| 
                         | 
                     
                    
                        
                             چۆن یاسا سەروەر دەبێت! مهلا فهرمان  | 
                     
                    
                        | 
                            26/01/2015 | 
                     
                    
                        
                             
لە ٢٣ ساڵی حوکمڕانی کوردستاندا باس لە سەروەری یاسا و دەسەڵاتی دادوەری دەکرێت، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا سەرەڕای ئەوەی ئەم دەسەڵاتە سەربەخۆ نەبوە بەڵکە هاوشێوەی دەسەڵاتەکانی تر کرا بە دو بەشەوە، لە هەر بەشە بە جۆرێک باس لە داڕشتنی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری دەکرا. تاکە خاڵی هاوبەش لە هەردو بەشەکەدا زاڵبونی دەسەڵات و هەیمەنەی حیزبی بو، لە هەردو لا ئەوە حیزب و سەرکردەکانی بو بڕیاری بێتاوانی و تاوانباری دەردەکرد، ئەوە حیزب بو جێی دواکاری گشتی گرتبوەوە، ئەو سەرکردەکانی حیزب بو لە جیاتی دەزگای نەزاهە و هەمو دامەزراوەکانی تر قسەیان دەکرد. 
 
لە ١٩٩٢ تا ئەم چرکە ساتە دەسەڵاتی قەزائی نەیتوانیوە هیچ جۆرە کەیسێک بجوڵێنێت و دەرئەنجامی بەرچاوی بوبێت، جگەلەوەی چوارچێوەی قسەکردنی تێنەپەڕاندوە، بەڵکە زۆرجار ئەم دەزگایانە بونەتە ئامرازێک بۆ روسپێکردنەوەی دەسەڵات، بۆیە لە سەردەمێکدا دەگوترا "ئەم دامەزراوانە نەبونیان زۆر باشترە". 
 
تائێستا ٢٠١٥، ئەم باسە بەردەوامە و ئەوەی لە واقیعدا نابیندرێت سەروەری یاسا و بێدەسەڵاتی یاسا و یاسا ناسان و دادوەرەکانە. وەزارەتی دادیش وەک هەر وەزارەتیکی تر نەیتوانیوە رۆڵی دادپەروەرانەی خۆی ببینێت، ناشتوانی بیبینێ تا ئەو رۆژەی بەشێک بێت لە دەسەڵاتی جێبەجێکرن و لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەشدار بێت. گەر بمانەوێ یاسا بە کردەوە سەروەر بێت لە سایەی حوکمڕانی ئەمڕۆی کوردستان، بە رای من یەکێ لەو رێگایانە، پێویستە: 
 
سەرۆکایەتی دادوەری 
دەسەڵاتی دادوەری هاوشێوەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم: سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت و پەرلەمان، خاوەن کەسایەتی و دەسەڵاتی خۆی بێت، واتە سەرۆکایەتی دادوەری وەک چوارەم دامەزاروە دابمەزرێت و هەمو دامەزراوە یاسایی و دادوەریەکان لە خۆبگرێت و بە تەواوی لە دەسەڵاتی جێبەجێکار (حکومەت) جیابکرێتەوە. 
 
ئەنجومەنی باڵای نیشتمانی 
هەنگاوی دواتر دەتواندرێت لەم چوار دەسەڵاتە و کەسانی پسپۆڕ و سەرکردە ئەنجومەنێکی باڵای نیشتمانی بۆ بڕیاردان و جوڵاندنی تەواوی پرسە نیشتیمانی و نەتەوییەکان دابمەزرێندرێت.  
ئەم دو هەنگاوە دەرکەوتەی گرنگی دەبێت، لە وانە: 
١- بونی مەرجەعی باڵای بڕیاردانی بە کۆمەڵ لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان. لە رێگەی ئەم مەرجەعەوە دەتوانرێت کۆتایی بە دەسەڵاتی تاکڕەویی و بنەماڵەیی و حیزبی بهێندرێت. 
٢- چالاککردنی دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی لە کارکردن و بڕیاردان. 
٣- جیاکردنەوەی تەواوی دەسەڵاتەکان لە یەکتر و رێکخستنی هەماهەنگی دروست لە نێوانیان. 
٤- جوانکردنی روخسار و بەسەردەمیکردنی ناوەڕۆکی دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان.  
٥- بونی ئەو مەرجەعە گرێکوێرەی چەند ساڵەی بەردەم دانانی دەستوری هەرێم " سیستەمی حوکمڕانی لە نێوان سەرۆکایەتی یان پەرلەمانی، یان تیکەڵ ، چەند ساڵ ، کێ بێت... تاد"، و دەیان پرسی تر دەکاتەوە. 
  | 
                     
                    
                        | 
                         | 
                     
                 
             |