Print WWW.SBEIY.COM
 جەنگ و نەهامەتیەکانی
فایەق سەرچناری
08/05/2015

2015 /05/07  ماوەی 70 حەفتا ساڵ تێپەڕی بەسەر جەنگی نەگریسی جیهانی دوەم کە بەروارەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945. ئەو جەنگەی کە زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپای تێوەگلا و ئەمەریکا و یابانیشی گرتەوە، دیارە ئەم ئاگرە جگەلەوەی هۆکارێکی سەرەکی بو بۆ لەناوبردنی مرۆڤەکان لە هەمو ئەو دەوڵەتانەی کە جەنگیان تیا بەرپابو و ئەوانەشی کە پریشکی ئەم ئاگرەیان بەرکەوت، بوە هۆی داڕمانی ژێرخانی ئابوری ئەوانەشی کە تێوەی گلان و کاریگەری خراپیش لەسەر ئەوانەشی کە پەیوەندیان پێوەی هەبو یان پریشکیان پێ گەیشت.

ئەوانەی شەڕیان هەڵگیرسان لە کۆتاییدا نەك هەرسەرکەوتو نەبون، بەڵکو شکستیان هێنا و لەو شەڕانەدا دۆڕان و بونە تەنها هۆکارێك بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگاو دواخستنی، لەم رۆژەوە ئەبو ئاشتی و ئازادی سەری هەڵدایە و هەمو جیهان سەرقاڵی بنیاتنانی بونایە وەکاری جدی بکرایە، بۆئەوەی ئەم جەنگە ببوایە بە دەرسێك بۆ دوبارە نەبونەوەی و هەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی لە سەرتاسەری کۆمەڵگاکانی جیهاندا.

بەداخەوە لەپاش حەفتا ساڵ ئەبو جیهان بەم ئاستەی ئەمڕۆ نەگات، کە جەنگ لەم ناوەندەدا لە زۆربەی وڵاتاندا بوەتە دێوەزمەیەك و زۆرێك لە کۆمەڵگاکانی خستوەتە ژێڕهەڕەشەی کوشتن و لەناوبردن و بێسەروشوێنکردن و سەربڕینی مرۆڤەکان.

دیارە جەنگ جگەلەوەی کە هۆکارێکە بۆ لەناوبردنی مرۆڤ لەملاشەوە هۆکارێکی ترە بۆ داڕمانی ژێرخانی ئابوری هەر وڵاتێك و دواخستنی وشیاری کۆمەڵگاکەی. کاریگەری زۆر خراپیش دائەنێ لەسەر تاك بە تاکی مرۆڤەکان و  لەناخەوە توشی حاڵەتی دەرونی ئەبن و ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی ئەبێ لەسەر پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکی دوای جەنگ. کە بەداخەوە لەم ماوەیەدا لە زۆربەی وڵاتاندا شەڕیان سەپاند بەسەر کۆمەڵگادا نمونەش جەنگی عێراق ئێران و کوەیت و هتد.. کە هەموی بوەهۆی شکست و ئەوەی ماڵوێرانبو لەم جەنگانەدا تەنها کۆمەڵگا بوە باجدەری ڕاستەقینەی . بەداخەوە ئەو جەنگەی کە ئەمرۆ زۆربەی وڵاتەکانی پێوە خەریکن و بەتایبەتیش کوردوستان و عێراق تا ڕادەیەکی زۆر پریشکی ئەم ئاگری جەنگەیان بەرکەوتوە. نمونەش لە کوردوستان شەنگال و کۆبانێ و زۆر ناوچەی تریش کە کەوتنە ناو ئەم جەنگەی کە ئەمرۆ بونی هەیە.

بەڵام ئەم جەنگە لەدوای حەفتا ساڵی جەنگی جیهانی دوەم لەگەڵ کێ و ئامانجەکەی چیەو لەسەرچی، کێشەکە لێرەوە دەستپێئەکات کە جەنگی ئەمڕۆی ئەم ناوچەیەی کوردوستان لەگەڵ گروپێك دەستی پێکردوە کە زۆر قورسە بەڕێگەی دیالۆك چارەسەر بکرێ بۆ کۆتایی هێنانی ، چونکە ئەم گروپە تەنها ئامانجێك کە هەیانەو کاری لەسەر ئەکەن کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤە، ئیتر گرنگ نیە بۆیان کێیەو لە چی ڕەگەز و قەوم و ئاینێکە، بۆیە ئەمانە دژی تێکڕای مرۆڤایەتین.

لەبەرئەوەی رێگای دیالۆگ یان گفتوگۆ داخراوە، پێویستە ئەمرۆ هەمو کۆمەڵگاکان هوشیاربن و قسەی لەسەر بکەن ناکرێ تەنها حکومەتەکان یان دامودەزگای سەربازی بەتەنها بکەینە بەرپرسیار لەم بارودۆخەی کە ئەمرۆ خولقاوە بۆ ئێمەی کورد بەتایبەتی، بەڵکو هەمو کۆمەڵگا ئەبێ زۆر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ بکەن و بێنەدەنگ و قسەی خۆیان لەسەری هەبێ بۆ کۆتایی هێنانی و گەیشتن بە ئاشتی. نەفرەت لە جەنگ، دوای تێپەڕبونی حەفتاساڵ بەسەر جەنگی نەگریسی جیهانی دوەم، نەئەبو بەم دۆخەی ئەمڕۆ بگەین، بەڵکو ئەبو کاری تەواو بکرایە بۆ بەرقەراکردنی ئاشتی لە سەرتاسەری جیهاندا بە هەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە.