Print WWW.SBEIY.COM
 روخانی پەیکەری چوار شمشێرەکەی بەعس
مه‌لا فه‌رمان
16/02/2015

تەعریب کوچکەیەک بو لە سێ ٣ کوچکەی سیاسەتی بەعسیان بە رامەبەر بە کورد و خاکەکەی، بەر لە هەر شوێنێکی کوردستان کەرکوک روبەڕوی ئەم سیاسەتە بوەوە. بەعەرەبکردن یەکێک بو لە شێوازەکانی شێواندنی سیمای کوردستانی ئەم شارە و گۆڕینی بە سیمای عەرەبی، دەسپێکی ئەم پرۆسەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٣، دوای کودەتاکەی بەعس و دروستبونی حەرەسی قەومی، گوندەکانی ناوچەی حەویجە و دوبز و دانیشتوانەکەی یەکەم گروپ و ناوچەی زیانبەرکەوتوی ئەو سیاسەتە بون. ئەم پرۆسەیە بەردەوام بو تا هەمو پارێزگای کەرکوکی گرتەوە، لە ١٩٨٨ گەیشتە لوتکە و تا ٩/٤/٢٠٠٣ و روخانی بەعسیەکان بەردەوام بو.

گەڕەکی عەرەفە لە کەرکوک زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد، ئەرمەنی و بەشێکیشی تورکمان، لە بنەڕەتدا عەرەبی لێ نیشتەجێ نەبوە، گەڕەکێک هەر لە دورەوە جیا لە گەڕەکەکانی تری کەرکوک جێ دەستی ئنگلیز و سیمای شارستانی پێوە دیاربوە: پاک و خاوێن، دیواری حەوشە لە پەرژینی دار دروستکرابو، باخچەی پڕ لە گوڵ و گوڵزار، ئێوارانی هاوین جێی پیاسە و گەڕانی پیر و نەوجەوانان بو.

بەڵێ، لە ١٩٨٦ ئەم دیمەنە شێوا، ٢٠٠٠ خانو دروستکرا ناونرا گەڕەکی (الفین دار )، خەڵکی بێگانە و نامۆ بە شار و کەلتورەکەی تێدا نیشتەجێ کران، لە کۆمپانیای نەوت دامەزران، کران بە خەڵکی ئەم شارە و خاوەن ماڵیش دەرکران. لەدوای دروستکردنی ئەم گەڕەکە، دە هەزاریش پەیدا بو (عشرة الاف) دروست بو، نەخێر لێرەش نەوەستا گوندەکانی سەروی کەرکوکیشی گرتەوە، جوتیاری عەرەب و وشترەکان گەیشتنە ناوچەکانی شوان و ساڵەیی و خاڵخاڵان.

دوای گۆڕینی دیموگرافی کەرکوک، بەعس دەستی کرد بە گۆڕینی سیمای جوگرافی و مێژویی شارەکە، دروستکردنی ئەو چوار شمشێرە لە دەرگای سەرەکی چونە ژورەوەی گەڕەکی عەرەفە، وەک هێمایەکی عەرەبی، روحی شەڕانگێزی لەسەر بنەمای (وحدە، حریە، اشتراکیە) کەی بەعس دروستکرا، بە لای ئەوانەوە دروستکردنی ئەم شمشێرە نیشانەی سەرکەوتنیان بو لەم شارە.

ئەمڕۆ، دو شەممە ١٥/٢/٢٠١٥ دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ لە دروستکردنی ئەم پەیکەرە، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس ئەم پەیکەرەیان روخاند، شمرشێرەکانی بەعسیان شکاند، جێی دەستخۆشیە. بەڵام...

لە ٢٠٠٣وە ئەم پەیکەرانە بە روکەش دەروخێندرین و بە چاو ژمارەیان کەمدەبێتەوە، ئاخۆ، هاوشانی ئەم هەنگاوە بە رامبەر بەو هەزاران ماڵە هاوردەیەی پشت و پێشی ئەم شمشێرە کە رۆژانە لە زیادبوندان و سەرچاوەی دەیان کێشە و سەرئێشەن بۆ ئەم شارە و ئێستاش زۆرینەی (زیاتر لە ٧٥%) کارمەندانی کۆمپانیای نەوت پێکدەهێنن یاخود هەزاران دۆنم زەوی جوتیاری کوردیان بە ناو کراوە چ هەنگاوێ دەنرێت، لە ٢٠٠٣ بۆ چارەسەر نەکراون! چاوەڕوانی چی دەکرێت؟

لە کۆتاییدا، جێی ئەوەیە بگوترێ، ئاخۆ شوێنەکەی دەکرێت بەچی؟ بە لای منەوە پەیکەر و ناوی شەهیدانی ١٩٦٣ و گوندە روخاوەکانی دەستی حەرەس قەومی لە ریزبەندی یەکەمدان بۆ ئەم شوێنە.