Print WWW.SBEIY.COM
 نامەکەی بارزانی بۆ وەزیری پێشمەرگە
مه‌لا فه‌رمان
28/12/2014

لە ٢٠٠٦ ئەمەریکیەکان تکایان لە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی کرد بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، هێزەکانی ناوخۆ و دەزگا هەواڵگریەکان، بە داخەوە هیچ یەک لەم دو حیزبە ئەم داوایەی دۆستەکەیان جێبەجێ نەکرد. لە کاتێکدا ئەم داوایە داوایەکی لە مێژینەی خەڵکی کوردستان و بەشی زۆری کادر و دۆستەکانی هەردو حیزبیش بون.  ئەگەر ئەم کارە بکرایا ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی تر و پێگەیەکی باشتری دەبو لە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لای وڵاتانی دراوسێ و عێراق.

نامەکەی بارزانی و پێشنیار و داواکەی هەنگاوێکی گرنگە و ویستی هەمو خەڵکی کوردستانە. وەزیری پێشمەرگەش کاندیدکراوی حیزبێکە لە هەمو کەس و لایەنێک زیاتر و زوتر دەیەوێ بەدەنگ ئەو کارەوە بچێت و هەنگاو بنێ.  بۆ جێبەجێکردنیشی  پشتیوانی هەمو بزوتنەوەکەی هەیە.

بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە وەک خۆی سەربگرێت، ناوەڕۆکی نامەکەش جێبەجێ بکرێت و هیچ گومانێکی لێنەکەوێتەوە و بەدەردی بڕیار و نامە و قسەکانی پێشتر نەچێت،  پێویستە بارزانی پێشوەخت ئەم هەنگاوانە بنێت:

١- کێشانەوە و دورخستنەوەی هەمو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکان لە سەرکردایەتیکردنی مەیدانی بەرەکانی شەڕ. باشتروایە لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەست پێبکات.
٢-  دورخستنەوە و لێپرسینەوە لە هەمو ئەوانەی کاری گەندەڵیان ئەنجام داوە و بازرگانی نەوتیان لەگەڵ داعش کردوە. 
٣- بە دواداچون بۆ باسکردنەکانی ناو جەماوەر، ئەوەندەی ئاگادار بم و لە نزیکەوە بە دواداچونم بۆ کردبێت ئەوەی خەڵک بە چاوی خۆی دەیبێنێ و ئێوە لێی بێدەنگن هۆکاری سەرەکین لەوەی جەماوەر متمانە بە بڕیارەکانی جەنابت و سەرکردایەتی نەکات:  نمونەیەک لەو سەدان باسکردنانەی سەر زمانی جەماوەر:
- سەرەتای مانگی ١٢ چەند لۆریەکی گەنم لە سنوری قەزای توزخورماتوەوە دێت و بە ناحیەی شواندا تێدەپەڕێت، لە شێوەسور یەکێ لە لۆریەکان هەڵدەگەڕێت و گەنمەکە دەڕژێت و هەمو خەڵکی ناوچەکە پێی دەزانن. هەر لەهەمان رۆژدا چەند لۆریەک پڕ لە مانگا لە شوانەوە بەرەو تەقتەق و کۆیە بەڕێ دەکەوێت. پۆلیس لە ئیجرائات وەرگرتن دەستەوەستانە و هەڕەشەی لێ دەکرێت. فەرمون ئەمر کەن و لە ناو خەڵکەوە بە دواداچون بۆ ئەم گەندەڵیە بکە.
٤- لیوا و فەوجەکانی سەرۆک حیزبەکان و ئەندام مەکتەب سیاسیەکان بۆچی؟ جگە لە پاسەوانی ئەرکیان چیە؟ ئایا لە هەرێمێکی پڕ سەقامگیری وەک کوردستان بەرپرس پێویستی بە فەوج و لیوایەک پاسەوان هەیە؟.
٥- پاسەوانی بارەگا حیزبیەکان لە ژمارەدا زۆر لە چەند فەوج و لێوایەک زیاترن. بۆیە کەمکردنەوەی ئەم هێزانە و سپاردنی ئەرکی پاراستنی بارەگا حیزبیەکان بە وەزارەتی ناوخۆ  ئاسانکاری زۆر دەکات لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.
٦ - دەستڕۆیی و دەوڵەمەندی هەندێ حیزب و کۆمپانیا دورنیە ببێتە هۆکارێک بۆ دروستکردن و ئیدارەدانی هێزی تایبەت بە خۆیان لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ. بۆیە ئەمە یەکێکە لە و خاڵە گرنگانەی پێویستە بەهەند وەربگیرێ.
٧- کارکردن لەسەر گۆڕینی عەقڵ و کاری حیزب لە عەقڵی موخابەراتی و هەواڵگریەوە  بۆ عەقڵ و بیرکردنەوەی مەدەنیانە، ئەم هەنگاوەش لە لوتکەی دەسەڵاتی حیزبەوە پێویستە دەست پێبکات. لای جەماوەر هێشتا حیزب ناوەندێکی تۆقێنەرە، چونکە بە هەمان شێوەی سەدەی رابردو خاوەن کوتەک ژێر عەبایە و بە کردەوەش کاری پێدەکات.
٨- لە لوتکەی دەسەڵاتی حیزبەوە پێویستە دەست لە قۆرغکاری دەسەڵات لە حیزب و حکومەت هەڵبگیرێ. ئەوەی ئێستا دەبیندرێت نەک یارمەتیدەری جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی نامەکەی جەنابت نین، بەڵکە کۆسپی زۆر گەورەن لە رێگەی جێبەجێکردنیدا.
٩ -  هێز هەیە بە ناوی دژە تیرۆر و چەندین ناوی تر! ئایا جەنابتان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، دەزانن، ژمارەیان چەندە؟ چۆن ئیدارە دەدرێن؟ تا چەند گوێڕایەڵی فەرمانەکانتان دەبن؟
١٠- دڵنیام هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ هیچ نابنە کۆسپ لە رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە. ئەوەی کۆسپ دروست دەکات و دەبێتە تەگەرە لە رێگەی ئەم پرۆسەیە تەنها کۆمپانیا و فەوج و لیواکانی بەرپرسە باڵاکانی حیزبە. بۆیە جەنابت ئەم پایانە بگرە بێپاکان خۆیان دێنە سەر رێ.
١١ - ویکلیکس سەروەت و سامانی بەرپرسانی کورد بە ژمارەی خەیاڵی دەخەمڵێنێ.  جگە لە خوێندنەوەیان، بەکردەوە و لە واقعیشدا جەماوەر لە پاڵ ژیانی دۆزەخیانەی خۆی، ژیانی بەهەشتیانەی زۆرێک لە بەرپرسەکان، کۆمپانیاکانی حیزب و کەناڵە ئاسمانیەکانیان دەبینێ! هەمو ئەمانە لە کوێوە هاتون، هی کێن و چۆن پەیدا بونە؟

بەڵێ ناوەڕۆکی نامەکە لە جێی خۆیەتی و ئەرکی هەمومانە پشتیوانی بکەین. ئەم هەنگاوە ئەگەرچی درەنگ کەوتوە، بەڵام لە کاتێکدایە زۆربەی دونیا بەدەنگی میلەتەکەمانەوە هاتون و ژمارەی دۆستەکان لە هەڵکشاندایە بۆیە هەرکەسێ دژ بەم هەنگاوە بوەستێ لای خودا و مێژو لە رێزی پیاوچاکاندا تۆرمار ناکرێن.