Print WWW.SBEIY.COM
 پیرۆزی سەرۆك یان شکۆی پەرلەمان
فایەق سەرچناری
27/03/2015

پەرلەمان ئەو شوێنە پیرۆزەیە کە تێکڕای یاسای وڵاتی تیا بەرجەستە ئەبێ و هەمو یاساکان لێرەوە شۆڕ ئەبنەوە بۆ تێکڕای دامودەزگاکانی تری دەوڵەت، هەر یاسایەك لە بەرژەوەندی چینێك یان بەشێك لەخەڵکدا نەبێ یان هەر یاسایەك بەشێوەیەك لە شێوەکان لە دەستوردا چەسپیبێ و تانەی لەسەربێ، ئەوا ئەوکاتە پەرلەمان هەوڵی دەستکاریکردن و رێکخستنەوەی بۆ شێوەیەکی باشتر دەدات و ئەخرێتە بواری کارکردنەوە، ئەوکاتە یەکەم رۆڵی گۆڕینی یاساکان یان دەستکاریکردنی بڕگەکانی لە قازانجی خەڵك ئەوا بێگومان پەرلەمانتار ئەیگێڕێ.

لێرەدا ئەرکی سەرەکی پەرلەمانتار ئەرکێکی پیرۆزە و هەمیش بەرپرسیارێتیەکی مێژویی گەورەی سەرشانیەتی کە لە رۆژی دەستبەکاربونیەوە سوێندی یاسایی ئەخوات لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خەڵك و تێکڕای میللەتدا کار بکات دور لە بەرژەوەندی حیزب، بێگومان ئەم سوێندخواردنەی سەرەتای دەسبەکاربون جگەلەوەی کە پێویستە بەوپەڕی راستگۆیی کار بکرێ، ئەرکێکی ئەخلاقی گەورە ئەکەوێتە سەرشانی پەرلەمانتار کە پابەندبێ پێوەی، چونکە ئەبێتە نوێنەری راستەقینەی خەڵك.

بەداخەوە ئەوەی لە پەرلەمانی ئێمەدا ئەگوزەرێ زۆربەی پێچەوانە بۆتەوە، حیزب وا زاڵبوە بەسەر پیرۆزی پەرلەماندا کە زۆرجار نەك یاسا، بەڵکو بەهای مرۆڤایەتی تیا لەکەدار ئەبێ و سەرۆك یان بەرژەوەندی حیزبی رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر هەندێ پەرلەمانتار دروست ئەکات. نمونەش لەوەتەی بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوە، ئەوەتا چەندین جار بە ئاشکرا سوکایەتی بە پەرلەمانتارەکانی کراوە، کردنەدەرەوە و قسەی نا مەعقول و سەرشکاندن و پۆلیس بانگکردن لە خولی پێشودا، لەم خولەی ئەمجارەش ئەوەتا بە ئاشکرا هەیبەتی پەرلەمانیان شکاند و هێرشی لێدان و سوکایەتیان کردە سەر بەڕێز عەلی حەمەساڵح، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کە ئەم کارە نەشیاو ناشیرینانە کاری پەرلەمانتار نیە. بەڵکو کاری ئەو کەسانەیە کە حیزب مۆخی خواردون و رێڕەوی کاری خۆیانیان ونکردوە.

ئایا بەم جۆرە کەسانە ئەوترێ پەرلەمانتار کە لەپێناوی بەرژەوەندی حیزبدا هەیبەتی پەرلەمان ئەشکێنن و ناشیرین ئەکەن، ئایا ئەو جۆرە کەسانە پەرلەمانتارن کە هەوڵی شکاندنی یاساکان ئەدەن و ناگەڕێنەوە بۆ رای خەڵك، لە خولی پێشودا کە هەردو حیزبی پارتی و یەکێتی دو ساڵی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمیان درێژکردەوە، بەبێ ئەوەی حساب بۆ زۆرێك لە خەڵکی کوردوستان و دەنگدەرەکانی خۆشیان بکرێ. مشتومڕێکی زۆری نێوان پەرلەمانتارانی گۆڕان و ئەو جوت حیزبەی لەناو پەرلەماندا دروستکرد. کە بوە هۆی ناڕەزایی بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان، بۆیە پێویستە رێگەنەدرێ لەپێناو درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکدا هەیبەتی پەرلەمان بشکێ و هێرش بکرێتە سەر پەرلەمانتارە دڵسۆزەکان پێویستە هێرشکەرەکانی حیزب سزا بدرێن و بدرێنە دەست یاسا بۆ لێپێچنەوە.