Print WWW.SBEIY.COM
 بۆئەوەی عەمید شێرکۆکانی دی شەهید نەبن!
مه‌لا فه‌رمان
01/02/2015

دور لە چاوی کامێرا لە گەڵ چەند برادەرێک سەردانی نزیک بەرەکانی شەڕمان کرد، زۆرمان بینی، زۆرمان بیست، زۆرمان خوێندەوە، لەوانە:
پێشمەرگەیەک گوتی "١٠ گولە (ئاڕ پی جی)م لە هامەرێکی داعشدا پەکی نەخست"، چەند هەمەرو شۆفڵی دەرعی دەستکردیان لە هێرشەکەدا بەکار هێنا.
پێشمەرگەیەکی تر گوتی "بە کوردستان ئەگەر چەکی میلانمان لابوایا نامان هێشت یەک بست بێنە پێشەوە".
فەرماندەیەکی سەربازی گوتی "چەکی پێویست و تەقەمەنی پێویستمان نیە" بۆیە ئەو شەڕە بەم شێوەیە ناکرێت.

لە هێزی پاڵپشتی پشتەوە هاوەنی ١٢٠ ملم، ٨٢ ملم و راجیمەی ١٢ لولەییم بینی، ناسیمنەوە لەو چەکانە بون کە لە ١٩٨٤ لە مێرگەپان و سەرگەڵو خولم لەسەر بینی بون. ئێستا پێشمەرگە لێزانانە بەکاریان دەهێنا، نەخشەی ناوچەکە لە ئایپاد و لاپتۆپدابون، لێرەوە پێشمەرگە شوێنی دوژمنیان دیاری دەکرد، ئای کە خۆشحاڵ بوم. نەبونی شاحینەی تەلەفۆن و جیهازەکان یەکێ بو لە کەموکوڕیەکان، هاوڵاتیەک شاحینەی تەلەفۆنەکەی (نێو ئۆتۆمبێل) خۆی پێشەکەش کردن. ئەمەش دڵسۆزی هاوڵاتیانی ساڵانی هەشتاکان و سەردەمی خەباتی شاخیان وەبیر هێنامەوە.

هێزی پێشمەرگە چەندین مانگە لە بەرەکانی شەڕ لە حاڵەتی بەرگریدایە، چەند جارێکە بەو چەکانەوە بەر بە هێرشەکانی داعش دەگرێت. ماندون...!، حەز لە تاودان و جوڵە دەکەن.

تەل الورد

ماوەیەک لەمەوبەر داعش توانی  تەل الورد لە شەوێکی تەماویدا بۆ رۆژێک لە هێزی پێشمەرگەی وەرگرێتەوە، پاشان هێزی دژە تیرۆر بە دەیان هەمەر و تانک و چەکی زۆر باشەوە توانیان لە هێرشێکدا ئەو شوێنە بگرنەوە. لەم شەڕە هێزی پێشمەرگە خەسارەتی زۆری گیانی و مادی بەرکەوت.  ئەم جۆرە پەلامارە لە شوێنەکانی وەک مەلا عەبدوڵا، مەکتەب خالد، نەهرەوان و مریەم بەگ چەند جارێکە دوبارە دەبێتەوە.

WED, 26 NOV 2014 19:15 | KDP.info
تەلوەرد ئازاد كرایەوە... میحوەری 4 و 5 و هێزەكانی كاكە حەمە قارەمانانە پێشڕەوییان كردوە
رۆژنامەی خەبات
٣٠-٠١-٢٠١٥  گوندی تەلوەرد بە تەواوی کۆنترۆڵ کرایەوە
جێی ئەوەیە بپرسین، ئەرێ ئەم روداوە سەربازیە بۆ لە ٢ مانگدا دوبارە بوەوە؟

شەڕی وەحدە

لە شەوێکدا بەهۆی هەڵەی سەرکردە مەیدانیەکانەوە هێزی پێشمەرگە زیانی مادی و گیانی زۆری لێکەوت.

هێزە تایبەتەکان و دژە تیرۆر
لە زومار و شەنگالەوە  تا دەگاتە کەرکوک و دوزخورماتو و پێشتری جەلەولا و سەعدیە لە کاتی پاشەکشە و شکانی کاتی هێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ گورج دو هێز بەناوی تایبەت و لیوای سەرکردەوە یان دژە تیرۆرەوە و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی جەمانە لەمەل بە تازەترین چەکی قورس و باشەوە دێن و  ئەو شوێنانە دەگرنەوە، دواتر دەیدەنەوە بە هێزی پێشمەرگە بۆئەوەی بەرگری لێبکات. پاش ماوەیەکی تر داعش دەیگرێتەوە و ئەو حاڵەتە دوبارە دەبێتەوە.

پێشمەرگەیەک لەم بارەوە گوتی "با ئەو چەک و جل و خواردنانەی لای ئەم هێزانەن بیدەن بە ئێمە یان بابێن مانگێک لە سەنگەرەکانی پێشەوە ئێشک بگرن و لە ئەرکدا بن". گەر ئەو چەکانەمان لا بێت نە پێویستمان بە دژە تیرۆرە نە بە هێزی تایبەت.

پێشمەرگەیەکی تر گوتی "هەمو پێشمەرگەین و کوڕی کوردین، بۆ ئەم هەمو  جیاوازیانە، لە جیاوزی جارانی نێوان لیواکانی حەرەس جمهوری و سوپای عێراق دەچێ، گەر بەردەوام بێت چۆن سوپا رقی لە حەرەس جمهوری دەبوەوە دور نیە ئێمەش هەمان هەستمان بەرامبەر بەو هێزە تایبەتە حیزبیانە لا دروست بێت".

لێکەوتەکانی شەڕەکە
دوای هێرشی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە ٣٠/٣١/ ١، کاژێر ١٠ بەیانی چوار تیرۆرست دوای خۆتەقاندنەوەی یەکیان سیانەکەی تر توانیان بگەنە سەر قاتی چوارەمی باڵاخانەی چۆڵی قەسر کەرکوک. بە هۆی نەشارەزایی و کەم ئەزمون و لێهاتوی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی کەرکوک، ئەم شەڕ و کردەوە تیرۆرستیە ئاکامی خراپی لێکەوتەوە، لەوانە:
١- ئیدارەی شار دوای روداوی قەسرەکە هاتوچۆی قەدەغە کرد، ئەمەش قەبارەی مەترسیەکانی داعشی لە دەرونی خەڵک گەورەتر کرد. دەبو ئیدارەی شار لە شەوی ٣٠/٣١ و لە کاتی هێرشی داعشدا ئەم بڕیارەی بدایا. بەڵام لەبەرئەوەی شەوی هەینی بو، وەک هەمو هەینیەکانی تر پێدەچێ زۆر لە بەرپرسان لە شار نەبوبێتن.
٢- مامەڵەکردنی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە گەڵ ئەو ٤ چوار تیرۆرستەی ناو باڵاخانەکە هەڵە بو. لەم کردەوەیەدا هاوڵاتیان بونی بەرچاویان هەبو. بەو رادەیەی تەرمی تیرۆرستەکان بە پیکابی هاوڵاتیەک گوازراونەتەوە و کەوتنە بەر دەستی خەڵک.  لە کاتێکدا دەبو پێشوەخت ئەو ناوچەیە بکرێتە موحەرەمە، جگە لە هێزە تایبەتەکان بەو کارە کەس لێی نزیک نەبێتەوە. دەزگا ئەمنیەکان دەبو لە روداوەکانی  رابردو و بەتایبەتی روداوەکەی جەواهیر مۆڵ دەرسی باشیان وەرگرتایا. لەم بارەوە دەتوانرێت سود لە روداوەکەی پاریس/ فەرەنسا وەربگیرێت.
٣- دەبو هێزەکانی ئاسایش رێگە بە کەس نەدەن بەو شێوەیە مامەڵە لە گەڵ تەرمەکاندا بکەن. چونکە هەڵسوکەوتێکە نامۆیە بە کەلتوری کوردی، ئینسانی و ئایینی. کورد دەڵێت "مردو شەیتان دەستی لێ شوشتوە".
٤- دانیشتوانی شار زۆر شڵەژان تا ئەو رادەیەی بەشێک لە هاوڵاتیان شار چوڵ بکەن و تەنگەبەری لە خاڵەکانی پشکنین دروست ببێت. دەبو پێشتر هێزە ئەمنیەکان هەمو وەسیلەکانی راگەیندن، دەماودەم، تەلەفۆن، مزگەتەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان بەکاربهێنایا بۆ هێورکردنەوەی هاوڵاتیان و بارودۆخەکە.

رێگەچارە
١- دور خستنەوەی تەواوی بەرپرسە جەمەدانی لەملەکان لە بەرەکانی شەڕ.
٢- لێپێچینەوەی سەربازی لە هەمو ئەوانەی بەرپرسن لەو هەڵە و کەموکوڕیانەی بونەتە هۆی شەهید بون، برینداربون، دیارنەمانی دەیان پێشمەرگە. چاوپۆشیکردن لەم ئەرکە هاوشێوەی تەشەنەکردنی گەندەڵی لە داودەزگاکانی حکومەت لێرەش بڵاودەبێتەوە، ئەگەر لەوێ باجەکەی پارە و نەوتە لێرە خوێنی پێشمەرگەیە.
٣-  ریاز و حەویجە دو شوێنی سەرەکین بۆ داعش، دو بنکەی حەوانەوە و رێکخستنەوەی داعشن، خۆ ئەگەر لە شەڕێکیش بشکێن ئەوا دەتوانن لەم دو بنکەیە خۆیان رێکبخەنەوە. بۆیە پێویستە لەوێوە رێگەی لێ بگیرێ. دەبێت نەهێڵدرێ ئەم دو شوێنە ئارامی بە خۆوە ببینن.
٤- مانەوەی هێزی پێشمەرگە بەم شێوەیەی ئێستا و وەک هێزێکی دیفاعی ئەگەری دوبارە بونەوەی هێرشی شەوی هەینی ٣٠/٣١ زۆرە.       
٥- دورخستنەوەی دەزگاکانی راگەیاندن لە بەرەکانی شەڕ. دانانی سنورێک بۆ کەمکردنەوەی لێدوانی جیاجیا لەسەر شەڕەکان. وەک نمونە: لێدوانی بەرپرسە حیزبیەکان لە دەزگا حیزبیەکان دەربارەی شەڕەکە و باڵاخانەی ئۆتیل کەرکوک.
٦- دوبارە نەکردنەوەی هەڵەکانی قەسری کەرکوک و لێکەوتەکانی. توندکردنی دیسپلینی ئەمنی لە کاتی ئەم روداوانەدا.
٧- گێڕانەوەی دیسپلینی سەربازی بۆ بەرەکانی شەڕ.

هیوادارم ئەم بابەتە ببێتە سەرەتایەک بۆ دیراسەکردنی جدیانە لای هەمو شارەزایانی ئەمنی و سەربازی، بەرپرس و سەرکردەکان. هێواش دەخوازم لەگەڵ پیرۆزکردنی سەرکەوتنەکان، لەسەر ئەم شەڕە هەڵوەستە بکرێت و پەندی لێوەربگیرێ تا بتواندرێت لە دەستدانی عەمید شێرکۆکان و پێشمەرگە کەم بێتەوە و سەرکەوتنەکانیش گەورەتر.