Print WWW.SBEIY.COM
 پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی یا رەتاندنەوەی هاوڵاتیان؟
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
18/07/2014
وەزارەتی تەندروستی بە پاڵپشتی ژمارەیەک پەرلەمانتار،  بیدعەیەکیان پێشکەشی پەرلەمان کردوە بەناوی پرۆژە یاسای بیمەی تەندروستی. ئەگەر ئەو وشە بریقوباق و فریودەرانەی لەو پرۆژە یاسایەدا هاتوە لابەرین، دەگەینە ئەسڵی مەبەست لەم یاسایە کە ئەویش دۆشینی هاوڵاتیانە و روتانەوەیانە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی و ئەو بازرگانانەی بواری تەندروستی کە بە هیچ شتێک تێرناخۆن. پرۆژە یاسای بیمەی تەندروستی هەوڵێکی تری بازرگانەکانی بواری تەندروستی و شەریکەکانیانە لە ناو وەزارەتی تەندروستی بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی داهاتی دیکە و زیاتر بۆ خۆیان و هەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی دزی و بەهەدەردان و گەندەڵیەکانیان لە بواری تەندروستیدا.

بەگوێرەی ئەو پرۆژە یاسایە بڕێک پارەی مانگانە لەموچەی هەمو فەرمانبەرێک دەبڕدرێت و پارەکە دەخرێتە بەردەستی وەزیری تەندروستی و ئیتر جەنابیان بە ئارەزوی خۆی تەخشان و پەخشانی دەکات. لەلایەکەوە بڕینی پارەکە بە زۆرە و کەس بۆی نیە ئەو بڕە پارەیە نەدات و لەلایەکی تریشەوە بەشداربون لەسیستمی بیمەکە ئارەزومەندانەیە.

ئەم پرۆژە یاسایە نەک زانستی و لۆژیکی نیە، بەڵکو دزیەکی ئاشکرایە لەهاوڵاتیانیش. پرۆژەکە نەک تەنها دواخستنی چارەسەرکردنی کێشەکانی تەندروستیە، بەڵکو ئاڵۆزترکردنی چارەسەری ئەو کێشانەیە لەداهاتودا. بە کورتی ئەم "چارەسەرەی" ئەمڕۆ، کێشەی دوارۆژە بۆ سیستمی تەندروستی و ئەوانەی کە هەوڵی چارەسەری بنەڕەتی دەدەن.

هەمومان ئەو راستیە باش دەزانین کە سیستمی تەندروستی ئێمە ئالودەی کەمداهاتیە. لەکاتێکدا کە ستانداردە نێودەوڵەتیەکان باسی ئەوە دەکەن کە دەبێت ١٥%ی بودجەی هەر حکومەتێک بۆ تەندروستی خەرج بکرێت، لای ئێمە کەمتر ٥% بودجەی حکومەت بۆ ئەم بوارە ژیاری و گرنگە خەرج ئەکرێت. هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە دڵسۆزان و شارەزایانی بواری تەندروستی هاواری ئەوە ئەکەن کە دەبێت ئەو بڕە پارەیەی حکومەت لەتەندروستی خەرجیدەکات زیاد بکرێت، بەڵام لەگوێیەکی کەڕ زیاتر حکومەت هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر ئەم داواکارییانە پیشاننەداوە و تەندروستی هاوڵاتیانی وەکو ئەولەویەتێکی خۆی نەبینوە. وەزیری ئێستای تەندروستی شکستێکی گەورەی تۆمار کرد لەقەناعەت پێکردنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بودجەی تەندروستی زیادبکات. لەباتی ئەوەی جەنابی وەزیر هەوڵەکانی چڕتربکاتەوە بۆ ئەوەی حکومەت بڕێکی زیاتر لەو گاڵتەجاڕییەی بۆ تەندروستی تەرخان دەکات، داهات دابینبکات، لەباتی ئەوە، ماسولکەکانی خۆی لەبەرامبەر هاوڵاتیان تاقیدەکاتەوە. لەڕاستیدا ئەمە یەکەمجار نیە کە دەسەڵاتدارانی تەندروستی و بە تایبەتیش وەزیری تەندروستی سینگی خۆی بەرامبەر هاوڵاتیان دەردەپەڕێنێت، بەڵام لەبەرامبەر بازرگانە سیاسی و دوژمنەکانی تەندروستی هاونیشتیمانیان هیچی پێ ناکرێت. بێدەسەڵاتی وەزیر لەبەرامبەر بازرگانەکانی دەرمان، بۆ نمونە، دەرئەنجام بوە هۆی کوێرکردنی هاوڵاتیان لەکاتێکدا ئەو بازرگان و قاچاخچیانەی کە بە بەرچاوی وەزیرەوە ئەو تاوانەیان ئەنجامدا بەهۆی پشتگیرکردنیان لەلایەن سیاسیەکانەوە وەکو بەرزی بانان بۆی دەرچون.

لەباتی ئەوەی وەزیری تەندروستی و هاوپەیمانەکانی لەپەرلەمانتارە بێئاگاکان لەتەندروستی و بەرژەوەندی هاوڵاتیان، پەلاماری موچە روزەرد و دواکەوتوەکانی هاوڵاتیان بدەن، دەبوایە ئەو دوچاوەی هەیانە بیانکردایەتە چوار چاو بۆ گەڕانەوەی ئەو داهاتە کەمەی بۆ تەندروستی خەرجدەکرێت، کەچی بەشێکی زۆری لەگەندەڵی و تەخشان و پەخشانکردن بەهەدەر دەدرێت. لەباتی ئەوەی بۆ پەلاماردانی هاوڵاتیان  ئازا بن دەبوایە چەند پرسیارێکی سادەیان ئاراستەی وەزیری تەندروستی و دارودەستەکەی بکردایە. دەیانتوانی بە وەزیر بڵێن، جەناب ئەو هەمو راوێژکارە بێئیشە چی ئەکات لەوەزارەتەکەت کە بە بەرچاوتەوە موچە وەرئەگرن و یەک بەردیان نەداوەتە سەر وەزارەتەکەتدا. ئایە تەنها بە دەرکردنی ئەو راوێژکارە بندیوارانە و گەڕاندنەوەی موچەکانیان وەکو داهات بۆ وەزارەتی تەندروستی گیانی چەند منداڵی نەخۆشی کورد رزگارئەکرا؟

ئەو پەرلەمانتارانەی کە ئیمزاکانیان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە داناوە، پێش ئەوەی کارێکی ئاوەها بکەن، باشتر نەبو لە جەنابی وەزیر ببپرسن، جەناب وەزارەتەکەت ئەو هەمو پارە و داهاتە بۆ لەئیمزاکردنی گرێبەستی گوماناوی لەگەڵ کۆمپانیای ساختەی پشکنینی دەرمان بەهەدەردەدات؟ خێرە وەزارەتەکەی زیاد لەپێنج ملیۆن دۆلاری لەدروستکردنی نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت بەناوی نەخۆشخانەی پارەوە خەرجکردوە؟ ئەی بۆ لەجیاتی کڕینی دەرمانی (براند) دەرمانی (جینەریک) ناکڕێت کە هەرزانترە و هەمان کوالیتیە؟ ئایە بۆچی بواری دەرمان لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی نزیک و شەریکی حیزبەکانی خۆیانەوە مۆنۆپۆلکراوە و بوار بە کێبڕکێ نادەن کە رۆڵێکی گەورەی هەیە لەنزمکردنەوەی نرخی دەرمان لەبازاڕدا؟ ئایە بۆچی ناپرسن خودی وەزارەتی تەندروستی خۆی بەهۆی بڕیارە سەقەتەکانیەوە نرخی دەرمانی بۆ هەندێک جۆر زیاد لە ٧٠% بەرزکردەوە؟ ئایە ئەوە بەهەدەردان نیە؟ ئەی بۆ ناپرسن  بۆچی وەزارەت بیدعەیەکی وەکو سیستمی نیمچە تایبەتی هێنایە کایەوە کە نرخی خزمەتی تەندروستی هەم لەسەر خۆی و هەم لەسەر حکومەتیشی زیادکرد بەوەی کە نرخی بازاڕی لەناو کەرتی گشتیدا جێگیر کرد؟

ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزای ئەو پرۆژە یاسایەیان کردوە، نەئەبوایە پرسیاری ئەوەیان بکردایە باشە خێرە مەکتەب سەرۆکەکانی حیزبەکەی هاوپەیمانی وەزیر و دەزگاکانی تەندروستی شۆڕش و سەرۆکایەتی کۆمار...هتد پارەیان هەیە بۆ ئەندام و لایەنگرەکانی خۆیان بەڵام بۆ تەندروستی خەڵکی ناحیزبی و ئاسایی دەبێت لەموچەی هاوڵاتیان ببچڕن؟ بۆچی ئەوەی کە سەردانێکی یەکێک لەمەکتەب سەرۆکەکان بکات ئەتوانێت بە دەفتەرە دۆلار پەیدا بکات، بەڵام وەزارەتێکی گەورە و گران نەتوانێت پارە لەداهاتی نەوت و داهاتەکانی تر بۆ تەندروستی هاوڵاتیان دابینبکات؟

وەزارەتی تەندروستی لەبەرامبەر حکومەت و سەرۆکی وەزیران وەزارەتێکی لاوازو بێ ئەرزشە و ئەو وەزارەتە و وەزیرەکەی ناتوانن کەمترین دەستکەوت بۆ هاوڵاتیان لەلای حکومەت بچننەوە. بە دیوەکەی تردا بۆ گیانی هاوڵاتیان زۆر ئازان. هەمان سیناریۆ لەبەرامبەر بازرگانە سیاسیەکانیش وەزارەت و وەزیرەکەی لەلوتکەی بێدەسەڵاتیدان. بۆ نمونە یەکێک لەکاریگەرترین ئامرازەکانی کۆکردنەوەی داهات بۆ تەندروستی دانانی باجە لەسەر جگەرە. بەڵام چونکە ئەو بازرگانیە لەلایەن سیاسیەکانی حیزبەکەی خودی وەزیر خۆی و هاوپەیمانەکەی دەستی بەسەردا گیراوە، جەنابی وەزیر و وەزارەتەکەی ناتوانن توخنی ئەو بازرگانیە بکەون نەوەک زەرەر لەئاغاکانیان بکەوێت. ئایە ئەو پەرلەمانتارانەی کە ئیمزاکانیان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە دانا، پرسیاری ئەوەیان لەجەنابی وەزیر نەکرد و زەمیری خۆیان پرسیاری ئەوەی لێ نەکردن کە ئاخۆ پێش ئەوەی پەلاماری موچەی هاوڵاتیان بدەن بۆچی بیریکیان لەتۆزێک کەمکردنەوەی قازانجی بازرگانە تێرنەخۆرەکانی جگەرە نەکردەوە، بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی لەباجی جگەرە پەیدا ئەکرێت بۆ ئەو هاوڵاتیانە خەرجبکرێت کە سیاسیە بازرگانەکان ئەو ژەهرەیان دەرخوارد ئەدەن؟

هاوکات بە گوێرەی هەمو ستانداردە جیهانیەکان، باج لەسەر کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل یەکێکە لەسەرچاوە گرنگەکانی داهات بۆ تەندروستی و بەتایبەتی بۆ خزمەتی تەندروستی بۆ قوربانیەکانی روداوەکانی هاتوچۆ و رێگاوبان. بەڵام چونکە دیسان بازرگانی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئاغاکانی وەزیر و وەزارەتەکەیەوە دەستی بەسەردا گیراوەو مۆنۆپۆڵکراوە، جەنابیان ناوێرێت توخنی ئەو بازرگانیە بکەوێت و باجێکی کەمیش بێت لەسەری دابنا بۆ ئەوەی هیچ نەبێت خەرجی تیمار و چارەسەری قوربانیەکانی هاتوچۆی لێ دەرچێت. چونکە جەنابی وەزیرو پەرلەمانتارە هاوپەیمانەکانی بەو بازرگانە سیاسیانە ناوێرن، بەڵام مۆڕە لەهاوڵاتیان و موچەکانیان ئەکەن و بەتەمان ئەوەیشی کە بە ئیسکیف دەیدەنە هاوڵاتیان بەشێکی لێ ببچڕن.

بیمەی تەندروستی بۆ وڵاتێک دەبێت کە نەوت و سەرچاوەی سروشتی و بازرگانی نەبێت. بۆ وڵاتێکە کە کۆمپانیا و پیشەسازیی تێدا پێشکەوتو بێت. بیمەی تەندروستی بۆ وڵاتێک نیە کە پڕ بێت لەخێروبێر و سەرچاوەی سروشتی. بەڵام دیارە وەزیر و وەزارەتەکەی و پەرلەمانتارە هاوپەیمانەکانی هەمو یاسا و رێسا و بنەما زانستیەکانیان هەڵاوگێڕ کردوەتەوە. بەڵێ دیارە بیمەی تەندروستی بۆ وڵاتێکیش دەبێت کە بەشێکی سیاسیەکان هەمو سەرچاوە سروشتیەکان بۆ خۆیان و حیزبەکانیان هەڵوشن و بەشی داهات بۆ خزمەتی تەندروستی نەهێڵنەوە و داوا لەهاوڵاتی خۆی بکەن کە لەو موچە کەمەی وەریدەگرێت پارە بۆ تەندروستی پەیدا بکات! دیارە بیمەی تەندروستی بۆ وڵاتێکیشە کە سیاسیەکانی دەستیان بەسەر هەمو ئاڵۆێرە بازرگانەیەکان گرتبێت و تەنانەت بەشی ئەوەش پاشەکەوت نەکەن کە لەکاتی تەنگانە و نەخۆشیدا فریای هاولاتیان بکەوێت.

لەکۆتایدا ئەوە ماوە بڵێین، ئەگەر دەستەکانی وەزارەتی تەندروستی دەستێکی ئەمین و متمانەپێکراو بوایە، ئەوە هێشتا رێی تێئەچو کە بوار بەو وەزارەتە درابا کە موچەی هاوڵاتیان برابەشبکات و بەشێکی بۆ خۆی بەرێت. بەڵام کێشەی ئەم وەزارەتە ئەوەیە ئەو داهاتەی لەبەردەستیدایە تەخشان و پەخشانی دەکات و بۆ مەبەستی تایبەت و حیزبی خراپ بەکاریئەهێنێت. لەبەر هەمو ئەو هۆکارانە، تکا لەپەرلەمانتاران ئەکەم کە ئیمزاکانیان بکشێننەوە و ئەو پرۆژە یاسایە شکستپێبهێنن لەپەرلەماندا.