Print WWW.SBEIY.COM
 شاندی کوردی بۆ ئەمەریکا
مه‌لا فه‌رمان
16/05/2015
واشنتن پۆست نوسیویەتی: "سەرۆکی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردی لەباکوری عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند کە ئەو لەداواکاریەکەی لەمەڕ هاوکاری کردنی راستەوخۆی سەربازی بۆ هێزەکەی دور لەبەغدا پاشگەز نابێتەوە، هەروەها وتی ئەو دەست ناخاتە نێو ناکۆکی نێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپی تایبەت بەم پرسە".

بارزانی وتی ئیدارەی ئۆباما دڵنیای کردوەتەوە سوپای کوردی کە بە پێشمەرگە ناسراوە چەکی پێویستیان بەدەست دەگات. بارزانی رەخنەی لە  حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەبەغدا گرت کە وەک پێویست هاوکاری سەربازی پێشمەرگەی نەکردوە، سەڕەڕای ئەوەی پێشمەرگە وەک هێزێکی گەورە و  سەرەکی  توانیویەتی لە چەند مانگی رابردودا بەر بە هێرشەکانی داعش بگرێت .

بارزانی لەڕێگەی وەرگێڕەوە بە کۆمەڵێ رۆژنامەنوسی راگەیاند: سەرەڕای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردودا بەغدا چەند جارێک بەڵێنی هاوکاری پێشمەرگەی دابو، بەڵام ''نە فیشەکێک نە پارچە چەکێک'' لەلایەن بەغداوە بە پێشمەرگە نەدراوە.

هەفتەی رابردو کۆمیتەی سێرڤس بۆ کاری سەربازی لە کۆنگرێس پشتیوانی سەرۆکی کرد بەرەزامەندی دەربڕین لەسەر (715) حەود سەدو پازدە ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری هێزەکانی عێراق لەشەڕی دژ بە هێزەکانی داعش، لەم بڕە پارەیە کۆنگرێس داوایکرد ٢٥% راستەوخۆ بدرێت بە هێزە کوردیەکان و سونەکان ئەوانەی لەشەڕی داعشدان. ئەم پێشنیارە لە لایەن ئۆباماو ئەو هێزە شیعیانەی لەنێوان ٢٠٠٣ - ٢٠١١ شەڕی هێزەکانی ئەمەریکایان دەکرد روبەڕوی رەخنەو ناڕەزایی بوەوە.

موقتەدا سەدر پیاوی ئاینی، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر  بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکای کرد لەکاتی ناردنی چەک بەشێوەی راستەوخۆ بۆ کوردو پێکهاتەی سونە. حکومەتی عێراقیش لای خۆیەوە دژی بڕیارەکە وەستاو پێیوایە دەبێتە زیاتر پارچەبونی عێراق لەناوچەکە، لەکاتێکدا عێراق لەهەوڵی لێکنزیکردنەوەی لایەنە جیاجیاکانی وڵاتە بە تایبەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش.

بارزانی وتی: "ئەگەر بە ویستی ئێمە بێت، دەمانەوێ راستەوخۆ هاوکاریەکانمان پێ بگات".

"بارزانی سوپاسی پەرلەمانتارانی کرد بۆ دەرکردنی ئەو پرۆژە یاسایە دەربارەی هاوکاری کوردان" "ئێمە لە هەڵوێستی خۆمان پاشگەزنابینەوەو جەخت لەسەر گەیشتنی چەک بۆ دەست پێشمەرگە دەکەین".

"ئیدارەی ئەمەریکا دڵنیای کردینەوە کە بە بایەخەوە دەڕواننە ئەم پرسە و پێشمەرگە چەکی پێویستی بەدەست دەگات".

چۆن باس لەم سەردانە بکرێت
بەر لەوەی خۆمان باسی ئەم سەردانە بکەین باشتروایە ئاگاداری خەڵکی غەیرە کورد بین و بزانین چۆن باسی دەکەن و تێی دەڕوانن.

لەمبارەوە وەک لەوتارێکی پێشودا ئاماژەم پێدا، رۆشنبیرانی کورد پێویستە بە بایەخەوە باس لەسەردانی ئەم شاندە بکەن بۆ ئەمەریکا، ئەگەر بچوکە هەوڵی گەورەکردنی بدەن، ئەگەر بێبەرە هەوڵی بەردارکردنی بدەن. زۆر بەوریاییشەوە ئاگاداری ئەو دەسەڵاتە سەرشێتە بن لەقسەکردن، لەوتاردان و لە گێڕانەوەی روداوەکان. فشار بخەنە سەریان بۆ باش گوێگرتن و تیگەیشتن لە :
(دەگێڕنەوە پیاوێک دو کوڕی دەبێت، کوڕە گەورەکەی نە خانوی هەبو، نە زەوی نە داهاتێکی ئەوتۆ، وەک کوڕە گەورەش بە مافی خۆی دەزانی ژن بێنێ و خێزان پێکەوە بنێ، زەماوەندی کرد و لە ماڵە باب دەرچوە دەرێ، ئیتر خۆی مشوری ژیان و گوزەرانی خۆی دەخوارد، یەک بو بە دو، دوش بو بە سێ ... هتد. وەک چۆن خانویەک لەسەر تەمەڵێکی فشۆڵ دروست بکرێت ئەم کوڕە خۆی نەگرتەوە و پشتی نەکرد. بە پێچەوانەی برا گەورەوە، کوڕی بچوک لەماڵ مایەوە تا پێداویستیەکانی تەواوی ژیانی دابینکرد و بە رەزامەندی باوک و دایکی ماڵی دروستکردو سەربەخۆ لەگەڵ خانمەکەی ژیانی نوێیان دەستپێکرد. پشتی کردو کەوتنە سەرپێی خۆیان و بون بە خاوەن دیوەخان).