Print WWW.SBEIY.COM
 سیستەمی پەروەردە یان پەروەردەی سیستەم
فایەق سەرچناری
14/10/2013
ئەگەر بە کورتی پێناسەیەکی پەروەردە بکەین، بریتیە لە دروستکردنی کەسایەتی  منداڵان بە ئاراستەیەك کە هەمو مافەکانی خۆیانی تیا پارێزراوبێت و ببێتە هۆی دروستکردن و پتەوکردنی کەسایەتیان و لەملاشەوە ئاراستەی خزمەتی تەواوی منداڵان بێت لە دایەنگاو باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان و هتد.

بەرپرسیارێتی پەروەردەی مناڵان ئەرکی دایك و باوك بەمانای خێزان، دواتریش لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەیە، بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە مناڵ لە دەرەوەی ماڵەو سەرقاڵی خوێندنە لە قوتابخانەکاندا.بۆیە پێویستە یاریگای باش، شوێنی وەرزشی باش، شوێنی فێرکردنی کۆمپیوتەر، خواردنی باش، کتێبخانەی باش لە ناو قوتابخانەکاندا. بەو پێیەی کە سیستەمەکەتان ناوناوە سیستەمی سویدی.

بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردوستان و لە سایەی ئەم حکومەتە روکەشە یەك لەدوای یەکانەی هەرێم کە هەر دو ساڵ جارێك بۆ حیزبێکەو سوێندی یاسایی ئەخورێ وەکو ئەو ماسیە برژاوانەی کە لە نیوەی شەودا ئامادە ئەکرێن بۆ دوای خواردنەوەی هەندێ لە بەرپرسەکانی ئەم وڵاتە، ئەگەر سەیرێکی سیستەمی پەروەردە بکەین ئەوا ئەبینین نەك هەر نەیانتوانیوە ئاوڕێك لەم سیستەمە بەنەوە بەڵکو رەگی گەندەڵیان تیا داکوتاوە و زۆر بێباکانە پەراوێزیان خستوە.

هەرچەندە لەم سەردەمەدا کە ئەبو باشترین قوتابخانە و مۆدێرترین باخچەی ساوایان هەبونایە لەم هەرێمەدا لە سایەی ئەو هەمو داهاتی نەوت و گومرگانەی سەر سنورەکان، ئەبو کارکردن بە منداڵان قەدەغە بکرایە، هەرچەند ئەبو ئاوڕی زۆر جدیان لێبدایەتەوە، چونکە هەر مناڵانن ئەبنە پیاوی دواڕۆژ و ئەمانە نەوەی نوێن. بەڵام دیار و ئاشکرایە ئەمانە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتویان ناوێ لە ڕوی زانست و زانیاری و تەکنۆلۆژیانی سەردەم.

بەڵکو ئەیانەوێ کۆمەڵگایەکی ژێردەست و شکستخواردو دروستبکەن کە هەر خۆیان و کوڕ و نەوەکانیان حوکمڕانی بکەن و خەڵکەکەشی بکەنە کۆیلە.

نمونەش ئەو قوتابخانەیەی گوندی کێلەسپیە لەگەرمیان کە چاوی کامێرای کەی ئێن ئێنی گەیشتێ و ئەو رێپۆرتاژەی کە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکی هەژاند و بە سەدان هەزار کەس کۆمێنتی لەسەر نوسی. کە لەو باوەڕەداین ئەمە مشتێکە لە خەروارێ لە سایەی بەرپرسەکانی هەرێمدا.

جگە لەوەی کە قوتابیان هەر لە سەرەتاییەوە گلەییان هەیە تا ئەگاتە زانکۆکان و هەرجارەو لە قەزاو ناحیە و شارێك خۆپیساندانی قوتابیان سەرهەڵئەدات. بۆیە لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا نایان پەرژێ ئەم هەمو کارە بکەن و ماوەیان کەمە، وەڵام ئەوە تەنها بیست و دو ساڵە حوکم ئەکەن، ئەگەر ئەڵێن داهات کەمە ئەوا جگە لەو بودجەیەی لە حکومەتی عێراقی وەری ئەگرن ئەوا رۆژانە نەوتی ئەم هەرێمە ئەفرۆشن. جگە لە گومرگ و داهاتی دائیرەکان، ئەگەر بڵێین زۆر سەقاڵن ئەوا نەیانتوانیوە لە ماوەی بیست و دووساڵدا موەلیدەکان دورخەنەوە کە تەمەنی کارکردنیان مستەوای تەمەنی حوکمڕانی ئەوانە، نەیانتوانیوە جادەیەکی ئۆتۆبان دروستبکەن لە نێوان شارەکاندا کە رویەکی شارستانی ببەخشێتە نیشتیمان و هەست بکرێ کە حکومەتێکی خەمخۆری هاوڵاتی لەم بەشەی کوردستان دروستبوە.

هەرچەند لە باسەکە دەرچوین کە پەروەردەیە، ئەوەی لەم گوندە دروست ئەکرێ و خوێندکارانی گەرمیان لێرەوە دەست بە خوێندن ئەکەن ئەوە بۆ خۆی پەیامێکە بۆ گوێی ئێوەی بەرپرسی ئەم هەرێمە و دەریدەخات نەك چاکسازی، بەڵکو وڵاتیشتان بۆ بەڕێوەناچێت. بۆیە باشترە سیستەمی پەروەردە بگۆڕین بە پەروەردەی سیستەم.