Print WWW.SBEIY.COM
 پرۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵەغی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
20/01/2014

کێشە:
نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان بەدەست قەرەباڵەغیەکی خنکێنەرەوە دەناڵێنن. رۆژانە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان رو لەو نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیانە دەکەن. ‌‌قەرەباڵەغی نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستیەکان بۆخۆیان هۆکاران بۆ سەرهەڵدانی چەندان کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەو قەرەباڵەغیە زۆرەی کە لە نەخۆشخانە و بنەکاندا دەبنیرێت بریتیە لەسەرهەڵدانی چەندان روداوی نەخۆازراوی وەکو شەڕ و جوێندان و پاڵپێوەنان. هەروەها یەکێکی تر لە دەرئەنجامەکانی ئەو قەرەباڵەغیە دروستبونی کێشەی تەندروستیە بۆ ئەو هاوڵاتیە نەخۆشانەی کە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن. بۆ نمونە لە وەرزی پایز و زستاندا، کۆبونەوەی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لە یەک شوێندا و دروستبونی قەرەباڵەغی هۆکارێکی گەورەیە بۆ گواستنەوەی نەخۆشیە گوازراوەکانی وەکو هەڵامەت و هەوکردنی سینگ و کۆکەڕەشە و نەخۆشیە مەترسیەکانی تری پێست و کۆئەندامی هەرس و هەناسە...هتد. هەروەها قەرەباڵەغی زۆر کێشەی تەندروستی ترسناک بۆ ئەو نەخۆشانە دروستدەکات کە نەخۆشی رەبو و تەنگەنەفەسی و نەخۆشیەکانی دڵ و نەخۆشی دەرونیان هەیە. هاوکات جاری وا هەیە بە هۆی زۆریی نەخۆش و سەردانەکەری نەخۆشخانەکانەوە، ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیان لە بینینی پزیشک و ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكیی بێبەش دەبن و دەرئەنجام چارەسەری کێشە تەندروستیەکانیان دوادەکەوێت و ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر بارودۆخی تەندروستییان و سەرکەوتنی چارەسەری ئەو کێشە تەندروستیانەی کە هەیانە لە داهاتودا.

هۆکارەکانی ئەم قەرەباڵەغیە زۆرن و هەندێکیان پەیوەندییان هەیە بە کەمی خزمەتگوزاری و دابەزینی کواڵیتی ئەو خزمەتەی پێشکەشدەکرێت و هەڵکشانی پەیداویستی هاوڵاتیان بۆ خزمەت و کەمی بودجە و ژێرخانی تەندروستی و پابەندنەبون بە کاتەکانی دەوامی فەرمییەوە. بەڵام بەشێکی گەورەی هۆکارەکانی ئەو قەرەباڵەغیە بۆ نەبونی سیستمێکی کارگێڕی تۆکەمە و سەردەمیانە دەگەڕێتەوە کە بتوانێت چارەسەری ئەو قەرەباڵەغیە بکات.
 
چارەسەر:
هەڵبەتە چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵەغی لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان (وەکو هەر کێشە و گرفتێکی تری کۆمەڵایەتی و تەندروستی) بە تەنها یەک هەنگاو و یەک پرۆژە چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەنگاو و پرۆژە و چالاکی جوراوجۆر هەیە. قەرەباڵەغی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان بە تەواوەتی چارەسەر ناکرێت ئەگەر کواڵیتی خزمەتی تەندروستی لە نەخۆشخانەکاندا باشتر نەکرێت (بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ناچاری ئەوە نەبن کە چەندان جار سەردانی نەخۆشخانە بکەن لە ئەنجامی چارەسەر نەکردنی کێشەکانیان) هەروەها زیادکردنی ژمارەی پزیشکان و کارمەندان و باشترکردنی ئەو پشكنین و تاقیکردنەوانەی کە بۆیان دەکرێت...هتد.

بەڵام یەکێک لەو هەنگاوە ئاسان و خێرایانەی کە دەشێت لەم میانەدا بکرێت ئەوەیە کە سیستمی 'مەوعید' بهێنرێتە کایەوە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکاندا وەکو هەنگاوی یەکەم بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵەغی و پاڵەپەستۆ لەسەر نەخۆشخانەکان. ئەم سیستمە بریتی دەبێت لەوەی کە هەمو هاوڵاتیەک کە پێویستی بە خزمەتی تەندروستیە دەبێت پێشەوخت لەڕێگای تەلەفونەوە پەیوەندی بەو نەخۆشخانە یا بنکەی تەندروستیە بکات کە پێویستی بە سەردانکردنێتی بۆ وەرگرتنی مەوعێدێک لە گەڵ پزیشک یا لەگەڵ کارمەندی تەندروستی دیاریکراو. هەڵەبەتە لەگەڵ شارەزابونی هاوڵاتیان لەسەر ئامارازە تەکنەلۆژیەکانی تری وەکو کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت، دەکرێت وەرگرتنی مەوعید لەگەڵ پزیشک یا کارمەندی تەندروستی لەڕێگەی ئەنتەرنێتیشەوە بکرێت.

لە کاتی وەرگرتنی مەوعید لەڕێگەی تەلەفونەوە یا لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوە، پێویستە لەسەر ئەو کەسەی کە تەلەفونەکە وەڵام دەداتەوە، فۆرمێکی تایبەت پڕبکاتەوە بۆ ئەو کەسەی پەیوەندییەکە دەکات و پرسیاری لێبکات دەربارەی مەبەستی سەردانەکە. پێویستە ئەو کەسەی کە وەڵامی پەیوەندییەکە دەداتەوە، جۆرێک لە شارەزایی لە بواری پزیشکی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت فۆرمەکە پڕبکاتەوە. بە گوێرەی وەڵامەکانی کەسی پەیوەندیکەر، کاتێکی دیاریکراو (کە لە ٤٨ سەعات زیاتر نەبێت) بۆ نەخۆشەکە دیاردەکرێت و پێویستە نەخۆشەکە لە کاتی دیارکراودا ئامادە بێت. پێویستە پێش ئەوەی کە کاتی مەوعیدەکە بێت، نەخۆشەکە لەڕێی تێکستەوە ئاگاداربکرێتەوە لە مەوعیدەکەی. ئەو کاتەی لە نێوان پەیوەندی تەلەفونی نەخۆشەکە و مەوعیدی بینینی پزیشکدا (یا کارمەندی تەندروستی) تێدەپەڕێت، پێویستە پزیشکەکە یا کارمەندە تەندروستیەکە لەو زانیاریانە بکۆڵێتەوە کە لەسەر نەخۆشەکە کۆکراوەتەوە چی لەڕێی ئەو زانیاریانەی لە ئەنجامی سەردانی پێشوتردا کەڵەکراون یاخود لەرێی ئەو فۆرمەی کە لە کاتی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا پڕ دەکرێتەوە. بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، دەکرێت سەرەتا لە یەک یا چەند دەزگایەکی تەندروستیدا تاقیدەکرێتەوە و پاش جێبەجێکردنی بۆ ماوەی ٣ مانگ، هەمو ئەو وانانە سودیان لێوەردەگیرێت کە لە ماوەی جێبەجێکردندا کەڵەکەدەبن و دواتر بۆ هەمو دەزگا تەندروستیەکان فراوان دەکرێت.

هێنانەدی سیستمێکی ئاوەها چەند ئامانجێک دەپێکێت:
1.       کەمکردنەوەی قەرەباڵەغی نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستیەکان
2.       بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە (مۆبایل، تەلەفون، کۆمپیوتەر) لە بەڕێوەبەردنی کاروباری نەخۆشخانەکان
3.       کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو نەخۆشانەی کە سەردانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان دەکەن
4.       بەکارهێنانی ئەو زانیاریانەی کۆدەکرێتەوە بۆ باشترکردنی ئەو خزمەتەی کە پێشکەشی نەخۆش دەکرێت لە نەخۆشخانە و بنکە  تەندروستیەکاندا.
5.       بنبڕکردنی روداوی نەخۆازراوی وەکو شەڕ و جنێودان لە نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستیەکان لە نێوان هاوڵاتیان خۆیان و لە نێوان هاوڵاتیان و پزیشکان و کارمەندانیش.
6.        کەمکردنەوەی ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشی لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان.
7.       راهێنانی کارمەندان و پزیشکان لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە لە کاروبارە ئیدارییەکانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بگوترێت کە ئەم پرۆژەیە دەبێت وەکو بەشێکی بچوکی پلانێکی فراوانتر بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵەغی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان تەماشا بکرێت و بەهیچ شێوەیەک بە تەنها ئەم جۆرە پرۆژانە ناتوانن سەرکەوتو بن ئەگەر هەنگاوی فراوانتریان لەگەڵدا نەبێت.