|
ئەو مامەڵەیە چیە کە بە چەكى بانكەوە دەکرێت .. هەندێک بەرپرس تێوەگلاون |
19/05/2015 16:25:47 |
(سبەی):
بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكانی هەرێم رایدەگەیەنێت کە؛ بازرگانیكردن بە چەكی بانكییەوە دەكرێت و دەڵێت:"ئەوەى نائاساییە هەندێک لەو چەکانە دەکرێتە پارەى کاش و لەو پرسەشدا چەند كەسێك لە بەڕێوەبەری بانكەكان تێوەگلاون".
ئەمڕۆ سێشەممە، هاوار شێخ رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكانی هەرێم، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، كڕین و فرۆشتنی چەكی بانك بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردوە و لە بازاڕەكانی كوردستاندا چەك بە كەمتر لە (35%)ی نرخی خۆی فرۆشراوەتەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات کە فرۆشتنی چەكى بانک و كڕینی ئاساییە، ئەوەی نائاسایی و نایاساییە ئەوەیە، ژمارەیەك لەو كەسانەی چەكەكانیان كڕیوەتەوە لە رێگای پەیوەندی كەسی و حیزبی و رێگای نایاساییەوە چەكەكانیان لە بانكەكان بۆ كراوە بە كاش.
وتیشى:"لەم دۆسیەیەدا چەند بەڕێوەبەرێكی بانكەكان و ستافی بانكەكان تێوەگلاون، لە ئێستاشدا، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت".
هاوار شێخ رەئوف، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەمەودوا رێگا نادەن بە هیچ شێوەیەك چەك بكرێت بەكاش، ئەگەر بڕیاربێت ئەو چەكانە بكرێن بەكاش، ئەوا بۆ خاوەنی یەكەمی چەكەكانی دەكەن. |
|
|