Print WWW.SBEIY.COM
 ئاکامە تەندروستیەکانی قەیرانی دارایی و بەرپرسیارێتی وەزارەتی تەندروستی
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
24/01/2015

قەیرانە داراییەکانی کوردستان ئاکام و کاریگەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر خزمەت و سیستم و ررەوشی تەندروستی. جگەلەوەی گرنگە بەدوای ئاکامە تەندروستیەکانی قەیرانە داراییەکاندا بگەڕێن و دەرئەنجامەکانی دەستنیشان بکەین، لەوە گرنگتر ئەوەیە کە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێین کە ئاخۆ دەبێت چی سیاسەت و بەرنامە و پلانێکمان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە داراییانە و هاوکات وریا بین کە سیاسەت و پلانەکانمان زەرەر بە خزمەت و سیستمی تەندروستی نەگەیەنێت.

 بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە گرنگە چاوێک بە ئەزمونی وڵاتانی دنیا بخشێنین کە بە هەمان دۆخی ئێستای کوردستان یا هاوشێوەی تێپەڕیون. یۆنان بەهۆی قەیرانی دارایی جیهانی کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا رویدا، توشی قەیرانی دارایی و ئابوری گەورە هات. قەیرانەکە بە ئەندازەیەک بو کە هەڕەشەی مایەپوچبونی لە یۆنان کرد و تەنانەت ئەگەری ئەوەشی خستە بەردەم سەرکردەکانی ئەو وڵاتە کە یەکێتی ئەوروپا بەجێبهێڵن . لە ماوەی دو ساڵدا (٢٠٠٨-٢٠١٠) بێکاری لە یۆنان لە ٦.٦%ەوە بۆ ١٦.٦% زیادی کرد، قەرزی یۆنان لە ١٠٥.٤% بۆ ١٤٢.٨%ی کۆی بەرهەمی نیشتیمانی ئەو وڵاتە بەرزبوەوە. بۆ دەربازبون لەو قەیرانە کوشندەیە، یۆنان دو بژاردەی لە بەردەمدابو؛ یا جێهێشتنی یەکێتی ئەوروپا و یان قەرزکردنی ١١٠ بلێۆن یۆرۆ لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. یۆنان بژاردەی دوەمی هەڵبژارد، بەڵام لە بەرامبەریشدا رازی بو بە کۆمەڵێک مەرجی تاقەتپرۆکین بۆ خەڵك و وڵاتەکە. بەشێکە لەو مەرجانە بریتی بون لە سیاسەتی تەقەشوف بە تایبەتی لە پەیوەند بە خزمەتگوزارەیە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو تەندروستی و خوێندن و یارمەتیە کۆمەڵاتیەکانی تر.

لە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە سەپێنراوانەی سەر یۆنان دۆخی تەندروستی ئەو وڵاتە توشی قەیران بو. رێژەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی نەبونی  بودجە بۆ نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکانەوە لە خزمەتی تەندروستی بێبەش بون. هاوکات و بەهۆی دواکەوتنی دەستنیشانکردنی نەخۆشی و تەشەنەکردنی ئەو نەخۆشیانە بۆ رادەی پەکخستنی کەسەکە، رێژەی داخڵبون لە نەخۆشخانەکاندا زیادیان کرد بۆ ٢٤%.لە بەرامبەردا رێژەی داخڵبون لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا  بە رێژەی ٣٠%دا کەمی کرد، چونکە خەڵک چیتر پارەی ئەوەی نەبو کە سەردانی ئەو نەخۆشخانانە بکات. هاوتەریب لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، دۆخی تەندروستی خەڵکیش بەرەو خراپتر رۆیشت؛ ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک لە راپرسیەکاندا رایانگەیاند کە تەندروستیان بەرەو خراپتر چوە بە بەراورد بە پێش قەیرانە داراییەکە و خۆکوشتن بە رێژەی ٢٥% دا زیادیکرد. هاوکات توشبون بە ئەیدز و نەخۆشیە گواستراوەکانی تر بە رێژەی ٥٢%دا زیادی کرد و بۆ یەکمجار لە ماوەیەکی زۆر درێژدا حاڵەتی مەلاریا لە یۆناندا دەستنیشانکران.

لە کوردستاندا سیستمێکی زانستی داتا کۆکردنەوە و بەکارهێنانی ژمارەمان نیە بۆ ئەوەی کاریگەری قەیرانە دارایی و ئابوریەکان بە وردی لەسەر تەندروستی دەستنیشانبکەین. ئەوەی دەکرێت خوێندنەوەی بۆ بکەین کاریگەری ئەو قەیرانەیە لەسەر ئاست و کواڵیتی و هەبونی خزمەتی تەندروستیە لە دەزگا گشتیەکانی سیستمی تەندروستی. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە ئابوریە، رۆژ نیە لە میدیاکانەوە گوێمان لە مانگرتنی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی نەبێت. ئەمەش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر هەبون و ئاستی کواڵیتی خزمەتی تەندروستی لە کوردستاندا. ئەوەی گرنگە لێرەدا قسەی لەسەر بکەین کاردانەوەی (یا زۆر جار دەستەوەستانی) دەزگاکانی حکومەتە بە تایبەتی وەزارەتی تەندروستی بەرامبەر ئەم قەیرانە داراییە.

پێش ئەوەی قسە لەسەر کاردانەوەکانی سیستم و وەزارەتی تەندروستی بکەین، دەبێت ئەوە بڵێن کە بەشێک لە هۆکارەکانی ئەم قەیرانە داراییە جگە لە سیاسەتە سەقەتەکانی حکومەت بە گشتی و دۆخە سیاسی و ئەمنیەکەی کوردستان، بۆ بێ پلانی وەزارەتی تەندروستی خۆی و تەخشان و پەخشانکردنی پارە و داهات و بەهەردەرانی بودجەی گشتی و گەندەڵی دەگەڕێتەوە لە بواری تەندروستیدا. سەرباری ئەوەی بەشێکی کەمی بودجەی حکومەت کە  کەمترە لە ٥%دا لە کەرتی تەندروستیدا خەرجدەکرێت، بەڵام ئەتەوانین بە دڵنیایەوە ئەوە بڵێن کە بەشی شێری ئەو بودجە کەمە لە گەندەڵی و بەهەردەردان و بێ پلانی بەفیرۆئەچێت. هەر بۆ نمونە، رێژەیەکی زۆری بندیوارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی تەندروستیدا خۆیان مەڵاس داوە و سیستمەکە ئەدۆشن. راپۆرتە میدیایەکان لەسەر بندیوارەکانی تەندروستی شەقڵاوە دڵۆپێکە لە دەریایەک لە بندیوار لە سیستمی تەندروستی. هاوکات وەزارەتی تەندروستی خۆیشی تێوەگلاوە لە بەهەدەردانێکی کوشندەی بودجەی تەندروستی لە گرێبەستی بێبەها و نازانستیدا. بۆ نمونە لەم رۆژانەدا وەزارەتی تەندروستی گرێبەستێکی گرانبەهای لەگەڵ دەزگایەکی ئوردونی ئیمزاکردوە بۆ بەناو کۆنترۆڵکردنی دۆخی دەرمان لە کوردستان کە بە گوێرەی یەکێک لە بڕگەکانی گرێبەستەکە وەزارەتی تەندروستی رازی بوە بە پێدانی ٢٣٥ دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر رۆژێکی پسپۆرێکی ئوردونی کە دێت لە کوردستاندا گوایە راهێنان بە کارمەندانی خۆمان ئەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی تەندروستی و بۆ ماوەی دو ساڵ بە ملێۆنان دۆلاری خستە گەروی کۆمپانیایەکی ساختەی بەریتانیەوە بە ناوی چاککردنی دۆخی دەرمان کە ئەم گرێبەستە تازەیەی بۆ خۆی بەڵگەیە لە شکستهێنانی گرێبەستی یەکەم و بەفیڕۆدانی ئەو هەمو بودجەیە. ئەمە جگە لەو بەهەدەردانە گەورەیەی کە لە ئەنجامی تێکەڵکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کە وای لەوەی دوەم کردوە ببێت بە مشەخۆر بەسەر کەرتی گشتیەوە. لە باتی چارەسەکردنی ئەو تێکەڵکردنە وەزارەتی تەندروستی سیستمی نیمچە تایبەتی داهێنا کە نرخی بازاڕی لە ناو نەخۆشخانەکاندا جیگیر کرد و ئەوەی سەپاند بەسەر حکومەتدا کە ٨٠%ی ئەو نرخە لە ئەستۆ بگرێت. ئەمە ئەگەر باسی ئەو هەمو بەفیڕۆدانە کارەساتاویانە نەکەین کە لە پرۆسەی ئیفاد بۆ دەرەوەدا رودەدات کە تەنها بۆ مەبەستی سیاسی بەکارئەهێنرێت و هیچ پێوەرێکی زانستی پێوە دیار نیە.

لە سەروبەندی ئەم قەیرانە داراییە تازەیدا، وەزارەتی تەندروستی لە باتی ئەوەی چاوێک بەو هەمو بەهەدەرانە گەورانە بخشێنێت و کەمیانکاتەوە و ئەو پارە کەمەی کە لە بودجەی حکومەت دەستی ئەکەوێت عاقڵانە بەکاربهێنیت، لە باتی هەمو ئەمانە دەستیداوەتە کۆمەڵێک سیاسەت کە ئەوەندەی تر لە دۆخی یۆنان نزیکماندەکاتەوە و رەنگە ببنە هۆی کارەساتی تەندروستی قوڵ و گەورە. تەنها سیاسەتێک کە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی لەم دۆخەدا بە باشی ئەزانن و پیادەی ئەکەن،  بە تایبەتکردنی زیاتری سیستم و خزمەتی تەندروستیە. لەم هەنگاوەیاندا، وەزارەتی تەندروستی ئەیەوێت کورتهێنانی بودجەکەی (کە وەکو لە سەرەوە ئاماژەمانپێکرد خۆی هۆکاری سەرەکیەتی) بە دۆشینی هەرچی زیاتری گیرفانی هاونیشتیمانیان پڕ بکاتەوە. لە راستیدا وەزارەتی تەندروستی ئەم قەیرانە داراییەی کردوە بە بیانو بۆ ئەوەی ئەو سیاسەت و بەرنامانەی کە پێشتر بۆ بەتایبەتکردنی سیستمی تەندروستی جێبەجێیکردون لە چەند دەزگایەکەی کەمدا بۆ هەمو سیستمەکە فراوانتر بکات. بۆ  نمونە لە پێشتردا وەزارەتی تەندروستی لە ناو هەندێ لە دەزگاکانی خۆی و بۆ هەندی خزمەتگوزاری وەکو قەستەرەی دڵ و نازوڕی ریخۆڵە و پشکنینی تیشکی، بڕێکی زۆری پارەی لە هاوڵاتیان دەپچڕی. ئەم قەیرانە داراییە هەڵێکی زێڕینی بۆ وەزارەتی تەندروستی فەراهەم کردوە کە خێراتر و لە ئاستیکی فراوانتردا ئەو سیاسەتە نایەکسان و ناعادلانە جێبەجێبکات.

پێش ئەوەی وەزارەتی تەندروستی یا هەر دەزگایەکی تری حکومەت دەستببات بۆ بڕینی خزمەتگوزاریەکان یا ناچارکردنی هاوڵاتیان بۆ پێدانی پارەیەکی زۆر لە بەرامبەر خزمەتێکدا کە بە گوێرەی دەستوری عێراق و پرۆژەی دەستوری کوردستان و هەمو یاسا جیهانیەکان مافێکی سەرەتای هاونیشتیمانیانە، دەبێت پێش ئەوەی ئەو هەنگاوانە بنێن، ئەزمونی وڵاتێکی وەکو یۆنانیان لە بەرچاو بێت. بە تایبەتکردن و بە پارە کردنی خزمەتی تەندروستی بەشێکی گەورەی هاونیشتیمانیان لە خزمەتی تەندروستی مەحروم ئەکات بە تایبەتی لەم کاتانەدا کە گیرفانی هاوڵاتیان بەتاڵە. ئەمە خزمەتی تەندروستی ئەکات بە کاڵایەک کە تەنها کەسانی دەوڵەمەند ئەتوانن بیکڕن و زۆربەی زۆری کۆمەڵگا نەخۆش و پەکەوتە ئەکات. لە باتی ئەوەی وەزارەتی تەندروستی پەلاماری هاوڵاتیان بدات، حەقە پێش ئەوە بەخۆیدا بچێتەوە و سەرچاوەکانی گەندەڵی و بەهەدەردان لە ناو سیستمی بنبڕبکات.