Print WWW.SBEIY.COM
 بەکارهێنانی یاسا یان جێبەجێکردنی
فایەق سەرچناری
19/05/2015
دیارە یاسا ئەو رایەڵە گرنگ و بەهێزەیە کە وەك زنجیرێکی پتەو لەسەر ئاستی وڵاتدا لەسەرەوە بۆ خوارەوە و بەپێچەوانەوە، جگە لەتێکڕای دامودەزگاکان کۆی کۆمەڵگاش پێکەوە گرێ ئەداو لەسەر یەك رایەڵە بە یەکسانی و ئەبێتە کارەکتەرێکی بەهێز بۆ راگرتنی تەوازنی وڵات و بەخشینی هێز و توانای وەك یەکی تاکەکانی کۆمەڵگاو بەزیندویی راگرتنی و پێشکەوتنی. ئەگەر یاساکان بەئاراستەی جێبەبێکردن کاری تەواویان لەسەربکرێ ئەوا کۆمەڵگاش بەرەو بە زیندویی ترو گەشەسەندوتر ئەڕوات و هیچ هێزێك ناتوانێ کاریگەری خراپی لەسەر دروست بکات، چونکە ئەوکاتە هەر تاکێك راوبۆچونی ئازادانەی خۆی لا بۆ دروست ئەبێ و ئەتوانێ بڕیاری راستەوخۆ بدات لەچاککردن و باشترکردنی وڵاتدا.

ئەگەر ئاوڕێك لەوڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهان بدەینەوە تەنها جێبەجێکردنی یاساکانە کە گەیاندونی بەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆ و هەمیشەش لەبرەودان بۆ بەدەستهێنانی، ئەمە نمونەیەکی ئاشکراو رونە بۆ هەمو لایەکمان. بەڵام لە کۆمەڵگاکانی کە هەمیشە کێشەو سەرئێشەیان زۆرە بۆ هاوڵاتی و زۆرجاریش پێکدادان تیایاندا دروستئەبێ و لەکۆتاییشدا زۆر ئاستەنگ دێتەپێش بۆ چارەسەرکردنیان، ئەوکاتە هاوڵاتیە دەبێتە باجدەری روداوەکان و توشی ماڵوێرانی سەخت ئەبێ، لێرەدا دەرئەکەوێ لەم کۆمەڵگایانەدا یاسا لەباتی ئەوەی جێبەجێ بکرێت، بەکارئەبرێ کە ئەمەش وەکو نەخۆشیەکی کوشندە وایە کە مرۆڤێك لەسەریەوە ئەیگرێ و دواییش چارەسەری ئاسان نابێ.

بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە جاری واهەیە کەسێك تاوانبار ئەبێ بەکوشتن یان بریندارکردنی کەسێکی تر، دیارە بەجێبەجێکردنی یاسا پێویستە تاوانبار بگیرێ بۆ لیکۆڵینەوە تا ئەوکاتەی کە دەرئەکەوێ لە تاوان یان بێتاوانی لە ئازادکردن یان جێبەجێکردنی بڕیاری دادگایی بەسەریدا. بەڵام ئەگەر یاسا بەکاربهێنرێ لەم حاڵەتانەدا ئەوا پاساوی یاسایی ئەدۆزرێتەوە و شێوەی یەکەم ئەگۆڕدرێ بەئاراستەیەکی خراپ، کە بێتاوان راپێچی دادگا ئەکرێ و یاسایەکی وای بۆ بەکارئەهێنن کە تاوانباریش بکرێ لەهەمانکاتدا. یان یاسا جێبەجێ بکرێت لەئاست تاوانی بچوك و بەکار بهێنرێت بۆ تاوانی گەورە، ئەمانە هەموی کارەساتن.

ئەگەر هەریەکێ لەم کارەساتانە لەیاسادا روبدات، لێرەوە هەیبەتی تاك ئەشکێ و توشی حاڵەتی خراپی دەرونی ئەکات، نەك هەر مرۆڤێکی ئازادو ئاسایی نابێ، بەڵکو توانای بەشداری بڕیاردانیشی کەم ئەبێتەوە لە ئاست بەرەوپێشبردن و چاککردنی کۆمەڵگادا. ئەگەر هەر بڕیارێکیش لای ئەم کەسانەوە بدرێ ئەوا لەسەر بنەمای رق و قینی دەرونی ئەدرێ و هەمیشە کار لەسەر ئەوە ئەکات، ئەوکات هێواش هێواش رقی کۆمەڵگا تەشەنە ئەکات و پایەکانی خۆی دائەکوتێ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی رق و تۆڵە ئەستێن. ئیتر دوای هەمو ئەم کاریگەریانە ناتوانین کۆمەڵگایەکی تەندروست پێكبهێنین و دایمەزرێنین.

بۆیە بەکارهێنانی یاسا کاریگەری زۆر خراپ لەسەر کۆی کۆمەڵگا دائەنێ و لەهەمانکاتیشدا دیکتاتۆری، زۆر بەئاسانی نیشانەکانی دەرئەکەون و رێگەش لەگەشەکردن و پێشەوەچون ئەگیرێ. لێرەوە زۆر پێویستە هەوڵی جێبەجیکردنی یاسا بدەین نەك بەکارهێنانی و ئەو یاسایانەش کە ئەمڕۆ بەهەوڵ و ماندوبونی پەرلەمانتاران لەپەرلەمانەوە دەرئەچن، زۆر پێویستە هەمو لایەك بێجیاوازی و بەتایبەتیش ئەوانەی لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتون هەوڵی بەرقەرارکردن و جێبەجیکردنیان بدرێ و کاریان لەسەر بکرێ و پابەندبن پێیانەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی ئازادو دیموکراسیەکی راستەقینە بچەسپێ لە هەرێمی کوردستاندا و تاکی ئازاد و سەربەخۆ و بڕیاردەر بنیات بنرێ بۆ دواڕۆژو هەمومان بڕیاردەربین لەبەرەو پێشبردنی کۆمەڵگاکەماندا.