Print WWW.SBEIY.COM
 سەفین دزەیى: كار بۆئەوە دەکەین ئەمساڵ بەرهەمهێنانى نەوت بگەیەنیە یەک ملیۆن بەرمیل
18/05/2015 17:38:34
(سبەی):
سەفین دزەیی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێم لایەنگری پابەند بونە بە رێكەوتنی لەگەڵ بەغدا و بۆئەوەش لە مانگى نیساندا تەواوى پابەندى خۆى جێبەجێکردوە و دەشڵێت:"تا كۆتایی ساڵ رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتى هەرێم لە یەك ملیۆن بەرمیل نزیك دەبێتەوە".
ئەمڕۆ دوشەممە، سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕى میدیاى گۆڕان) ئەوەى دوپاتکردەوە کە حكومەتی هەرێم لایەنگری چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە و پشتگیری لە پابەندبون بە رێکكەوتنامەكە دەكات.
وتیشی :"لە مانگی نیسانى رابردودا حكومەتی هەرێم (100%) پابەندی رێكەوتنامەی نێوان هەرێم و بەغدا بوە، ئەویش دوای بەرزكردنەوەی رێژەی هەناردەكردنی نەوت بۆ زیاتر لە (600) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆ ئەم رێژەیەش بەشە پارەی هەرێم لە بەغدا چوار ملیار دۆلارە، بەڵام كەمتر لە (یەك) ملیار و (500) هەزاری ناردوە".
دزەیى ئاماژە بەوەشدەکات کە بەرزكردنەوەی رێژەی بەهەمهێنانی نەوت پەیوەستە بە توانای كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان و نرخى نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، بەڵام ئەوە دەخاتەڕو کە چاوەڕوان دەكرێت بەپێى ئەو میکانیزمانەى گیراونەتە بەر ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم تاكۆتایی ساڵی (2015) رێژەی بۆ نزیكەى (یەك) ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزببێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ساڵى رابردو لەم کاتەدا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم (100) هەزار بەرمیل نەوت بو لە رۆژێكدا، بەڵام ئەو رێژەیە بەردەوام لە بەرزبونەوەدابوە بەشێوەیەک مانگى رابردو گەیشتە زياتر لە (600) هەزار بەرمیل.