Print WWW.SBEIY.COM
 بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان (٦)
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
24/02/2012

سەندیکایەکی پیشەیی یا دەزگایەکی دەوڵەتی
نەهێشتنی دەستێوەردانی حیزبیی لە کاروباری سەندیکای پزیشکان بە گشتی و کۆنگرە چاوەڕوانکراوەکەی بەتایبەتی، دەشێت گرنگترین کارێک بێت کە ئەم سەندیکایە بیکات لە حاڵی حازردا. دوای ئەو هەنگاوە قورس  و زەحمەتە، سەرەی نەشتەرگەرییەکی گەورە دێت کە ئامانج لێی جیاکردنەوە و لێەکردنەوەی دو ئەرک و ئامانجە کە سەندیکا لە ماوەی رابوردوی تەمەنیدا ویستویەتی هەردوکیان بە یەکەوە و لەیەک کاتدا بکات، بەڵام ئەفسوس لە هیچیاندا سەرکەوتو نەبوە. ئەو دو ئەرک و ئامانجە، بریتین لە داکۆکیکردن لە پزیشکان لە لایەک و دیسپلینکردنیان لە لایەکی ترەوە.

سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە درێژایی تەمەنی ویستویەتی لە یەک کاتدا هەم پارێزەر و هەم تاوانبار بێت، هەم بەرگریکار و هەم بەرگریلێکراو بێت، لە یەک کاتدا داکۆکی لە پزیشکان بکات و دیسپلینیشیان بکات، دەستخۆشیان لێ بکات ئەگەر کارێکی باشیان کرد و سەرزەنشتیان بکات ئەگەر لە ئەرکە مرۆڤایەتی و بنەما مۆڕاڵیەکانی کارەکانیان لایاندا. ئەوەی زۆر بەئاسانی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان ئەرکی یەکەمی بە نوقسانی و کەموکورتیەوە جێبەجێکردوە و بە تەواوەتیش ئەرکی دوەمی لە یادکردوە یا لە یادی خۆی بردوەتەوە.

لە بەشەکانی رابوردودا، باسی هۆکارەکانی نوشستی سەندیکامان کرد لەوەی ببێت بە رێکخراوێکی پیشەیی کە توانای دەنگهەڵبڕین و داکۆکیکردنی هەبێت لەسەرجەم پزیشکان بە پسپۆری و تەمەن و جەندەر و ئایدۆلۆژیا و لایەنداریە سیاسیەکانیانەوە. بە گشتی ئەو شکستەمان بۆ لایەنداری بۆ پارتە سیاسییە باڵادەستەکان و خۆ بەکەم زانینی سەندیکا لە پاڵ ئەو پارتانەدا گەڕاندەوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە قسە لەسەر شکستی سەندیکا بکەین لە پاراستنی بنەما مۆڕاڵی و ئیتیکیەکانی پیشەی پزیشکی و پەنجە بخەینەسەر ئەو برینانەی کە شکستی سەندیکا لە جستەی پیشەی پزیشکی لە کوردستاندا بەجێی هێشتوە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان نەیتوانیەوە کەلتورێکی تۆکمە و توندوتۆڵی ئیتیکی لەناو پزیشکاندا بڵاوبکاتەوە. ئیتیکێک کە سەرچاوەکانی لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە نەخۆش و پێشخستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و نهێنیپارێزی نەخۆشەوە هەڵقوڵابێت. سەندیکا نەیتوانیەوە، یا راستر نەیویستوە کە دیسپلین و ستانداردە مۆڕاڵی و ئیتیکیەکان بکات بە پێوەرێک بۆ پەسەندکردن یا پەسەندنەکردنی کاری پزیشكان لە کوردستاندا. لەڕاستیدا سەندیکای پزیشکان هیچ پێوەرێکی نیە بۆ هەڵسەنگاندنی کاری پزیشكان و پۆلێنکردنی ئەو پزیشکانە بەپێی کوالیتی و گەیشتنیان بە ئاستی ستانداردێکی دیاریکراوی پیشەیی یا ئیتیکی. دەبێت ئەوە بڵێین، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک مانای ئەوە نیە کە پزیشکانی کوردستان پابەند نین بە کۆمەڵێک بنەمای ئیتیکی لە کارەکانیاندا. هەرگیز، بەڵام مەبەست ئەوەیە کە ئەو دەزگا یا رێکخراوەی کە ئەرکی دیسپلینکردنی پزیشکان و پاراستنی رەهەندە ئیتیکیەکانی کاری پزیشکانی خستوەتە ئەستۆی خۆی، شکستی هێناوە یا نەیویستوە کە ئاوەها کارێک بکات.

بەڵام ئاخۆ ئەوە ئیشی سەندیکایەکە کە پزیشکان دیسپلین بکات؟ رێکخراوێکی پیشەیی دەبێت چی لەدەستبێت و چی دەسەڵاتێکی هەیە بۆئەوەی توێژێکی کۆمەڵایەتی بەهێزی وەکو پزیشکان دیسپلین بکات؟ پێش ئەوەی بێینە وەڵامی ئەو پرسیارە، دەبێت تاوێک باسی ئەوە بکەین کە بۆچی سەندیکای پزیشکان نەیویستوە کە ئیتیک و مۆڕاڵ بکات بە پێوەرێک و کاری پێ بکات لە دیسپلینکردنی پزیشکاندا؟ بۆچی نەیویستوە پزیشکان پابەند بکات بە، بەرپرسیان بکات لە کۆمەڵێک بنەما و ستانداردی ئیتیکی و پیشەیی لە کارەکانیاندا؟ وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ئاسان دەبێت ئەگەر بە وردی تەماشای پێکهاتە و ستراکتۆری سەندیکای پزیشکان بکەین. سەرکردایەتی سەندیکای پزیشکان بە زۆری لەو پزیشکە پسپۆرانە پێکدێت کە ناودارترین پزیشکەکانی کوردستانن و زۆرترین نەخۆش دەبینن و ناوبانگترین نورینگەکان و نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکانی کوردستان بەڕێوەدەبەن. لە کاتێکدا لۆژیکیە کە بەهۆی ژمارەی زۆری نەخۆش و کارکردنەوە، ئەو پزیشکانە زۆرترین قسەی هەق و ناهەقیان بێتە سەر، بەڵام هیچ لۆژیکێکی تیا نیە کە هەر ئەو پزیشکانە (کە سەندیکاش بە دەستیانەوەیە) خۆیان خۆیان دیسپلینبکەن یا خۆیان روبەڕوی بەدواداچون بکەنەوە لەسەر کارێک کە دەشێت پرنسیپێکی پیشەیی پێشێلکردبێت یا سنورێکی ئیتیکی بەزاندبیت. لەناو پزیشکاندا، وەک لەناو هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی یا پیشەیی تری نزیک لە یەکەوە، هاوپەیمانی و کوتلەی هەماهەنگ دروستدەبێت، کە کاری چاودێری و بەدواداچون و لێپرسینەوە قورس دەکات. سەندیکا، بە هەوڵدانی بۆ لە یەک کاتدا نوێنەرایەتی کردنی پزیشکان و دیسپلینکردنیان، دەیەوێت پێمان بڵێت کە ئاساییە حکومەت چاودێریی خۆی بکات و هیچ پێویست بە پەرلەمانێک ناکات کە چاودێریی بکات، یا حکومەت و پەرلەمان و دادگا، دەتوانن خۆیان خۆیان دیسپلینبکەن و پێویستیان بە میدیایەک نیە چاودێرییان بکات.
 
گرێدان و لکاندنی ئەم دو ئەرکە جودایە بەیکەوە و سەپاندنی بەسەر سەندیکادا، نمونەیەکی دەگەمەنە و زۆرێک لە سەندیکا پزیشکیەکانی وڵاتە پێشکەوتوەکان خۆیان لەم سیاسەتە بە دورگرتوە. ئەم تێکەڵکردنە هیچ نیە جگە لە هەوڵێکی سەرکەوتو بۆ بە دورگرتنی پزیشکان (بە تایبەتی پزیشكانی پسپۆڕ) لە دیسپلینکردن و لێپرسینەوە و پابەندکردن بە کۆمەڵێک ستانداردی جیهانی لە کارکردنی پزیشکیدا. دەبێت ئەوە بڵێین کە سەندیکا لەمەدا سەرکەتو بوە و شورایەکی قایم بوە لە چواردەوری ئەو پزیشكانەی کە گوێ بە بنەما ئیتیکیەکانی کاری پیشەیی نادەن.

با بگەڕێنەوە سەر پرسیاری یەکەم؛ ئایا ئەوە ئەرکی سەندیکایە پزیشکان دیسپلین بکات؟ رێکخراوێکی پیشەیی چۆنی بتوانێت هەمو پزیشکان کۆنترۆڵبکات و هەمویان پابەندی کۆمەڵێک یاسا و رێسای دیاریکراو بکات؟ لەوەڵامدا، دەبێت ئەوە رونبێت کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان، نە رێکخراوی پیشەییە و نەش رێکخراوی پیشەیی نیە، نە سەر بە حکومەتە و نەش سەر بە حکومەت نیە. لەڕاستیدا سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە سەرلێشێوانێکی کوشندەدا دەژیت. سەندیکای پزیشکانی کوردستان خۆی بە رێکخراو ناونوسکردوە و دەسەپێنێتیش بەسەر هەمو پزیشکاندا کە ئەبێت ئیلاو بیلا ئەندامی ئەو بن. سەندیکا خۆی بە رێکخراوێکی پیشەیی دادەنێت و کەچی ئەبێ و نابێکانی پیشەی پزیشکیش دەردەکات. بۆ ئەوەی لەم سەرلێشەوانە قوتاری بێت، دەبێت سەندیکای پزیشکان خۆی یەکلاکاتەوە. ئایا سەندیکا رێکخراوێکی پیشەییە یا دەزگایەکی دەوڵەتییە؟ ئەگەر ئەوەی یەکەمیانە ئەوا ئەو هێزە یاسایی و مەعنەویەی نابێت کە خەڵک دیسپلینکات وسزایان بدات، ئەگەر ئەوەی دوەمە ئەوا دەتوانیت و بەپێی یاساکان بۆی هەیە.
 
دیسپلینکردنی پزیشکان و رێکخستنی کارەکانیان بە پزیشک ناکرێت. ئەو ئەرکە گرنگانە کۆمەڵێک رەهەندی یاسایی و دارایی و ئیتیکیی هەیە کە بە پارێزەر و کۆمەڵناس و پسپۆرەکانی بواری کارگێڕی و دارایی و مافەکانی مرۆڤ دەکرێت. بێگومان لەو کارەدا یارمەتی پزیشکان پێویست و گرنگە، بەڵام ناشێت بە تەنها پزیشکان کاری پزیشکان رێکبخەن. کاری پزیشکی پەیوەندی بە زۆرێک لە لایەنەکانی ژیانی مرۆڤایەتیەوە هەیە و کورتکردنەوەی ئەو لایەنانە لە تەنها بوارێکی تەسکدا لە زەرەر زیاتر بۆ نەخۆش و بۆ کۆمەڵگا بەرهەمێکی ئەوتۆی نابێت. باشتر وایە سەندیکای پزیشکانی کوردستان ئەرکی سەرشانی خۆی لەوە زیاتر قورستر نەکات و خۆی بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی و مافەکانی پزیشکان تەرخان بکات. دەکرێت ئەرکی دیسپلینکردنی کارەکانی پزیشکان بە دەزگایەکی دەوڵەتیی پسپۆر پسپێردرێت و سەندیکا ئەو رێکخراوە پیشەییە نا حکومی و نا حیزبیە بێت کە ماڵی ئاوای هەمو پزیشکان بێت.