Print WWW.SBEIY.COM
 دەستپێکی ٢٠١٥ لە کەرکوک
مه‌لا فه‌رمان
06/01/2015

( پێشەکی داوای بوردن لەو خوێنەرانە دەکەم ئەگەر بە هۆی خوێندنەوەی ئەم هەمو دەردانەی کەرکوکەوە توشی سەرئێشەبون).  
ئەم شارە تا باس لە کێشەکانی بکەی هێندەی تر برینەکان دەکولێنەوە، کولانەوەی برینەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ تەنها بە باسکردنی دەردەکانی دوێنێ نیە، بەڵکە لەگەڵ هەر ساڵێکی تازەدا جەستەی ئەم شارە هاوشێوەیەی جەستەی شەکەتی نەخۆشێکی درێژخایەن توشی دەردێکی تازە دەبێت و ئەم دەردە کەم دەرمان و کەم حەکیمە ئەوندەنی تر برینەکان دەکولێنێتەوە.

دەردی یەکەم:  تەقەکردن و دزیکردن
دوێنێ شەو لە سەری ساڵی ٢٠١٥ دەبڵ کابینەیەکی ژمارە کاتی دهۆک لە گەڕەکی رەحیم ئاوا رفێندرا، شەوی رابردو سێ ئۆتۆمبێلی تر هەر لە گەڕەکە کوردیەکان دیار نەماون. هەر دوێنێ شەو لای تاقەکەی رێگەی سلێمانی شەڕە تەقەبو یەکێ بریندار و یەک کوژراوی لێکەوتەوە.

شەوانەی کەرکوک لە شەوانی سلێمانی ساڵانی هەشتاکان دەچێت، تەقەیە و قلێشایەوە. درەنگانی شەو لە سەروی کەرکوکەوە بۆ خواروی کەرکوک دەتوانیت ئۆتۆمبێلەکەت بە ویستی خۆت تاودەی، کەس رێگەت لێناگرێ، کاتی دەوام نیە پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر جادە نیە، ترافیک لایتەکان کوژاونەتەوە. تەنها لە پێش دەرگای پارێزگا یەک هەمەر دەبینی، ئەمیش وەک ئەوەی چەقی بێت شەو و رۆژ لەو جێگەیە وەستاوە و لە ئەرکدایە.

بەکورتی تەنها ئۆتۆمبێل رفاندن و دزین لە مانگەکانی ١١ و ١٢ / ٢١٠٤ ، ٤٠ چل ئۆتۆمبێل دزراوە، لەم چەند رۆژەی ساڵی ٢٠١٥ ، ٣ سێ ئۆتۆمبیل.

لێرەدا جێی ئەوەیە یەک پرسیار بکرێت. ئەرێ شارێ ئەم هەمو دزیەی لێ بکرێت، ئیدارەی کەرکوک و دەزگا ئەمنیەکان کاریان چیە و خەریکی چین؟ جێی ئەوە نیە گومان بکرێت لە دزەکردنی کەسانی خراپ بۆ ناو ئەو دەزگایانە؟ بەڵێ لای خەڵکی کەرکوک لە زۆکەکەوە ئەم ئیدارە و دەزگایانە لە ژێر پرسیاردان، هەر لە گەندەڵیەوە بگرە تا دەگاتە ناپاکی.، بەڵام ئەوە حیزب و پیاوەکانێتی دیزە بەدەرخۆنە بە کارەکان دەکەن و خەڵک فریو دەدەن و راستەیەکان دەشارنەوە!

دەردی دوەم : ئاوارە و تەعریب

بەڵێ ئاوارەیەکی زۆر  عەرەب لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە  روی لەم شارە کردوە، داڵدەدانی زۆر قورسە، ئیدارەی کەرکوک ئەوەندەی بۆی کرابێ بە دەنگی ئاوارەکانەوە چوە. بەڵام بەرەڵاکردنی رێگاکان و کوچە کۆڵانەکانی کەرکوک و نەبونی هەماهەنگی لە نێوان قائمقامیەت و ئیدارەی پارێزگا درزێکی گەورەی دروستکردوە، تا ئەو ڕادەیەی تواندراوە زۆر کەس لە شارەکانی ترەوە بە رێگەی شەرعی و ناشەرعی لێوەی  بێنە کەرکوکەوە و نیشتەجێبن.

لەلایەکی ترەوە لە کاتێکدا داعش بەردەرگای بە کەرکوک گرتوە، خەڵک دەستی ناچێتە بەردێک بخاتە سەر بەردێک، کەچی لە گەڕەکەکانی خواروی کەرکوک بە دەیان خانوی گەورە دروست دەکرێت. پێدەچێت ئەم پرۆژەیە مەبەستی سیاسی لە پشتەوە بێت و بیەوێ دیمۆگرافیای شار زیاتر بشێوێنێت. لە لایەکی ترەوە هێزە میلیشیاکان رێگرن لە گەڕانەوەی عەرەبە ئاوارە سونەکانی ناوچەکانی سلێمان بەگ، دوزخورماتو ....تاد. کە ئێستا لە کەرکوک نیشتەجێن.   

دەردی سێیەم : هەڕەشەی داعش
لە کەرکوکەوە هێزەکانی داعش لە ٢٠ بۆ ٢٥ کم دورە، لە کارگەی گاز و کۆمپانیای نەوتەوە لە ٣ کم تا ٣٠ کم دورە. جگە لە میحوەری کەرکوک لە زۆربەی میحوەرەکان هێزەکانی داعش شکاون و پاشەکشەیان پێکراوە. ئەرێ کاتی ئەوە نیە بۆ دورخستنەوەی داعش لە کەرکوک هیمەتێ بکرێت؟

دەردی  چوارەم : میلیشیا شیعەکان
وا چاوەڕوان دەکرا هێزەکانی شیعە وەک جۆن هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بون لە راوەدونانی چەتەکانی داعش ئاواش چاوەڕوان دەکرا لە سەقامگیری ئاسایشدا بەشداری کاریگەریان هەبێت.  بەڵام بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە ناوچەی دوزخورماتوە دەگەن  بەشێ لەم هێزانە بە پێچەوانەوە بونەتە مایەی دروستکردنی سەرئێشە و نائارامی لە ناوچەکە، هەوڵدەدرێت پێبەپێ لە کەرکوک نزیک بێتەوە و ئەم شارە توشی دەردێکی دی بکات.

دەردە کۆنەکانیش زۆرن و زۆر باسکراون: لە وانە مادەی ١٤٠، دو ئاسایش و فرە هێزی، دزی و گەندەڵی، کەمتەرخەمی، ئاوەدان نەکردنەوەی نزیکەی ٧٠٠ گوندی وێرانەی دەستی بەعس، نە گەڕەناوەی دەیان هەزار ئاوارەی کەرکوک، تەقینەوە، رفاندن و بێسەروشوێنکردن، تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە و شێخ ستار و مەلا رەمەزان، نەگەڕانەوەی زەویە داگیرکراوەکانی سەردەمی بەعس، خراپی پەروەردە و کەمی قوتابخانە، بێکاری، کێشەی کارەبا، ....... تاد.

خەمە هەرە گەورەکەش دیارنەبونی چارەنوسی سیاسی شارە بە گشتی و بونی پێگەیەتی لەو پرۆژە دەستورەی هەرێمی  کوردستان کە ئێستا خەریکی نوسینەوەین.

تازەترین نەک دواترین دەردیش پێدەچێت بە هۆی قەیرانی ئابوریەوە نەتوانرێت وەک پێویست نە پرۆژەکانی ٢٠١٤ تەواو بکرێت نە لە ٢٠١٥ پرۆژەی تازە ئەنجام بدرێت.

بە کورتی دەردەکان بە کۆن و تازەوە ئەوەندە زۆر و کوشندەن بەو چەند دەنکە پاراسیتامۆڵەی ( حەبی ئازار و سەرئێشە) دراوە بەم شارە نابێت چاوەڕوانی سوکبونی دەردەکانی لێ بکرێت.

ئەوەی کەمێ غەم و دەردی کەرکوکیەکان کەم دەکاتەوە تەنها بونی هێزی پێشمەرگە و پشتیوانی کوردستانە لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان، ئۆمێد دەکەن ئەم پشتیوانیە تا سەر بێت.