بشکێت دەگەرێنەوە.
 
پشکی شێری مەترسیە دەرەکیەکان کە دەسەڵات وەک پەردەپۆش وپاساوێکی نەتەوەیی بەکاریان دەهێنێت لە دۆست وهاوپەیمان وهاوبەشەکانی دەسەڵاتەوەیە. ئێران وتورکیا وشوڤێنیزمی مەزهەبی ونەتەوەیی عەرەبی عێراق بازنە گرنگەکانی سەرچاوەی دەسەڵات وپارە وبازرگانی دەسەڵاتدارانی کوردستانن ورۆژانە لە بەغدا وهەولێر وئەنکەرە وتاران وپایتەختەکانی تر خەریکی دانوستانن وبازرگانی وچاوبازین لە گەڵیاندا. کەس داوای لە دەسەڵاتدارانی کوردستان نەکردوە شەڕی ئەو وڵات وهێزانە بکەن، ئەوەی بەلایەنی کەمەوە دەبێت بیکەن بەردەوام رەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییە لەو مامەڵە وئاڵوگۆڕانەدا. دەسەڵاتداران تا ئەم ساتەش لێکتێگەیشتنی (نەک چارە) نیوەچڵی ورازیکردنی لاسەنگ (نەک بەرژەوەندی هاوبەش) وموجامەلەی بێتام (نەک رێزگرتنی دو لایەنە) یان لەو مامەڵەکردنە لە گەڵ ئەو مەترسیانەدا دروێنەکردوە. ئەزمونەکان سەلماندویانە دەسەڵاتی کوردی ناتوانێت ناوه‌رۆک وپێکهاتە وئاکامه‌کانی ئەو جۆرە مامەڵەکردنە بگۆرێت وئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بەردەوامی ئەو مەترسی وهەرەشانەیە.

بەشێکی گەورەی تری مەترسی دەرەکی لە گروپە تێرۆریست وفاشیستەکانەوەیەوە. ئەم گروپانە دوژمنێکی سەرسەختی ئەم سەردەمەی مرۆڤایەتین وسەرچاوەی مەترسی گەورەن لەسەر ئاسایش وئارام وئاشتی لە دنیادا وبەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەراست وئاسیا. خۆشبەختانە پشکی کوردستان لەو کارانە بەبەراوردکردن بە بەشەکانی تری عێراق زۆر کەمە. وێرای ئەوەی دەزگاکانی هەواڵگری وئاسایشی هەرێم رۆڵی ئەرێنیان لە شەری دژە تێرۆر هەیە، وەلێ دراوەکە دیوێکی تریشی هەیە. چەندین زانیاری وراپۆرتی پسپۆران ورۆژنامەگەران ورێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئاماژە بە ئاسانکاریەکی بەرچاو لە رێگەی کوردستانەوە دەکەن بۆ سەرچاوە بیانیەکانی دراوسێ بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی لە عێراقدا ولە بەرامبەریشدا تا ئەم ساتە کوردستان پشکێکی کەمی ئەو توندوتیژیە یەخەی گرتۆتەوە. ئەوەی مەترسی دەرەکی بێت ومابێتەوە کارەساتە سروشتیەکان و وخواستی یەزدانی گەورەیە.

ئەگەر دەسەڵات پاشماوەی بەعس وجاشەکانی سەدام بە مەترسی دەبینێت (راستیەک یەک ودوی ناوێت) بۆ پرسیارێک لەخۆی ناکات کە بۆچی لە هەمو رویەکەوە داڵدەدەیان داون ودەیان پارێزن وتەنانەت بەرگریش لە هەندێک لە تاوانبار وبکوژانی کورد وجەلادەکانی ئەنفال دەکەن وقسەی خێریان بۆ دەکەن.

مەترسییە ناوخۆییەکان
ساردخەمی وکەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی هەرێم وبەتایبەت حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی بڕیار وبەڵێن وپرۆژەکانی چاکسازی وگۆرانکاریەکانی خۆیان هۆکارێکی سەرەکی لەرزۆکی ئاشتی کۆمەڵایەتیە ولێرەوەش مەترسیەکانی ناوخۆ سەرهەڵدەدەن. هەر بەهۆی ئەم زەمینەشەوەیە کە ئەو هێمنیە لەرزۆکەی هەرێم دڵنەوایی وسەقامگیری تەواوی نەبەخشیوە وبەردەوام لە ژێر رەحمەتی کوێرانەی نیەت وکاری توندوتیژی بەشێک لە دەسەڵاتداراندایە وئاکاماکەشی کەڵەکەبونی دڵەراوکێ وتوڕەیی سیاسی وکۆمەڵایەتی خەڵکە.

خەسڵەتێکی بەرچاوی بونیادی دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ساتەکانی قەیران وکێشەدا هەڵچون وتوڕەبون وپەنابردنیانە بۆ هێز وتوندوتیژی وسڕینەوەی بەرامبەرە ناوخۆییەکانیان، ئەگەرچی لە سایەی دۆخی ئەم سەردەمەدا ئەو خەسڵەتە تاڕادەیەک ژێراوژێر گورزی خۆی دەوەشێنێت، بەڵام هەر زو سەرهەڵدێنێت وسروشتە رەسەنەکەی خۆی بۆ ناشاردرێتەوە، ئەمەش سەرچاوەیەکی گەورەی تری مەترسی ناوخۆیە لەسەر ئارامی وسەقامگیری کوردستان. روداوەکانی 17 شوبات ودواتر نمونە زیندوەکانی ئەم خەسڵەتە قێزەوەنەی دەسەڵاتدرانن.

پەرلەمانی هەرێمیش بەرۆڵی پێویستی خۆی هەڵنەساوە بۆ دابینکردنی ئارامی وسەقامگیریەکی یاسایی ورەوا وپتەو، بگرە جاریش بوە کە پەرلەمان بۆتە مۆڵگەی توندڕەوی ودەمارگیری وچاوسورکردنەوە وقوڵکردنەوەی کێشەکان وچەسپاندنی ناعەدالەتی وپەراوێزکردنی ئارامی وئاشتی کۆمەڵایەتی وچەندین نمونەش لە بەردەستدان.

بڕیارەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ داواکاریەکانی ئۆپۆزسیۆن ودیدار وکۆبونه‌وه‌کانی لە گەڵ بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن روکەشانە درێژەی بە هێمنیەکە داوە وناوەڕۆکەکەشی زیاتر وروژاندوە، بەڵام تا ئەم ساتە سەرۆکی هەرێم نەیتوانیوە هێمنیەکە بکاتە ئارامی وسەقامگیریەکی تۆکمە کە لە سایەیدا بتوانرێت دیالۆگ ولێدوانی بنیاتنەر وبەمتمانەوە بەڕێوە بچن.

ئەم هەنگاوانەی سەرۆکی هەرێم لە لایەک چاوەڕوانیەکی بەرفراوانی وروژاندوە کە گریمانەی بەدەست نەهێنانیان بەرەی ئۆپۆزسیۆن ناچاردەکات، کە رێگە وشوێنی تر بگرنەبەر بۆ راستکردنەوەی هاوکێشەکە وتۆکمەکردنی پێگەی خۆیان، لە لایەکی ترەوە بەدەستهێنانی ئەو چاوەڕوانیانە بەشێکی دەسەڵات لەرزۆکتر وپەراوێزتر دەکات وشڵەژاندنی توندی دۆخەکەی لێ چاوەڕوان دەکرێت. ئەمەش بەتایبەت بەهۆی هەڵوێستی ئەو دەسەڵاتدارانەی کە لەم دۆخە نادیارەدا سەرقاڵی بەرگریکردنن لە بەرژەوەندیە تایبەت وتەسکەکانی خۆیان ولە گۆمی لێڵ ومەنگی رەوشەکەدا راوی سیاسی خۆیان دەکەن وباشترین خۆراکی قولاپەکەیان پاروی مەترسیە نه‌ته‌وه‌ییه‌کانە بەکاری دەهێنن.