Print WWW.SBEIY.COM
 هەڕەشەی سەر NRT هێرشە بۆ سەر دیموکراسی
فایەق سەرچناری
20/08/2014

دیارە هەر لەسەرەتای دروستبونی ئەو کەناڵە شانبەشانی کەناڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن کاروچالاکیەکانی خۆیان وەك ئەرکێکی نیشتیمانی پەرەپێداوە و ئازایانە کاریان کردوە لەسەر بە ئاگاهێنانەوەی خەڵك و هەمیشەش دەستیان خستۆتە سەر برینەکان و هەر کەموکوڕیەکیش لەهەر دامودەزگای حکومی و هەتا پەرلەمانیشدا هەبوبێ ئەمان ئازایانە گەیاندویانەتە جەماوەر و هەمو لایەکیان لێ ئاگادار کردۆتەوە.

ئەوەی ماوە بیڵێین دەورێکی زۆر کاریگەریان گێڕاوە بۆ وشیارکرنەوەی خەڵك و هەمیشەش گەندەڵیەکانیان ئاشکرا کردوە. لەهەر شوێنێك داهاتی ئەم میللەتە ئەگەر کەم بوبێ یان زۆر بەهەدەر برابێ ئەوا ئەمان لەوێ ئامادەبون و نەك هەر دژی وەستاون، بەڵکو زۆر خێرا هەمو خەڵکیان لەڕێگەی شاشەکانیانەوە لێ ئاگادار کردوە، بۆیە هەمیشە جێی دەستخۆشی هەمو ئازادیخوازان و ئەو چینە زۆرەی کۆمەڵگا بون کە بەدەست هەژاریەوە ناڵاندویانە.

ئەوەتا چەندجار ئەم کەناڵە هەڕەشەی لێکراوەو کارمەندەکانی ترسێنراون، ئەوەبو بەبەرچاوی هەمو خەڵکی کوردستانەوە هێرشکرایە سەری و سوتێنرا، ئەمەش بوە هۆی زەرەرێکی زۆرو لێرەوە هەوڵی راگرتنی درا.

جارێکیش هێرشیانکردە سەر بەڕێوەبەری کەناڵەکە و بە سەختی بریندار کرا، ئەوەبو لەم هێرشەدا زۆر بەزەحمەت لەمردن رزگاری بو، نمونەی تریش زۆرن کە تا ئەمڕۆ کەیسەکانیان لەدادگاکاندا ماون.

ئەم کەناڵە لەوەتەی ئەم بارودۆخەی کە هەرێمی کوردستانی پیا تێپەڕئەبێ و دوژمنان ئەیانەوێ گڵاوی بکەن، کارمەندەکانی وەك هەر رۆڵەیەکی تێکۆشەر کە داکۆکی ئەکات لەم نیشتیمانە، ئەمانیش زۆربەی کات لەگەڵ هەڤاڵانی پێشمەرگەدا کات بەسەر ئەبەن و سەردانی مەیدانی پێشەوەی شەڕەکان ئەکەن و لەچۆنێتی بارودۆخی برا پێشمەرگەکان دەکۆڵنەوە.

ئەوەی جێگەی داخە بۆ هەمو ئازادیخوازان ئەوەیە لەم کاتە و کە هەمومان داوای یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی ئەکەین، ئەوەتا بۆ جارێکی تر هەڕەشە لەم کەناڵە کرا.

هەرچەندە من پێموایە خەمساردیەك دەردەکەوێ بۆ پاراستنی، بەڵام ئەبێ ئەم جۆرە هەڕەشانە بەهەند وەرگیرێ و پشتگوێ نەخرێ، چونکە پێش سوتانی ئەم کەناڵە لەڕابوردودا زۆر هەوڵیاندا کە هەڕەشەیان لەسەرە و پێویستە پارێزگاری بکرێن.

ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەڕەشە بۆ سەر ئەم کەناڵە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادیخوازان، ئەدیبان، نوسەران، رۆشنبیران و هەڕەشەش بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسیە لەهەرێمی کوردستاندا.

ئەوەی ماوە بیڵێین ئەوەیە، پێویستە ئەم روداوە پۆلیس بەدواداچونی وردی بۆ بکات و چاودێری وردیش بۆ روداوەکە بکات لەڕێی کەسانی پسپۆڕەوە، ئەمە تەنها ئەرکی پۆلیسە نابێ هیچ حیزبێ دەستی تێوەردا، چونکە ئەمە ئەرکی هیچ حیزبێك نیە، تەنها پۆلیس نەبێ.

چونکە ئەوەی پەیوەستبێ بەمجۆرە روداوانەوە کاری برایانی پۆلیسە و ئەگەر چاودێریش بکرێ ئەوا هەر ئەبێ پۆلیس بەم کارە هەستێ، نابێ راستەوخۆ کەسیش تاوانبار بکرێ، پێویستە چاوەڕێی راپۆرتی برایانی پۆلیس بکەین لەئێستادا.

ئەوەی پێویستە هەمو لایەك بیزانین ئەوەیە، هێرشی سەر ئەم کەناڵە، هێرشە بۆ سەر ئازادی و دیموکراسی لەهەرێمی کوردستاندا.