Print WWW.SBEIY.COM
 هۆتێل یا نەخۆشخانە؟
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
06/02/2012

لە ماوەی دو ساڵی تەمەنیدا، کابینەی شەشەمی وەزارەتی تەندروستی داهێنان و دەستکەوتێکی ئەوتۆی نەبوە. بەڵام یەکێک لەو داهێنانە گەورانەی لێرەدا شایانی هەڵەوەستە کردن و هەڵکۆڵین و شرۆڤەکردن بێت، دەستگرتنی کۆمەڵێک دەستەواژەیە و هێنانیانە  بۆ ناو فەرهەنگی سیستم و سیاسەتی تەندروستی لە کوردستاندا.

یەکێک لەو دەستەواژە و وشانەی لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و بەتایبەتی وەزیری تەندروستەوە، بەبۆنە و بەبێ بۆنە بەکاردەهێنرێت، دەستەواژەی "هۆتێلەوانیە". وەزیری بەڕێزی تەندروستی ئەو دەستەواژەیە بۆ ئەو خزمەتانە بەکاردەهێنێت کە لە دوای خەواندنی نەخۆش لە نەخۆشخانەوە دەستپێدەکات. خزمەتێک کە شتن و پاکردنەوە و پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوە و ئامادەکردن و خاوێنڕاگرتنی شوێنی خەواندنی نەخۆش ...هتد دەگرێتەوە.

شیکردنەوەی هۆکار و باکگراوەندە مەعریفیەکانی پشت بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە لە لایەن وەزیری تەندروستیەوە، کۆمەڵێک راستی گرنگمان دەربارەی سیاسەتی تەندروستی لە کوردستاندا بۆ دەردەخات و یارمەتیمان دەدات بۆ بینینی هێڵە پانەکانی ئاسۆی داهاتوی سیستمی تەندروستی لە کوردستاندا، ئەگەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت. وەزیری تەندروستی لە دوایین چاوپێکەوتنی تەلەفزێونی لەگەڵ کەناڵی کەی ئێن ئێندا، چەند جارێک ئەو دەستەواژەیە بەکاردەهێنێت. ئەم بەکارهێنانە ئاماژیە بۆ دو رەهەندی گرنگی سیاسەتی تەندروستی لە کوردستاندا؛ یەکەمیان، بینینی خزمەتی تەندروستیە وەکو بزنسێک یا بازرگانیەکی ئابوری کە خۆی لە هۆتێلەوانیی نزیکدەکاتەوە تا کارێکی خێرخوازیی و مرۆڤانەی پێویست. رەهەندی دوەم، کە ئاستێکی پراکتیکی ئەو بەکارهێنانەیە لە ناوهێنانی کۆمەڵێک هۆتێل و نەخۆشخانەی تایبەت لە لایەن وەزیرەوە، کە دەچێتە خانەی ریکلامکردن بۆ ئەو بزنسانەی کە خودی وەزیر خۆی لە بڕیارێکی پێشوتردا قەدەغەی ریکلامکرن بۆیانی کردبو.

وەزیری تەندروستی لە نمونیەکدا بەراوردێک لەنێوان هۆتێلێکی ناسراوی شاری هەولێر، لەگەڵ نەخۆشخانەیەکی تایبەتی ئەو شارە دەکات. وەزیری بەڕێز بە دیاریکراوی ناوی هۆتێل رۆتانا دەهێنێت و دەڵێت ناکرێت نەخۆشخانەی ژینی تایبەت لە هەولێر هەمان نرخی رۆتانا لە نەخۆش وەرنەگرێت، لە کاتێکدا هەردو بزنسەکە هەمان خزمەتی "هۆتێلەوانی" پێشکەش دەکەن. لەڕاستیدا جەنابی وەزیر دورتر دەڕوات و دەڵێت ئەو خزمەتە "هۆتێلەوانیەی" لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت پێشکەش دەکرێت لەوەی رۆتانا باشترە، بۆیە ئاساییە ئەگەر ژینی تایبەت نرخەکەی لە رۆتانا بەرزتر بێت.

ئەم بەراوردکاریانە و بەکارهێنانی ئەو دەستەواژانە بۆ خۆیان نیشانە و ئاماژەیەکی بەهێزن بۆ ئەو سیاسەتەی کە وەزارەتی تەندروستی لە سایەیی ئەم وەزیرە و ئەم کابینەیەدا گرتویەتەبەر؛ ئەویش بە تایبەتکردنی سیستمی تەندروستیە. بە تایبەتکردنێک کە دەوێت هۆتێلی پێنج ئەستێرە لە جێگای نەخۆشخانە دابنێت و لە پاڵیدا قازانج بکات، بە تایبەتکردنێکە کە دەوێت ئەو خزمەتەی لە نەخۆشخانەکاندا پێشکەش دەکرێت بگۆڕێتەوە بەوەی ناوی لێ ناوە "هۆتێلەوانی".

پێش ئەوەی بچینە سەر دژەئارگۆمێنتی لۆژیکی سەبارەت بەو بەکارهێنانانەی سەرەوە، دەبێت ئەوە بڵێین کە خودی بەراوردەکە لە بێزهاتنەوە زیاتر هیچی تر لا بینەرێکی خاوەن ویژدان دروستناکات.  بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و لە سەروی هەمویشیانەوە وەزیری تەندروستی خۆی، کۆمەڵێک راستیی لۆژیکی زۆر سادەیان لە بیر کردوە یا لە بیری خۆیانیان بردوەتەوە، کە دڵنیام سادەترین هاوڵاتیی ئەم هەرێمە باش لێیان بەئاگایە. سەرەتا، خزمەتی تەندروستی دنیایەک جیاوازی لەگەڵ هۆتێلەوانی و ئەو کاڵا و خزمەتانە هەیە کە "هۆتێل" پێشکەشیان دەکات. سادەترین جیاوازی ئەوەیە کە هاوڵاتی یا بازرگان یا گەشتیار بە ئارەزوی خۆی و بۆ پشودان دەچێتە هۆتێل و لە بەرامبەردا پارەیەک دەدات بۆ ئەو خزمەتانەی وەریدەگرێت. لە خزمەتی تەندروستیدا، چیرۆکەکە زۆر جیاوازە؛ هاوڵاتی یا نەخۆش بە ئارەزوی خۆی و بۆ خۆشی و پشودان لە نەخۆشخانەدا ناخەوێنرێت و ئەو رۆڵێکی گەورە لە خەواندن یا نەخەواندن لە نەخۆشخانەدا نابینێت و یەکێکی تر (کە پزیشکە) ئەو بڕیارەی بۆ دەدات. هاوکات، خەوتن یا نەخەوتن لە هۆتێل، دەشێت مەترسیەکی ئەوتۆ لەسەر ژیانی گەشتیارەکە دانەنێت، بەڵام هەمان حاڵەت بۆ نەخۆشێک جیاوازە و رەنگە نەخۆتن لە نەخۆشخانە یا پێشکەشکردنی خزمەتێکی سەقەت و لە ئاستیکی کواڵیتی نزمدا، مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکە دروستبکات.

شوبهاندنی نەخۆشخانە و ئەو خزمەتەی تیایدا پێشکەشدەکرێت بە هۆتێل، پێ لەسەرنانی هەمو ئەو رەهەندە مرۆییانەیە کە لەگەڵ خزمەتی تەندروستی و پزیشکیدا وابەستەیە. ئەو شوبهاندنە، نیشانەی شکستی وەزارەتی تەندروستیە لە تێگەیشتن لە خزمەتی پزیشکیی وەکو خزمەتێکی گشتگیری هەمە لایەنە کە تەنها لایەنی دەرمانکردن یا نەشتەرگەریکردن ناگرێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک لایەنی ئاگاداربون و خزمەتکردنی مرۆییانە و لە خۆبوردوانە دەگرێتەوە کە گرنگن بۆ چاکبونەوەی نەخۆش و گەڕانەوەی بۆ ژیانی ئاسایی. بۆ نمونە ئەگەر لە هۆتێلێکدا خواردنێکی باش پێشکەش نەکرێت، گەشتیارەکە هەڵبژاردەی ئەوەی هەیە بچێتە دەرەوە و لەهەر چێشتخانەیەکی تر نانێک بخوات، بەڵام ئەگەر نەخۆشێکی دڵ، خواردنەکەی پڕ بو لە چەوریی چیی بکات؟ دەمەوێت ئەوە بڵێم کە کارمەندانی هۆتێلێک بەپێی ئەو موچەیەی کە دیاندرێتێ کار دەکەن و نابێت کەمتر و خۆیان نایەنەوێت زیاتر لە بەهای موچەکەیان پێشکەشبکەن. بەڵام لە نەخۆشخانەدا و لە کاتی پێویستدا، دەشێت کارمەند چاوپۆشی لە بڕی موچەکەی بکات و ویژدان و خۆشەویستی بۆ مرۆڤ لە لای خۆی بکات بە پێوەر بۆ پێشکەشکردنی خزمەتێکی باش. شوبهاندنی ئەو خزمەتەی کە کارمەندە بەڕێزەکانی نەخۆشخانەکان پێشکەشی دەکەن بە هۆتێلەوانەی، نەک تەنها کەمکردنەوەی بەهای خزمەتەکەیان و سڕینەوەی دورییە مرۆیەکانی کارەکەیانە بەڵکو لە ئیهانەکردنیش نزیکدەبێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، دەرکەوتنی وەزیری تەندروستی لەسەر شاشەکانی تەلەفزێون و ناوهێنانی هۆتێلێکی ناسراو و نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە ئاشکرا و پێاهەڵدان بە خزمەتە "هۆتێلەوانەیەکانی" ئەوەی دوایی، دەچێتە قاڵبی ریکلام کردنەوە و پێشێلکردنی بڕیارێکی پێشوی خودی وەزیر خۆیەتی کە ریکلامی بۆ پزیشکان و نەخۆشخانەکانی قەدەغە کردبو. ئەو کات و ئێستاش بەڕونی دیاربو کە ئەو بڕیارەی جەنابی وەزیر تەنها بۆ کەمکردنەوەی کارتێکردنی کێبڕکێی ئەو پزیشکە عەرەب و بیانیانە بو کە زەرەریان لە بزنس و نەخۆشخانە تایبەتەکانی خۆیان و هاوەڵاکانیان دەدا.

وەزارەتی تەندروستی لەڕێی بەکارهێنای ئەم دەستەواژە و وشانەوە دەیەوێت تەنها یەک ئامانج بپێکێت؛ ئەویش ئەوەیە کە بەتایبەتکردنی سیستمی تەندروستی وردە وردە لای خەڵک و پزیشکان و چالاکەوانن ئاسایی بکاتەوە. وەزارەتی تەندروستی لە زۆربەی پرۆژە و چالاکیەکانیدا پچڕپچڕ و بێ بەرنامە کاریکردوە، تەنها لە سیاسەتی بەتایبەتکردنی سیستمی تەندروستی و خزمەتی تەندروستی نەبێت کە زۆر بە سیستماتیکیانە و بە بەرنامەوە کاری کردوە. وەزارەتی تەندروستی دەوێت نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی رادەستی بازرگانەکانی بوارەکە و کۆمپانیاکانی سەر بە بەرپرسەکانی وەزارەتەکە و پارتە سیاسیە فەرمانڕەواکان بکات. بۆ ئەوەی ئەم کارەشەی زۆر زەق دەرنەکەوێت، بە قۆناغ دەیکات و سەرەتا لەو خزمەتانەوە دەستپێدەکات کە ئەو ناوی لێ ناون "هۆتێلەوانی".

ئەگەر پارتە ئۆپۆزیسێونەکان و فراکسوێنەکانیان لە پەرلەمان و رێکخراوە مەدەنی و پیشەییەکان و هاوڵاتیان بە گشتی فریانەکەون، لە ماوەیەکی کەمدا سیستمێکی تایبەتی تەندروستی لە جێگای ئەوەی کە هەیە دادەمەزرێت و لە باتی نەخۆشخانە، هۆتێلی پێنج ئەستێرەی گرانبەهامان پێ دەبەخشن.

تێبینی: ئێمە بە ئاساییەوە ناوی هۆتێل و نەخۆشخانەکەمان هێنا، چونکە بە دیاریکراوی ریکلامان بۆیان نەکردوە، بەڵکو شیکردنەوەی ناوهێنانێکی پیشترمان کردوە.