Print WWW.SBEIY.COM
 لە یادی راپەڕینی ١٩٩١ کەرکوک-٣-
مه‌لا فه‌رمان
26/03/2015

بەشی سێیەم:
بەڕێز/ شەهید یونس ئەحمەد شەوگێڕی
قوربان، جەژنی نەورۆز و یادی راپەڕینت پیرۆز. ئێمە لەبەرئەوەی وڵات رەشی پۆشیوە ئەمساڵ جەژنی نەورۆز و... ناکەین.

بێ ماڵی ئێوە، بێ هیمەتی باوک ودایکت، بێ هیمەتی کاکە شەهید ساڵح و شەهید سەمەدی برات. بێ ئازایەتی و جەربەزەیی شەهید ئاکۆ، ئەستەم بو رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران لە ناوچەی شێخ بزێنی چوزەرە بکەن و پێ بگەن، جگە لە ئێوە کێ جورئەتی بەستنی چوپەکانی لەسەر چوار دار دەکرد و کەڵەکی ( بەلەم) لێ دروست بکات، ئەو کەڵەکەی نەک هەر بوبوە پردی پەڕینەوەی پێشمەرگە، بەڵکە بیر و فکری شۆڕشی لەبەری کەرکوکەوە دەپەڕاندەوە بۆ بەری دەشتی هەولێر.

لەهەموی گرنگتر، ماڵی ئێوە ئەو قوتابخانەیە بو کادرە دەرچوەکانی زانکۆ و خولەکانی کۆمەڵە و یەکێتی بە کردەوە فێری خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی دەبون، قڵیشی ناو لەپ و دەستی کاکە سەمەد و ساڵح باسیان لە ئازار و چەوسانەوەیەکی لە مێژینەی مێژوی مرۆڤایەتی دەکرد. کاکە سەمەد و ساڵح هەر بەو ئازارەوە برانە قەسابخانەکەی بەعس.

بیرمە کاکە ئاکۆی برات و کاکە ئاسۆ سور تازە مویان لێهاتبو، دو مێرد منداڵ بە گوڕ هاتنە لام، بۆ بون بە پێشمەرگە داوای پشتگیری رێکخستنیان کرد، بە هۆی کەمی تەمەنەوە و بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن پشتگیریم بۆ نەکردن، پاش چەند رۆژێک بیستمەوە کە چۆنەتە دەشتی هەولێرو لای شەهید ئەحمەد قەمبەری بۆنە بە پێشمەرگە... دوای چەند ساڵێک کاکە ئاکۆ بو بە فەرماندەیەکی زۆر لێهاتوی پارتیزان، موخابن رۆحی ئەم فەرماندەیە و سەدانی تر شەڕی نەگریسی ناوخۆی پارتی و یەکێتی چنیەوە.

کاکە محەمەد دوای ژیانێکی سەخت و پڕ لە بەرخودان و بەرگری، بە چەند ئەستێرەیەکی سەر شانەوە مەرگی ناوەخت رێگەی پێگرت.

لە کوردەواری دەڵێن ئەوەی نزیکی کورە بێت پرشنگی بەردەکەوێ، بەڵێ ماڵی ئێوە لەناو کورەکە و خاوەن کورەکە بون، بەڵام ئەمجارەیان لە ٢١/٣ دوای چونە ناوەوەی کەرکوک، لەگەڵ شەهید قاسم محەمەد ئەمین مانەوە لە گەڕەکی رەحیم ئاوا، بۆ پاراستنی گیانت وەک برای دو شەهید بە باشم نەزانی لە بەرەی شەڕ نزیک بیتەوە بۆیە لە کاتی چونمان بۆ گەڕەکەکانی خواروی کەرکوک ئاگادارم نەکردیتەوە. سەد موخابن تۆپە قورسەکانی بەعس سەری کرد و گیانی تۆ و کاکە قاسمی ئامۆزامی کردە ئامانج. ئێستا لە شەڕی داعشدا بونی دو برا پێکەوە لە بەرەی شەڕ بە بڕیار قەدەغە کراوە.

کاکە یونس، ئەگەرچی پیاوێکی نەخوێندەوار بوی، بەڵام لەبەرئەوەی ستەمی ئاغات زۆر بینی بو، بە گەورەیی ئەو ستەمە هوشیار بوبویتەوە. بیرمە باسی زوڵم و زۆری ئاغا، دزی و گەندەڵی، داوین پیسیت دەکرد، لێم دڵنیابوی ناوی یەکەیەکیانت دەهێنا، دەتگوت گەندەڵی وەک خۆرەی دار وایە، ژیان دادەڕزێنێ.

قوربان قسەکانت راست دەرچون، ئەوانەی جەنابت ناوت دەهێنان ئێستا هەر یەکەیان بونە بە ئاغایەکی سەردەم و لە پەنجەرەوە هاتونەتە ژورەوە، ئاغاکانی سەردەمی تۆ چونەتە جێگەی جارانی ئەوان. بە گیرفانی پڕەوە باسی دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری دەکەن. خۆزگە لە کونێکەوە چاوت لێدەبون و یەکە دەتناسینەوە.

قوربان، جەنابت زۆر ئاسودەی...
ئێمەش لە یادەوەری ٢٤ ساڵەی راپەڕیندا تەماشایان دەکەین و ساڵ بەساڵ دەڵێین خۆزگە بە پار. ئەمرۆ کەرکوک لە لایەک داعش، لە لایەک حەشدی شەعبی، لە لایەک گەندەڵی و دزی، بێ موچەیی، یەک دەستڕۆ و دەیانی برسی، حیزب حیزبینە... سەدان دەردی تر دەوریان داوە.

ئێمە لە هەوڵی بەردەوامداین و چاوەڕوانی کاتی گونجاو دەکەین، کوڕە هەژارەکان، پێشمەرگەکان خۆتان ئاسا پارێزگاری لە کەرکوک دەکەن، چاو لەسەر ئەوان و تیلی چاویش لەسەر گەندەڵکاران. ئێوەش زاتێکی پاکن تکایە دوعای خێریان بۆ بکەن.