Print WWW.SBEIY.COM
 پرۆسەی تەعریب لە زانکۆی کەرکوک بەردەوامە
مه‌لا فه‌رمان
06/04/2013
دوای ٢٠٠٣ هیوای سڕینەوەی ئاسەواری سێ کوچکەی بەعسیان لای کورد و تورکمان لە کەرکوک پەیدابو، چاوەڕوان دەکرا هەرزو ئەم سێکوچکەیە داڕمێت. زو کەوتنی هەردو کوچکەی بە بەعسیکردن و راگواستن بەهۆی بارودۆخی سیاسی و هەلومەرجی بابەتیەوە نەک بەهۆی داڕشتنی پلانەوە لە لایەن ئەم سیاسی یان ئەو سیاسی ئەو حیزب یان ئەو حیزب بو بە کردار. بەڵام کوچکەی تەعریب بە شێوەیەکی نوێ تا ئەمڕۆ بەردەوامە. ئەم جارەیان بە غیابی بەعس، دەسەڵاتی کوردی لە هەرێم، بەغدا و کەرکوک دەستیان تێدا هەیەو بە شێوەی جیاجیا دێتە بەرچاو:

١- کورد لە کەرکوک لە خوارەوە هەڵکشاوە بەرەو سەرەوە، بە ڕادەیەک رێژەی کورد لە هەندێ لەو گەڕەکانە ناگاتە ٥%  پێنج لە سەدا.

٢- کورد لە خواروی کەرکوک خانوە تاپۆکانیان دەفرۆشن بە غەیرە کورد و لە لایەن حیزبەکانەوە زەوی بێ تاپۆ لەسەروی کەرکوک پێیان دەدرێ. ئەمەش وایکردوە زۆرێک لە خەڵک تەنها گەڕەکەکانی شۆرجە، رەحیم ئاوا، شۆرا و و بە بەشە کوردیەکەی کەرکوک بزانن.

٣- زۆرێک لە مامۆستایانی کورد لە کەرکوک گواستراونەتەوە بۆ سلێمانی و هەولێر، لە ٢٠١١ و ٢٠١٢ نزیکەی ٧٠ مامۆستای سەرەتایی و ئامادەیی گواستراونەتەوە.

٤- بەشی زۆری ئاوارەکانی کەرکوک تا ئێستا لە شارەکانی هەرێم دەژین و نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی باو باپیرانیان.

٥- زۆربەی بەرپرسانی حیزبی و حکومی ماڵەکانیان لەهەرێمەو بەشێکیان لەوێ خاوەن رەز و باغن، حیزبیش ئیمتیازاتیان دەداتێ.

٦ – لە بەرامبەردا ماڵێکی زۆری عەرەب بە بیانوی جیا جیا لە ١٠ ساڵی رابردودا لە شارەکانی تری عێراقەوە هاتونەتە کەرکوک.

٧ – رێژەی کارمەندانی کورد لەچەندین دائیرە بە رادەیەک کەمە، ئەگەر  لەو دائیرانە هاوڵاتیەک عەرەبی یان تورکمانی نەزانێ کاری زو جێبەجێ نابێت. سەرۆکایەتی زانکۆی کەرکوک بە نمونە.

زنکۆی کەرکوک
دوای ٢٠٠٣ بۆ ماوەی شەش مانگ عەرەبێک سەرۆکی زانکۆی کەرکوک بو. لەم ماوە کورتەدا لە هاوڕەگەزی خۆی نزیکەی ٢٠٠ فەرمانبەری دامەزراندوە، دوای دامەزراندنیان و بون بە میلاکی زانکۆ، بەشی زۆری ئەم فەرمانبەرانە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان بە دەست هێناوە و لە زانکۆ وەک مامۆستا ماونەتەوە. ئەم ژمارەیە یەکێکە لەو هۆکارانەی زیادبونی رێژەی مامۆستای عەرەب لەو زانکۆیە، لێرەوە پرۆسەی تەعریبی زانکۆ دەستی پێکرد.

دوای ئەو شەش مانگە سەرۆکی زانکۆ لە ململانێی حیزبی زۆر لە نێوان پارتی و یەکێتی، پارتی توانی کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دابنێ. گرنگ نیە کاندیدی کام حیزبە، بەڵام ئەوەی جێی قسەکردنە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردودا ئەم سەرۆک زانکۆیە چ هەنگاوێکی بەرامبەر هەنگاوەکانی سەرۆکەکەی پێش خۆی ناوە، بێگومان .... هیچ!.

ئەوەی زاندراوە لە ٢٠١١ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە کیتابی رەسمی داوای لە زانکۆی کەرکوک کردوە بۆ گۆڕینی چەند عەمید و بەڕێوەبەرێکی کورد، جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە لەو کاتەدا وەستاوە، بەڵام پێدەچێت لەم ساڵدا سەری هەڵدابێتەوە. لەم بارەوە و لە هەمو بوارەکانی تردا زانکۆی کەرکوک وەک دائیرەکانی تری کەرکوک دەرگای زانیاریەکانی داخستوە و بواری دەزگاکانی راگەیاندن نادات لە سەر زانکۆ هیچ زانیاریەکیان دەست بکەوێت.

بە کورتی زانکۆی کەرکوک وەک ناوەندێکی مەعریفی نەیتوانیوە رۆڵی خۆی ببینێت، شەقامی کەرکوک و شەقامی خودی زانکۆ لە وەسفی ئەم زانکۆیەدا، دەڵێن "خۆزگە بە قوتابخانەیەکی ئامادەیی گەورە". 


سەردانی شاندی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ زانکۆ
لە سەردانێکی مەیدانی شاندی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ کۆلێجی پەروەردە لە  زانکۆی کەرکوک بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشەکان، بەندە وەک شارەزا و رێپیشاندەر بوارم بۆ رەخسا سەردانی زانکۆ بکەم. لەم سەردانە خوێندکارەکان زۆر پێداگریان کرد ئەم شاندە سەردانی هۆڵەکانی خوێندن بکەن. هەمو هۆڵەکان بەم شێوەیە هاتنە بەرچاو:

١- لەگەڵ دەرگا کردنەوەی هۆڵەکان و یەکەم هەنگاوی چونە ژورەوە روبەڕوی بۆنێکی بۆگەنی زۆر ناخۆش بوینەوە.

٢- هۆڵەکان لە پۆلێکی وانە وتنەوەی قوتابخانەیەکی ئامادەیی دەچو لە درێژی و پانی و بەرزیدا.

٣- لە یەک هۆڵدا ٩٢ خوێندکار لە چەند ریزێکدا لەسەر تەختەی کۆندا دانیشتبون. خوێندکارەکان هێند بە چڕی دانیشتبون بواری دانانی پەرتوکەکانیان نەبو لە پێشخۆیان.

٤- پەرتوکەکانیان زیاتر لە شێوەی مەلزەمە بون و کۆپی کراوبون، چەند دانەیەکم بینی لە بەر خراپی چاپکردن و کۆپی کردن بە زەحمەت دەخوێندرانەوە.

خوێندکارەکان ئەوەندە بە گەرمیەوە قسەیان لەگەڵ شاندەکە دەکرد و باسیان لە کێشەکانی خۆیان دەکرد وەک ئەوەی ئەم شاندە فریادرەس بێت بۆیان. بینینی ئەم دیمەنە کاریگەری زۆری لێ کردین و روخسارەکانی دەموچا و نەیاندەتوانی گەروی پڕ گریان بشارنەوە.

لە کۆتاییدا بۆ راستی و دروستی ئەم زانیارانە و تەواوی زانیاریەکانی تر داوا دەکەم:
١-  سەرۆکایەتی زانکۆی کەرکوک قوفڵی دەرگای زانیاریەکان بشکێنێت.
٢-  لە یادی دو ساڵەی دەستبەکاربونی ئیدارەی نوێی کەرکوکیش بەر لە گێڕانی ئاهەنگ و هەڵسەنگاندنی دو ساڵی کارکردنیان سەردانێکی زانکۆی کەرکوک بکەن.