Print WWW.SBEIY.COM
 یادێک لەنێوان چەپکێک گوڵدا
ئامانج هەرتەلی
18/05/2015
سەیرم لەو حکومەتە سوردەمێنێ کاتێک یادەکان دەکاتەوە، جیاوازی گەورە لەنێوانیاندا بەدیدەکرێت، لەکاتێکدا هەمویان تاکی کوردن، لەماوەی رابردو تەماشای یادی کیمیابارانی تەواوی کوردستانم لەیادکردنەوەیاندا کرد، دەبینی جیاوازی گەورە هەیە لەهەمو رویەکەوە، شەهیدبون و کیمیابارانکردنی تەواوی کوردستان هەموی لەبەرئەوەبوە کە کوردین و خاکی کوردستانەو بەکوردی قسەدەکەین، بۆیە بەبێ جیاوازی گەلی کورد قرکراوە. ئەمە لە هەڵەبجەبێت یان لەبالیسان و سێوسێنان و شێخوەسانان و بەریبادینانبێت و لەدۆڵی جافایەتیتبیت و لەسەر هەربستیکی کوردستان یان لەگوندی وەرێ سەر بەناحیەی بێتواتەبێت.

رژێمی فاشی بەعس جیاوازی نەکرد لەلەناو بردنی گەلی کورد ، بڵێ ئەمەو ئەو هەرچیەک بێت لەلای ئەو لەناوبردنی گەلی کورد بو. ئەمە لەهەرکوێیەک بوبێت، بەڵام ئەوەی کە جیاوازیدەکات لەنێوان شەهیداندا و خەڵکی کوردستان ئەوا کورد خۆیەتی، وەزیری شەهیدان و سەرۆکایەتی حکومەت و تەواوی دام دەزگای حکومەتی هەرێم، دەکرێت پێمان بڵێن جیاوازی لەنێوان شەهیدێک و سەدان شەهیدی تر چیە کە لەسەر قەزیەی نەتەوەو خاک شەهید دەبێ؟

لەبەرواری 16/5/1987 گوندی وەرێ سەر بە ناحیەی بێتواتە لە ئێوارەی دوارۆژی رەمەزان و رۆژی عارەفەدا، رژێمی روخاوی بەعس بەچەند تەیارەیەک کەوتە کیمیابارانکردنی گوندی وەرێ زیاتر لە 30 هاوڵاتی شەهید بون، لەکاتی یادکردنەوەی ئەم گوندەدا کە 28 ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێ، چەند بەرپرسێکی حیزبی و حکومی کەم، سەردانی مەزاری شەهیدانی ئەم گوندەیان کرد و بەچەند دەقیەکی کەم و دانانی چەند چەپکێک گوڵ کۆتای هات، لەکاتێکدا کە یادی کیمیابارانی شاری هەڵبجەی شەهید کرایەوە، تەواوی حکومەت و پەرلەمان خۆیکرد بەناویدا.

یان بۆ یادی تۆپبارانی شاری قەڵادزێ تەواوی بەرپرسانی هەرێم بەگواستنەوەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاو پەرلەمان تارانی بەغداو هەرێم لەم شاردا، خەریکی چالاکی ئەنجامدان بون، لەولاشەوە لەسەیدسادق بۆیادی شەهیدکردنی کۆمەڵێ هاوڵاتی هەمو حکومەت سەرقاڵ بو، بۆیادی ئەنفال لەتەواوی کوردستان هەمویان خەریکی یادەکەن تەواوی حکومەت دەوەستێ لەکارکردن.

بەڵام لەیادی کیمیابارانی گوندی وەرێی سەر بەناحیەی بێتواتە، لەماوەی 24 ساڵی  رابردو، حکومەتی هەرێم بەچەند دەقیقەیەک یادەکە دەکاتەوە، بەرێ دەکرێت، لەکاتێکدا پێدەچێ ئەم شەهیدانە کورد نەبن و لەسەر کوردبون کیمیاباران نەکرابن، کەچی بۆ قەتڵ و عامی ئەرمەنەکان و تەواوی گەلە جیاوازەکان هاوخەمی دەردەبڕن کەچی لەم یادە بێدەنگ هەرسێ سەرۆکایەتیەکە، ئەگەر پاروی چەوری تیادا بخورایە هەمویان ئامادە دەبون.

پێویستە حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، جوابی ئەم پرسیارە بدنەوە، جیاوازی شەهیدەکان لەچیدایە، لەرەنگدا یان لەجوانی و ناشیرینی یان لەسەر ئاستی نەتەوەیە، ئێمە لەسەرکوردبون کیمیاباران کراوین، نەوەک لەسەر جوانی و رەنگ و دەنگ، بۆیە جیاوازی کردن لەیادکردنەوە تاوانە، بۆیە پێویستە جیاوازی نەکرێت لەنێوان شەهید و ناوچە و شار و گوندا، ئەگەر خۆتان بەخاوەن دەزانن، خاوەنی هەموان وەک یەکبن، نەوەک خاوەنی شەهیدانێکی دیاریکراو.