Print WWW.SBEIY.COM
 کارنامەی بارزانی و هزری نەتەوەییمان
چیا عه‌باس
26/04/2012

تا بێت تونی قەیرانە سیاسیەکانی عێراق گڕدارتر دەبێت، هێدی هێدی گەمەکەرەکان دێنە سەرخەت، هێز و وڵاتەکانی ناوچەکە پشتێنی خۆیان توند دەکەنەوە، هێز وسەرکردەکانی کوردیش لە رواڵەت و لە کۆبونەوە گشتیەکاندا جەخت لە یەک هەڵوێستی دەکەنەوە و لە ناوەڕۆکدا نەیانتوانیوە بەرنامەیەکی هاوبەشی ئاشکرا دارێژن.

مالیکی ئاوێنەی مێژویەکی دژوار
ئەم تەنگەژە خەستەی ئێستای عێراق تەنها زادەی شێوازی حوکمڕانی و نیەتەکانی مالیکی نیە، بەڵکو بەشێکیشە لە بەرهەمەکانی مێژویەکی خوێناوی پڕ ململانێی نەتەوەیی و سیاسی و مەزهەبی و تایفی کە سەدان ساڵە هەناو و جەستەی وڵاتی نێو دو روبارەکە و ناوچەکەیان شەکەت کردوە.

واقیعی و دروست نیە مالیکی لەو مێژوە داببڕێنرێت و تەنها بە سیاسمەتدارێک کە لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا بۆتە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵسەنگاندن و مامەڵە بکرێت. خۆ ئەگەر مالیکی بە زەبری ئەو مێژوە دەسەڵاتی نەگرتبایە دەست و بیتوانیایە خۆی لە پرشکە خراپ و نەرێنەکانی مێژوەکە بپارێزایە دەکرا هەڵسەنگاندنێکی سەردەمانەی بۆ بکرایە. ئەزمونی حوکمڕانی مالیکی دەیسەلمێنێت کە خەسڵەتە نەرێنە ئیرسکراوەکان لەو مێژوەوە بەسەریدا زاڵن، لەوانەش زاڵبونی توندی چەمکەکانی هێز و دەسەڵات و مەزهەب کە لە ژیانی سیاسی و گەشەکردنی مالیکیدا پانتاییەکی فراوانی ئەقڵیەتی سیاسیان زەوت کردوە. مالیکی و دەستەکەی ئارەزومەندانە خۆیان وەک ئاوێنەیەک بۆ ئەو مێژوە نمایش دەکەن وئایندەش لە چوارچێوەی ئەو نمایشکردنەدا وێناکێش دەکەن. خۆشمان بوێت یاخود تاڵ کورد گیرۆدەی ئەو نمایشکردن و وێناکێشکردنە بوە و لە تۆڕی ئەو جاڵجاڵۆکەیەدا گیرساوەتەوە.
بێگومان کەسانێک پرسیار دەکەن و دەڵێن: جا قوڕی کوێ بەسەرماندا بکەین و کورد ناچارە مامەڵە لە گەڵ مالیکیدا بکات. منیش هاوڕام لەگەڵیان، بەڵام چۆن مامەڵە کردنێک و بە چ شێوازێک؟

کارنامەکەی بارزانی
بەڕێز مسعود بارزانی بەرامبەر شێوازی حوکمڕانی مالیکی چەندین مەسەلەی زۆر گرنگ و هەستیاری وروژاندوە، لە هەمان کاتیشدا چەند بابەتێکی تری گرنگ بۆ نمونەی حوکمڕانی کوردی و ئایندەی تێهەڵکێشی کارنامەکەی کردوە.
 
بارزانی راشکاوانە دەستی خستۆتەسەر زامەکان و باس لە کرۆکی بابەتەکانی ململانێ لەگەڵ حوکمڕانی مالیکیدا دەکات: پێشێلکردنی دەستور، تاکڕەوی، دژایەتیکردنی گرێبەستە نەوتەکانی هەرێم و گەشەکردنی ئابوری کوردستان، پشتگوێخستنی ناوچە دابڕێنراوەکان و زەوتکردنی سەرجەم دەسەڵات و دەزگاکانی دەوڵەت و... تاد، لە هەمانکاتیشدا جەخت دەکاتەوە ئەگەر مالیکی پابەندی دەستور و رێکەوتنە سیاسیەکان نەبێت ئەوا کورد لەبەردەم دو رێگادایە: روخاندنی حکومەتی مالیکی و ئەگەر ئەمەش نەهاتەدی ئەوا ئەگەری دابڕانی کورد لە بەغدا ئەگەرێگی زۆر بەهێزی ئایندە دەبێت. لە ئاستی کوردستانیش بارزانی مەسەلەی گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کردۆتە خاڵێکی سەرەکی کارنامەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتەکەی و کار و پێداگری دەکات لە گەشەپێدانی بواری ئابوری هەرێم و بەرفراوان کردنی بازرگانی راستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی دنیادا. ئەم هەوڵ و کۆششانە و بەڕەچاوکردنی لاوازی و پەرتەوازەیی حکومەتی بەغدا نیمچە سەربەخۆییەکی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە و بەشێکی بەرچاوی وڵاتانیش مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دیفاکتۆیەی هەرێم دەکەن.

بۆ ئەم مەبەستانە بارزانی هەڵمەتێکی سیاسی و دیبلۆماسی خەستی دەست پێکردوە و تا ئەم ساتە سەردانی ئەمه‌ریکا و تورکیای ئەنجام داوە و سەرۆکی حکومه‌تی هەرێمیشی بۆ تەهران ناردوە، بەردەوامیشە لە تاوتوێکردنی دۆخەکە لەگەڵ هێز و سەرکردە سیاسیەکانی کوردستان. بەتەنیشت ئەم تەحەدا گەورانە بارزانی چاوێکی کراوەشی خستۆتە سەر روداو و گۆڕانگاریەکانی عێراق و کوردستان و ناوچەکە. ئەوەی بارزانی بەکرداری بەرچاو نەیکردوە گەڕانە بەدوای تێگەیشتن و پشتگیری ئەوروپایە و بەتایبەت یەکێتی و پەرلەمانی ئەوروپا.

شڵەقاندنی گۆمێک
هەڵوێستی توندی سەرۆکی هەرێم بەرامبەر شێوازی حوکمڕانی لە بەغدا گۆمێکی قوڵی شڵەقاندوە و چەندین هێز و لایەن و دەوڵەت لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە قولاپی راوکردنیان ساز و ئامادەکردوە.

دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە دانیان لە بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری و سەربازی و هەواڵگریان لە هەرێم و عێراق تیژ کردۆتەوە. ململانیی و ناکۆکی توندی نێوان بەرەی سوننە و مالیکی و نێوان هەولێر و بەغدا کورد و سوننە زیاتر ناچار دەکات پەنا بۆ ئەنکەرە بەرن. خەونێکی ئەردۆگان کە تورکیا لە دەروازەی عێراق و سوریاوە بکات بە زلهێزێکی ناوچەکە پێویستی بە لاوازکردنی پێگەی ئێران و لەتکردنی محوەری شیعە هەیە و پێویستیشی بە هاوپەیمانی هێزی ناوخۆی ئەو وڵاتانە هەیە. سەردانی بارزانی بۆ ئەنکەرە رەنگدانەوەی نەرێنی راستەوخۆی لەسەر پەیوەندیەکانی مالیکی و ئەردۆگان هەبو و نیشانەشە بۆئەوەی بارزانی کار بۆ بەهێزکردنی دەسەڵات و پێگەی لە ناوچەکە دەکات و وڵاتێکی بەهێزی وەک تورکیا لەم قۆناغەدا پشتگیری لێدەکات. لە بەرامبەر ئەمەشدا مالیکی بەپەلە پەنای بۆ تاران برد و پێدەچێت دەسەڵاتدارانی ئێران بە بەدەستهێنانی گەورەترین دەسکەوت بۆ خۆیان و کارنامەیان لە عێراق پشتی مالیکی بەربدەن و مامەڵەی ئەرێنانه‌ لەگەڵ بەشێک لە خاڵەکانی کارنامه‌ی بارزانیدا بکەن.

گەورەترین ئاستەنگ لەم رێگەیدا بونی په‌که‌کەیە لە باشوری کوردستان، ئێران و مالیکیش و ئەو کوردانەی نزیکن لێیان کەوتونەتە چاوبڕکێ لە گەڵ په‌که‌که‌دا و چاوەڕوان دەکرێت چالاکانە تێهەڵکێشی گۆڕەپانی قەیرانەکەی عێراق بکرێت.

هێزەکانی کوردستان
هەڵوێستی هێزەکانی کوردستان، بەتایبەت یەکێتی و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، نە پشتگیری تەواوە لە بارزانی و نە رەتکردنەوەی بەرنامەکەیەتی. بەواتەی بارزانی لەگەڵ تاڵەبانی هەمان ئامانجیان هەیە و جیاوازیان تەنها لە شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ قەیرانەکەدا. ئەم جیاوازیە بۆتە کەرەسەی شەڕێکی راگەیاندنی نێو هەندێک لە کادرەکانی راگەیاندنی هەر دولادا. ئەوەی بۆ سەرجەم چاودێرانی سیاسی لە کوردستان و دەرەوەی ئاشکرایە کە بۆ بەڕێز تاڵەبانی ئاسان نیە هەڵوێست و داواکانی بارزانی پشتگوێ بخات و لە هەمانکاتیشدا ناتوانێت وەک سەرۆک کۆمار سەرۆک وەزیران پەراوێز بکات و رەچاوی هەڵوێستی ئێران نەکات. ئەم تەنگەژەیەی عێراق بۆ تاڵەبانی یەکێکە لە ئاڵۆزیە گەورە و خەستەکانی ژیانی سیاسی ئەم سەردەمەی. بەڕێزی بەباشی دەرک دەکات بەو راستیەی کە سەنگ و پێگەی بەهێزی کەسایەتی خۆی کاریگەری زۆری دەبێت تا بەکەمترین زەرەر لە تەنگەژەکە دەربچێت، چونکە لاوازکردن و لابردنی مالیکی یەکێک لە پێگە بەهێزەکانی پشتیوانی بۆ تاڵەبانی کاڵدەکاتەوە.

کەسێکی بەئاگا لە کەش و هەوای قەیرانەکە و هاوسەنگی هێزەکانی کوردستان ناتوانێت هاوهەڵوێستی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەیان بکات. لەلایەک لایەنە ئیسلامیەکانی ئۆپۆزسیۆن رەچاوی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان دەکەن و بەتایبەت لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، وەک ئێران و سعودیە و تورکیا، لەلایەکی ترەوە ئەوان زیاتر سەرقاڵی بەرپاکردنی بەهارێکی ئیسلامین لەوەی کێشە نەتەوەییەکان لەگەڵ بەغدا بەرەو یەکلاکردنەوە ئاڕاستە بکرێن.

لەگەڵ رێز بۆ رابردو و خەباتی هێزە بچوکەکانی کوردستان، بەڵام لە دۆخی ئێستادا رۆڵێکی ئەوتۆی بەرچاویان نیە تا بتوانن کاریگەری هەستیاریان هەبێت.

گۆڕان و قەیرانەکە
ئەوەی دەمێنێتەوە بزوتنەوەی گۆڕانە. گۆڕان بەپێچەوانەی زۆربەی هێزەکانی کوردستان پابەندی مێژویەک نیە کە تێدا لە سایەی رەحمەت و سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتان و هێزەکانی ناوچەکەدا گوزەرانی کردبێت، هێزێک نیە گرێبەستی لەگەڵ عەقیدە و مەزهەبێکی تایبەت کردبێت و نەتوانێت سنورەکانی ببەزێنێت، بزوتنەوەیەکە دەستبەرداری بەژەوەندیە تایبەتەکانی حوکمڕانی و ئابوریە، بوێری و سەبر و دوربینی خەسڵەتە بەرچاوەکانی لوتکەی دەسەڵاتی بزوتنەوەکەن. ئەمانە وایان کردوە لە سەرجەم هێزەکانی تر دەستی کراوەتر بێت و کاریگەری هەبێت.

لایەنە سەرەکیەکانی قەیرانەکە: تاڵەبانی و بارزانی و مالیکی زۆر ئەزیەتی گۆڕانیان داوە و لەماوەی رابوردودا دژایەتی و شەڕی خەستی گۆڕانیان کردوە، ئێران و تورکیاش بەپێوەری بەرژەوەندەکانیان گۆڕانیان بەدڵ نەبوە و کێشە وگرفتیان بۆ خەڵقاندوە، وێڕای ئەم راستیانە گۆڕان بەدڵێکی فراوانەوە و بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ شەراکەت کردن تا قەیرانەکە بەخزمەتی بەرژەوەندیە باڵاکانی کورد ئاڕاستە بکرێت.

پاکێجی نه‌ته‌وه‌یی
وێڕای ئەوەی تا ئەم ساتە کارنامەکەی بارزانی خاڵی نەتەوەیی گرنگی تێدا ریزبەند کراوە، وەلێ نەبۆتە پاکێجێکی نەتەوەیی و رەزامەندی و پشتگیری تەواوی هێزە سەرەکیەکانی کوردستانیشی بەدەست نەهێناوە. ئەزمونەکانی رابردو فێریان کردوین قسەکردن و تەسریح دان شتێکە و کرداریش شتێکی ترە. بۆیە پێویستە بۆ ئاڕاستەکردنی نەتەوەیی ئەم قەیرانە پشتگیری لە کۆی گشتی کارنەماکەی بارزانی بکرێت لەسەر بنەمای ئاکارێکی نەتەوەیی نوسراو و شەفاف.

لێرەدا پێویست دەکات ئاماژە بکەم بەو راستیەی کە رێکەوتنی ستراتیژی نێو پارتی ویەکێتی بەتەنها دەرەقەتی ئەم دۆخە نایەت، بۆیە ئەو ئاکارە نەتەوەییە سەرەتای جێگرەوەی ئەو رێکەوتنە بەسەرچوە دەبێت.

دەوڵەتی کوردی وباسێک
زۆر باس لە دەوڵەتی کوردی لە ئێستادا دەکرێت، دەشێت ئەوانەی لەگەڵیدان وئەوانەش کە ناکۆکن دەرک بەوە بکەین کە هێنانەکایەی دەوڵەتی کوردی "سەفقەیەکی ئامادەکراو و باش گەیو" نیە لە "پاکەتێکی جواندا" کۆکرابێتەوە و هەڵگیرا بێت و ئامادەکرا بێت بۆ کردنەوە. دەوڵەتی کوردی مافێکی رەوایە و پێویستی بەکارکردن و ماندوبونە و ئەگەر تا رۆژی قیامەتیش چاوەڕوانی هەلومەرجی گونجاو بکەین ئەوا بەبرسیەتی سەر دەنێینەوە. لە دایکبونی ده‌وڵەتی کوردی پرۆسەیەکە بە ئازار وژانی زۆر چاوی بەدنیا دەکەوێت و کورد بەشێکی زۆری لە وێستگەکانی ئەو پرۆسەیە بڕیوە، دەوڵەتی کورد خەون بێت یا مومکن زو یا درەنگ هەردەبێت ببێتە واقیع.

بەبۆچونی خۆم دەشێت ئەو کارنامەیە سود لەو راستیە وەربگرێت کە لە هەمو قەیرانێکدا ئەگەری نوێ سەرهەڵدەدەن، ئێمەش دەتوانین لەم قەیرانەدا فیدراڵیەت بەرەو کۆنفدراڵیەت بەرین، کە رەوشی ئێستای هەرێم زۆر لە کۆنفدراڵیەت دەچێت وەک لە فیدراڵیەت.

سەرکەوتنی کارنامەکەی بارزانی پێویستی بە تەوافق لە هەمو ئاستێکدا هەیە، پێویستی بە بڕیارێکی بێ یەکودوی پەرلەمانی هەرێمە و لە سەروی هەمو ئەم رەچەتە سیاسی و فەرمیانەوە پێویستی بە ئیرادەی نەتەوەیەک هەیە کە سەلماندویەتی وێڕای کوشتن و قڕکردنی زیندو و سەربەرز ماوەتەوە.