Print WWW.SBEIY.COM
 هەڵنەبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم و کەرکوک
مه‌لا فه‌رمان
07/11/2013

بەدەر لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی لەسەر چۆنیەتی حوکمڕانی و چارەنوسی دواڕۆژی کەرکوک هاوجوتبونێکی بەرچاو دەبینرێت لەنێوان کەرکوک و هەرسێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەڕوی بەڕێوەبردن و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان. جیاوازیەکانیش دەرهاویشتەی شێوەی ئەو حوکمڕانیەن نەک خۆڕسک.

یەکەم: لێکچونەکان
* ئەم دو ئەنجومەنە بەپێی یاسا تەمەنیان بەسەرچوە و شەرعیەتی بونیان شەرعیەتێکی داتاشراوە؛
* بە بەراورد بە  ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دو دامەزراوەی دەستکورت و بێ دەسەڵاتن؛
*  پارێزگارەکان  لە دەرەوەی ئەنجومەکان هاتون و لەلایەن حیزبەوە دانراون، بەتایبەتی پارێزگاری سلێمانی؛
* لە هەڵبژاردنەکاندا لە هەردولا بەرنامەی پێشوەخت و باندی ساختەکاری دادەنرێت، چاوسورکردنەوە، هەڕەشەی کوتەکی ژێر عەبا و دەمانچە و پارە بەخشینەوە و بەڵێندان لە کەرکوک لە ئاستێکی دیارتردایە.

دوەم: جیاوازیەکان
*  هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم یەک دەسەڵاتی کوردی دو حیزبی بڕیار لە سەر ئەنجامدانی یان  نەدانی دەدات ، بەغدا هیچ کاریگەری نە بە ئەرێنی نە بە نەرێنی لەسەر نیە. بەڵام کەرکوک چەند لایەنێک گرفتی بۆ دروست دەکات؛

*  لە هەرێم دەسەڵات  تۆمەتی دواخستنی هەڵبژاردن دەخاتە پاڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی لایەندارە حیزبیەکەی خۆی، لە کەرکوک دو حکومەت، پەرلەمان و حیزبەکان خەتابارن؛

* رکەبەرایەتی:
 لە کەرکوک لەنێوان سێ پێکهاتەی نەتەوەیی جیاوازە لەسەر چارەنوسی پارێزگاکە، هەندێ لە پێکهاتەکان پێیان وایە لە هەڵبژاردنی داهاتو سەنگیان لە ئەنجومەن کەمدەبێتەوە.
 لە هەرێم لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەسەر جۆری سیستەمی حوکمڕانی و پایەدارکردنی زیاتری ئەنجومەنەکان. هەردو حیزبی دەسەڵات پێیان وایە لە هەڵبژاردنی داهاتو لە حوکڕانی شارەکاندا دەسەڵاتیان کەم دەبێتەوە، بەمەش کێشە بۆ هەولێر دروست دەبێت.

* بۆ کەرکوک نوێنەرانی عەرەب و تورکمان لە رێگەی مادەی ٢٣ لە یاسای ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠٠٨ و پرۆژەوە بەربەست بۆ ئەنجامدانی  هەڵبژاردن دروست دەکەن. لەناو کوردیش یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەوڵدەدات هەرچی زوە و بەهەر شێوەیەکە هەڵبژاردن بکرێت، بەپێچەوانەی یەکێتیەوە پارتی دیموکراتی کوردستان خوازیارە ئەوەندەی بتوانێ هەڵبژاردنی کەرکوک نەکرێت. قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی هەردو حیزب لە ئیدارەی کەرکوک، ژمارەی ئەندامەکانیان لە ئەنجومەن و نوسینەوەی پرۆژەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەن لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتی و عەرەبەوە راستی هەڵوێستی ئەو دو حیزبە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەن دەردەخەن. لە سلێمانی بۆچونی ئەم دو حیزبە رێک بەپێچەوانەی ویستیانە لە کەرکوک.

* لە کەرکوک هێزە دەرەکیەکان کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر چۆنیەتی ئەنجام (دان یان نەدانی) هەڵبژاردن. لە هەرێم ئەو کاریگەریە بە رونی نابینرێت.

  * لە بەغدا سەرۆکایەتی کۆمار دێتە دەنگ و بە مەرسومێک کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری دەکات. دەپرسم لە هەرێم کێ دەیەوێ پێ لە بەرژەوەندی حیزبی و کورسیەکەی بنێت؟ بڕیارێکی لەو جۆرە دەر بکات!

* لە عێراق جگە لە هەڵبژاردنی کەرکوک هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و پارێزگاکان لە کاتی خۆیدا ئەنجامدراوە و هیچ بۆشاییەکی دەستوری دروست نەبوە. بەپێچەوانەوە، لە هەرێم هەمیشە هەڵبژاردنەکان هۆکاری دروستکردنی قەیرانی سیاسی و دەستوری بونە، ئەمەش یەکێکە لە هەوڵە چەندبارەکراوەکانی دەسەڵاتی کوردی بۆ درێژکردنەوەی  تەمەنی حوکمی دو حیزبی لە هەرێم.

رێگاچارە:
بە هەڵبژاردنی ئەو ئەنجومەنانە بەشێکی قەیرانەکان چارەسەر دەبن، ئەو دیموکراتیە بێ روحەی بونی هەیە تا رادەیەک زیندو دەبێتەوە و دامەزراوە حکومیەکانیش تۆکمەتر و چالاکتر دەبن. لەم بارەوە، رابردو و ئێستا دەری خست کە دەسەڵات تا بۆی بکرێت لە ژێر پاساوی جیاجیادا ئەم پرۆسەیە دوا دەخات.

بۆیە لێرە بە دواوە ناڕەوایە شەقامی کوردی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆن لەم بارەوە زیاتر بێدەنگی هەڵبژێرن و تەواوی رێکارە یاسایی و مەدەنیەکان نەگرنەبەر. بە هەڵبژاردنی بێدەنگی هاوشێوەی دەسەڵات بەرپرسیارێتی بەشێکی درێژەپێدانی قەیرانەکان دەگرنە ئەستۆ.