Print WWW.SBEIY.COM
 دەستور و مادەی ١٤٠
مه‌لا فه‌رمان
02/06/2013

ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان لە پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان – عێراق
مادەی ١٤٠
لە بڕگەی ٢ ی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق، کەرکوک و هەمو ناوچە دابڕاوەکان وەک ناوچەیەکی جێناکۆک لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادیدا هاتوە. ئەم مادەیە لەم بارەوە زۆر رونە، هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێ جگە لە مافی دەسەڵاتدارێتی وەک یەکی هەرێم و ناوەند لەو ناوچانە. لەمبارەوە هەرێم هەندێ هەنگاوی پڕ کەموکوڕی و حیزبیانەی ناوە، لەوانە:
١- بونی دو ئاسایش
٢- بونی هێزی پێشمەرگە
٣- سەرەتا دامەزراندنی وەزارەتێک بۆ ئەو ناوچانە و پاشان بچوک کردنەوەی ئەم وەزارتە بۆ ئاستی بەڕێوەبەرایەتیەک.
٤- دامەزراندنی پەروەردەی کوردی، قوتابخانەی کوردی و مامۆستا لە هەرێمەوە.

بەهۆی بەحیزبیکردنی ئەم هەنگاوانە هەندێ جار بونەتە هۆی دروستبونی  کێشەی دەسەڵاتدارێتی لە نێوان پارتی و یەکێتی لە لایەک و زۆر جاریش بیانو دراوەتە دەست حکومەتی ناوەند بۆ نانەوەی هەندێ کێشەو دواخستنی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و کارە ئیداریەکان.

لە بەرامبەردا حکومەتی ئیتحادی هەمو دەسەڵات و مافە ئیداری و دەستوری و یاساییەکانی بەخۆی داوە و لەو ناوچانە پیادەیان دەکات.

لە جیاتی ئەو هەنگاوانەی سەرەوە یان لەگەڵ ئەوانەدا باشتر وابو لە لاوازترین حاڵەتدا هەرێم ئەم دو هەنگاوە بنێ:

١- بە پشت بەستن بە مادەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق، چۆن خەڵکی ئەم ناوچانە دەنگ بە ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق دەدەن و نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن، بە هەمان شێوەش مافی ئەوەیان هەیە بەشداری پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بکەن و نوێنەری خۆیان لە پەرلەمان هەبێت.

٢- حکومەتی هەرێم داوا و پێداگری پێکهێنانی یەک ئیدارەی هاوبەشی (حکومەتی هاوبەش) لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکردایا. ئەم ئیدارە هاوبەشە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەمو داودەزگاکانی ئەو ناوچانەی هەبوایا.

ئەم دو خاڵە گرنگە پێویست بو لە پرۆژەی دەستوری هەرێمدا بەڕونی باس بکرایا. چونکە لە روی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە باسنەکردنی ئەم دو خاڵە بە کەموکوڕیە بەرچاوەکانی ئەم پرۆژە دەستورە دادەنرێت. بۆیە جێی ئەوەیە نەبونی ئەم دو خاڵە و چەند خاڵێکی تر (بڕوانە سایتی سبەی، لە وتارێکی پێشوتردا باسم کردوە) لەم پرۆژەیە بەسبێت بۆ گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان و جارێکی دی پێداچونەوەی بۆ بکرێت.